زووم:
پێشبینیدەکرێت “عەبدولفەتاح سیسی” بۆ خولێکی دیکەی ببێتەوە بەسەرۆکی میسر، هەرچەندە بە “کودەتاچی و لەباربەری دیموکراسییەت و سەرکوتکردنی دەنگی ئازادیی ناودەبرێت”.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی میسر، رۆژى 10ی ئەم مانگە ئەنجامدرا، هەموو پێشبینییەکان بۆ ئەوەیە، عەبدولفەتاح سیسی بۆ ئەم خولەش هەڵبژێرێتەوە.
سیسى دوای ئەوەی ساڵی 2013 ، کودەتای بەسەر (محەمەد مورسی) سەرۆکی هەڵبژێردراوی وڵاتەکەیدا ئەنجامدا، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 دا، 96%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، ساڵی 2019 دەستکاری دەستووری وڵاتەکەی کرد و ماوەی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی لە 4 ساڵەوە کرد بە 6 ساڵ، لەگەڵ ئەوانەشدا بەپێی پێشبینی یارو نەیارەکانی، ئەمجارەش لەسەر کورسی سەرۆکایەتی دادەنیشێتەوە.
سەرکوتکردنی نەیارەکان و داخستنی رۆژنامەو میدیاکان، دژایەتی ڕێکخراوە مەدەنی و ئیسلامییەکان، یەکێک بووە لەو بابەتانەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام لە دژی عەبدولفەتاح سیسی وروژاندوویانە، لەگەڵ ئەوەشدا پەرەدان بە شوێنەواری فیرعەونەکان و راکێشانی سەرنجی گەشتیاران بۆ وڵاتەکە، دروستکردنی ژێرخانی ئابووری، چاکسازی لە بواری کارەبا و رێگەوبان، بە تایبەتمەندییەکانی عەبدولفەتاح سیسی هاتوونەتە ئەژمار و لەم رێگەیەوە سەرنجی خەڵکى قاهیرەی پایتەختی بۆخۆی راکێشاوە .
سیسی لە 2015ـەوە، پرۆژەی فراوانکردن و نۆژەنکردنەوەی نۆکەندی سوێسی خستووەتە بەرنامەی کارەکانی، بڕی حەوت ملیۆن و 300 هەزار دۆلاری لە بودجەی وڵاتەکەی بۆ تەرخانکردووە، بەو پێیەی 12%ی هەموو بازرگانی جیهان لەو نۆکەندەوە تێدەپەڕێت و سەرچاوەیەکی بەهێزی ئابوورییە و ناوی لێناوە – میسری نوێ- تەنها لە ساڵی 2022 تا پێش هەڵبژاردنەکان هەشت ملیۆن و 600 هەزار دۆلار داهاتی هەبووە، ئەمەش جێگەی بایەخ و سەرنجی خەڵکى میسر بووە، ئەوە لە کاتێکدا ئیسرائیل لە بیری ئەوەدایە ئەو رێڕەوە بازرگانییە لە میسر وەربگرێتەوەو لەڕێگەی نۆکەندی عەقەبەوە نۆکەندێکی دەستکرد لێبدات و ئەو سەرچاوە گرنگەیان لەژێردەست دەربهێنێت.
بەگوێرەى ئامارەکان، 35-40%ی گەشتیارانی میسر لە خەڵکى (ئاسیایی – بەتایبەتی روسی و ئۆکرانی- پێکدێن) بەهۆی بەرپابوونی جەنگی (روسیا و ئۆکراین) زیانی گەوەرەی بەرکەوتووە، کێشەی دابینکردنی گەنمی ئۆکراینیشی بۆ دروست بوو، بەڵام سیسی توانیویەتی لەڕێگەی پرۆژەکانی ترەوە قەرەبوویان بکاتەوە و کاریگەرییەکانی ئەو جەنگە لەسەر وڵاتەکەی کەمبکاتەوە.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، سیسی بەسەرەکیترین هاوپەیمانی رۆژئاواییەکان ناسراوە، ئاسایشی ناوچەکەی پاراستووە، لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتینیش پەیوەندی بەهێزی هەبووە، هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی گوێ لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لەمیسر نەگیرێت، توانیویەتی سەروەریی وڵاتەکەی بپارێزێت و سنوورەکانی لەگەڵ سودان، فەلەستین و ئیسرائیل دا بە خاوێنی بهێڵێتەوە.
ئەوە لە کاتێکدا بیابانی سینا بە شوێنی چالاکی و خۆحەشاردانی گروپە توندڕەوەکانی داعش و ئەلقاعیدە دادەنرێت، لەم بوارەشدا توانیویەتی لە ساڵی 2018 دا هێرشیان بکاتە سەر و تاڕادەیەکی زۆر کۆنترۆڵی جموجوڵەکانیان بکات.
لەنێوان 2010 تا 2019 بە بەهای 7.7 ملیار یۆرۆ چەک و تەقەمەنی لە فەرەنسا کڕیوە، بووەتە یەکەم وڵات، کە فرۆکەی جەنگی لە جۆری “رافاڵ”ی لێبکڕێت، هەرچەندە باراک ئۆباما نیگەرانی هەبووە بەرامبەری لە بواری پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤدا، بەڵام ترامپ لە کۆشکی سپی بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لێکردووە.
عەبدولفەتاح سەعید حوسێن سیسی، لە 19/11/1954 لە بنەماڵەیەکی بازرگانی قاهیرە لەدایکبووە، هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە بواری سەرکردایەتیکردن، چەندین پۆستی سەربازیی و ئەمنی بەڕێوەبردووە، تا ساڵی 2012 ناوێکی دیاری نێو کایەی سیاسی و سەربازیی ناوچەکەو تەنانەت میسریش نەبووە، لەسەردەمی موحەمەد مورسیدا کرایە سوپاسالار و پاشان وەزیری بەرگری، ئیدی ناوی چووە نێو کەسایەتییە دیارەکانی میسر، هەرچەندە رۆژنامەکانی ئەو سەردەمە سیسییان بە ئەندامێکی دیاری ئیخوان موسلمین و حیزبەکەی مورسی ناوهێناوە، بەڵام دواتر دەرکەوتووە بەپێچەوانەوە، یەکێکە لە نەیارو سەرسەختەکانی ئەو حیزبە.
سیسی راهێنانی سەربازیی و هەواڵگریی لە بەریتانیا و ئەمەریکا ئەنجامداوە، ماوەیەکی زۆر لە بواری هەواڵگریی سەربازیدا کاری کردووە، دوای یەک رۆژ لە خۆپیشاندانە ملیۆنییەکەی 2013، سیسی وەک وەزیری بەرگری هۆشداری داوەتە محەمەد مورسی، دوای چەند رۆژێک کودەتای بەسەردا کرد و دەستگیری کرد، دوای خستنەپاڵی چەند تاوانێک، دادگایی کرد و دواتر ساڵی 2019 لە نێو یەکێک لە زیندانەکانی میسردا گیانی سپارد.
سیسی دژ بەچالاکییەکانی ئیخوان موسلمین بووە، هەزاران ئەندامی ئەو حیزبەی دەستگیرکردووە، مۆڵەتی کارکردنی لێوەرگرتوونەتەوە و وەک شارەزایان دەڵێن: میسری لەژێر دەستی ئیخوانەکان دەرهێنا.