ئەمڕۆ تەرمی 10 کۆچبەرى رۆژئاڤاى کوردستان و سوریا، کە لە ئاوەکانی جەزائیردا گیانیان لەدەستدابوو رادەستی خانەوادەکانیان دەکرێنەوە.
د. محەمەد عارف عەلی ئەندامی کۆمیتەی گەڕاندنەوەی تەرمی پەنابەران لە جەزائیرەوە، کە سەر بە خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژئاوای سوریایە بە زوومى رایگەیاند، دوای هەوڵی خۆبەڕێوەبەری، تەرمی ئەو پەنابەرانەی کە لە ئاوەکانی جەزائیردا خنکابوون، گەیەندراونەتە شاری حەلەبی سوریا و دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ رادەستی خانەوادەکانیان دەکەنەوە.
گوتیشی، ” تەرمی 10 کەس لەئێستادا لە شاری حەلەبە، کە هەشت کەسیان خەڵکی کۆبانێ، کەسێک خەڵکی منبج و کەسێکیش خەڵکی شاری لازقیەی سوریایە، کە حکومەتی سوریاش لە گەڕاندنەوەی تەرمەکاندا هاوکار بووە”.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی گەڕاندنەوەی تەرمی پەنابەران باسی لە کێشەکانی بەردەم پرۆسەی گەڕاندنەوەی تەرمەکان کرد و ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی ئەوەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە جەزائیر نوێنەرایەتی نییە، تەرمەکانیان بە زەحمەت هێناوەتەوە. کێشەیەکی گەورەش ئەوە بووە، کە ئەو کەسانە بەشێوەیەکی نایاسایی چوو بوونە نێو خاکی جەزائیر و بۆیە رێکارەکانی گەڕاندنەوەی تەرمەکان، زۆری خایاندووە.
هەروەها باڵیۆزخانەی سوریا لە لوبنان و باڵیۆزخانەی لوبنان لە سوریاش لە گەڕاندنەوەی تەرمەکاندا هاوکاریان کردووە.
د. محەمەد عارف عەلی دەشڵێت، تەرمەکان ئێستا لەژێر چاودێری مانگی سوری سوریادان و دوای ئەنجامدانی هەندێک رێکاری یاسایی هەشت تەرم بۆ شاری کۆبانێ، تەرمێک بۆ منبج و تەرمێک بۆ لازقیە رەوانە دەکرێنەوە.
باسی ئەوەشی کرد، تەرمی دوو کۆچبەر هەفتەیەک دوای 10 تەرمەکە دۆزراونەتەوە و بۆیە نەیانتوانیوە تەرمی دوو کەسەکەی دیکە تاوەکو ئێستا بگەڕێننەوە و گوتی، خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژئاوای سوریا ئەرکی تێچووی گەڕاندنەوەی تەرمەکانی لە ئەستۆ گرتووە و هەوڵدەدات تەرمی دوو کەسەکەی دیکەش بگەڕێنێتەوە.
ئامادەیی دربڕیوە، کە هەر کۆچبەرێک، کە لە جەزائیر بەشیوەیەکی نایاسایی گیری خواردووە و دەیەوێت بگەڕێتەوە، ئەوان ئامادەن لە روویی مادی و یاسایی هاوکاریان بکەن.
رۆژانی 3 و 4ی تشرینی یەکەم، لە نزیک جەزائیر، دوو بەلەمی کۆچبەران کە دەیانویست بچن بۆ ئیسپانیا، ژێرئاو کەوتن، لە ئەنجامدا 13 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا. زۆرینەیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و بەدیاریکراوی خەڵکی کۆبانێ بوون.