زووم:
ساڵح نیکبەخت پارێزەری دیاری رۆژهەڵاتی کوردستان پاشئەوەی لەجیاتی بنەماڵەی ژینا ئەمینی خەڵاتی ساخاڕۆڤی وەرگرت، لەلایەن دادگای تارانەوە بە ساڵێک زیندانی سزادرا.
پارێزەری ساڵح نیکبەخت بە “رۆژنامەی شەرق”ـی ئێرانی راگەیاندووە، ناوبراو بە تۆمەتی “قسەکردن دژ بە حکومەت” ئەو سزایەی بەسەردا سەپێنراوە.
ئەو راشیگەیاند، دۆسییەکە کۆنە، بەڵام ئەمڕۆ دادگا بڕیاری کۆتایی لەبارەوەداوە.
سێشەممەی رابردوو ساڵح نیکبەخت بەنوێنەرایەتی بنەماڵەی ژینا ئەمینی لە پەرلەمانی ئەوروپا خەڵاتی مافی مرۆڤی ساخارۆڤی وەرگرت، لەکاتێکدا بنەماڵەی ژینا رێگریان لێ کرابوو بچنە دەرەوەی وڵات بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە.
ئەو پارێزەرە کوردە دانیشتووی ناوخۆی ئێرانە، بەڵام لە بەرامبەر رۆیشتنی بۆ دەرەوەی وڵات بارمتەی پارەی دانابوو، ئەگەر نەگەڕێتەوە ئێران دەستبەسەر پارەکەیدا دەگیرێت.