زووم:
ئاماری ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی تورکیا جێدەھێڵن، لە دوو ساڵی رابردوودا بەرزبووەتەوە و بە گوێرەی ئامارێکی فەرمی حکومەتی تورکیاش، تەنیا لە ساڵی رابردوودا 46 هەزار هاووڵاتی عێراق، خاکی تورکیایان جێهێشتووە.
رۆژنامەی ناشیۆناڵ بڵاویکردەوە، بەشێکی ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی تورکیایان جێهێشتووە، هۆکارەکەی بۆ گرانبوونی بژێوی و نائارامی ئابووری تورکیا لەلایەک و رێوشوێنە توندەکانی حکومەتی ئەو وڵاتەیە بۆ پێدانی مافی مانەوە بەعێراقییەکان لەلایەکی دیکەوە دەگێڕنەوە.
رۆژنامەکە بڵاویشیکردەوە، بەشێک لەو هاووڵاتییە عێراقییانە، هۆکارێکى دیکەى جێهێشتنی تورکیا بۆ رەگەزپەرستی هاووڵاتیانی تورکیا دەگێڕنەوە، بەشێکی دیکەشیان سەقامگیربوونی ئاسایش و بوژانەوەی ئابووری عێراق بە هۆکاری گەڕانەوەکە دەزانن.
هەر بە گوێرەی ئامارەکە، کە رۆژنامەکە ئاماژەی پێکردووە، تورکمانەکانی پارێزگاکانی باکووری عێراق و هەرێمی کوردستان، بەشێکی دیکە لەو هاووڵاتییانە پیکدێنن، کە تورکیا جێدەهێڵن و دەگەڕێنەوە.
رۆژنامەکە لەبارەی ژمارەی ئەو عێراقییانەی تائێستا لە تورکیادا ماونەتەوە ئاشکرایکردووە، ژمارەی ئەو کەسانە 275 هەزار کەسن.