زووم، ئاژانسەکان
ئەمساڵ بازاڕی جگەرەی ئەلیکترۆنی (ڤەیپ) لە بەریتانیادا لە هەموو کەلوپەلێکی دیکە زیاتر گەشەی کردووە، ئەمەش دەبێتە دووەم ساڵی یەک لەداوای یەک بازاڕی ئەو جۆرە جگەرەیە بەشێوەیەکی خێرا رووی لە زیادبوونە.
بەگوێرەی داتاکانی ئەو پیشەسازییە لەو وڵاتەدا، بەرهەمەکانی دیکەی جگەرەی ئاسایی و توتنی فەل بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیووە.
حکومەتی بەریتانیا لەژێر دەسەڵاتی ریشی سوناک، لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا کڕینی جگەرەی ئاسایی لە کەسانی 14 ساڵیی و بچوکتری بۆ هەمیشەیی قەدەغەکرد.
پلانەکە بەمشێوەیەیە؛ کەسێک کە ئەمساڵ 14 ساڵە، هەرگیز لە ژیانیدا ناتوانێت جگەرە بکڕێت، چونکە بەگوێرەى یاساکە، ساڵ دوای ساڵ تەمەنی بەکارهێنانی جگەرە ساڵێکی بۆ زیاد دەبێت، تا وای لێدێت لە چەند دەیەی داهاتوودا جگەرەکێشان بەتەواوی لەو وڵاتەدا قەدەغە دەکرێت. لەگەڵ راگەیاندنی ئەو پلانەدا سوناک راشیگەیاند، حکومەت هەنگاودەنێت بۆ کارکردن لەسەر ئەو مێرمنداڵانەی ڤەیپ دەکێشن.
هەفتەی رابردوو رێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO داوای لە وڵاتانی جیهان کرد بەهەمان شێوەی جگەرەی ئاسایی مامەڵە لەگەڵ ڤەیپدا بکرێت و هەنگاو بۆ قەدەغەکردنی سەرجەم تامەکانی بکرێت، ئەمەش مەترسییەکی جدییە لەسەر ئەو کۆمپانیایانەی ڤەیپیان وەک بەدیلێک بۆ جگەرەکێشان وێنا دەکرد.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی ئەمڕۆ شەممە ناوەندی توێژینەوەی NIQ و The Grocerبڵاویان کردووەتەوە، لە ساڵی 2023دا فرۆشی ڤەیپ لە بەریتانیا بۆ زیاتر لە 1.15 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە و پشکی شێریش بەر براندی لۆست مێری کەوتووە، کە لەلایەن کۆمپانیایەکی چینییەوە بەرهەمدەهێنرێت. ئەو کۆمپانیایە بە بەهای 310 ملیۆن پاوەن زیاتر لە ساڵی رابردوو ڤەیپی فرۆشتووە.
داتاکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، لەگەڵ زیادبوونی فرۆشی ڤەیپدا، ژمارەی ئەو کەسانەی روویان لە کڕینی کردووە بەرزبووەتەوە.
زیادبوونی رێژەی بەکارهێنانی ڤەیپ لە بەریتانیا دوای ئەو هەوڵەی حکومەتی وڵاتەکە دێت کە لە نیسانی ئەمساڵدا بۆ کەمکردنەوەی جگەرەکێشان لە وڵاتەکەدا گرتیەبەر و بڕیاریدا خۆی ڤەیپ بۆ ئەو کەسانە دابینبکات کە جگەرە دەكێشن و لەگەڵ ئەوەشدا هاوکاریی دارایی ئەو ژنە دوو گیانانە بکات کە جگەرە دەکێشن.
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی بەریتانیا، لە ساڵی 2021دا 9% منداڵانی 11 بۆ 15 ساڵی بەریتانیا ڤەیپیان بەکارهێناوە کە لە ساڵی 2018دا ئەو رێژەیە تەنها %6 بووە.