زووم:
دەمێکە زانایانی گەردوونزانی بەدوای هەسارەیەکدا دەگەڕێن، هاوشێوەی زەوی بۆ ژیانکردن گونجاوبێت، باشترین هەسارەش بۆ ئەو مەبەستە، کە چەندین ساڵە لێکۆڵینەوەی لەسەر دکرێت مانگی ئێنسێلێدەسە، کە ئەو مانگە دەکەوێتە خولگەی دەوری هەسارەی زوحەلەوە.
بەگوێرەی تازەترین لێکۆڵینەوەی ناسا، کە لەڕێگەی کۆکردنەوەی چەندین داتاوە لەنێوان ساڵانی 2004 بۆ 2017 لەسەر هەساری زوحەل و مانگەکانی دەوری ئەنجامیداوە، دەرکەوتووە مانگی ئێنسێلێدەس، بە چینێکی ئەستووری بەستەڵەک دەورە دراوە و لە ژێریشیدا زەریا هەیە، کە ئەوەش ناوەندێکی لەبارە بۆ ژیانکردن.
مانگی ئێنسێلێدەس، بە چینێکی ئەستووری بەستەڵەک دەورە دراوە و لە ژێریشیدا زەریا هەیە
بیرۆکەی لێکۆڵینەوە لەو هەسارەیە لەدوای ساڵی 2005ەوە سەریهەڵداوە، دوای ئەوەی زانایان پەڵە هەور، وردیلەی سەهۆڵ و هەڵمی ئاویان بینیوەو لە درزی بەستەڵەکی هەسارەکەوە دەرچوون و کەوتوونەتە ناو بۆشایی گەردوونەوە، دواتر زاناکان نزیکی ئەم پارچانە بوونەتەوە و نموونەیان لێوەرگرتوون، کە بەگوێرەی داتاکان، ئەو پەڵە هەورانە مادەی ئەندامییان تێدابووە، ئەوانەش هەمووى هۆکاری گرنگن بۆ ژیان.
بەشێکی دیکەی شیکارییەکانی ناسا ئەوەی ئاشکراکردووە، لەپێکهاتەی ئەو هەورانەدا گەردیلەیەک هەیە پێیدەڵێت سیانیدی هایدرۆجین، کە ماددەیەکی ژەهراوییە بۆ مرۆڤ، بەڵام پێداویستییەکی گرنگە بۆ پرۆسەکانی سەرەتای دەسپێکردنی ژیان، لێکۆڵینەوەکان ئاماژەیان بە بوونی پێکهاتەیەکی دیکەی کیمیایی کردووە لە ئاوی ئەو زەریایەدا، کە دەتوانرێت وەک وزە سودی لێببینرێت و وزەش بۆ هەموو جۆرە ژیانێک دابینبکات.
لێکۆڵینەوەکان ئاماژەیان بە بوونی پێکهاتەیەکی دیکەی کیمیایی کردووە لە ئاوی ئەو زەریایەدا، کە دەتوانرێت وەک وزە سودی لێببینرێت
وردەکارییەکانی ئەم لێکۆڵینەوانە هەفتەی رابردوو لە توێژینەیەکدا لە گۆڤاری Nature Astronomy دا بڵاوکرانەوە، کە جۆنا پیتەر، خوێندکاری دکتۆرا لەبواری فیزیای ژیانی لە زانکۆی هارڤارد، لەبارەی توێژینەوەکەوە دەڵێت: “کارەکەمان بەڵگەی زیاتر لەبارەی ئەوەی مانگی ئێنسێلێدەس ناوەندی گرنگترین گەردیلەیە بۆ دروستکردن و بنیادنانی ژیان و مانەوە لەسەری لەڕێگەی کاردانەوە مێتابۆڵیزمییەکانەوە دەخاتەڕوو”,
ئەوەی، کە بۆ ژیان پێویست بێت لە سەر زەوی بریتین لە ئاو، وزە و پێکهاتەی کیمیایی، بە گوتەى پیتەر، سەرجەم ئەو پێداویستییانە لەسەر ئەو هەسارەیەدا بەدیکراون، کە لە ئێستادا زانایان خەریکی لێکۆڵینەوەی زیاترن لەو ئەنجامانەی بەدەستیانهێناوە، بۆ ئەم مەبەستەش دەیانەوێت سەرەتا بزانن تا چەند ئەو پێکهاتانە لەسەر رووی زریاکانی ئەو هەسارەیەدا چڕیان کەمبووەتەوە، چونکە ئەوە بڕیار دەدات ژیان لەسەر ئەو هەیارەدا هەیە، یان نا.