زووم:
تورکیا قۆناغی یەکەمی درووستکردنی دیوارێک لەسەر سنوورى لەگەڵ راگەیاند، کە درێژێییەکەى 170 کیلۆمەترەو ئامانجى سەرەکیش لە دروستکردنەکەى بۆ رێگرییە لە کۆچبەران.
بە گوێرەی راگەیەنراوی حکومەتی تورکیا ئامانج لە دروستکردنی ئەو بەربەستە بە پلەی یەک بۆ رێگرییکردنە لە هاتنی کۆچبەری نائاسایی لە خاکی ئێرانەوە بۆ ناو خاکی تورکیا، هەروەها رێگرتن لە هاتوچۆی “تیرۆریستان”.
قۆناغى یەکەمى دروستکردنى دیوارەکە، لە سنوورى پارێزگای وانى تورکیایە لەگەڵ ئێران، کە ناوچەیەکی شاخاوییەو بە خاڵی سنووری هاوبەش لەنێوان ئێران، تورکیا و عێراقیش دادەنرێت، کە ساڵانە هەزاران کۆچبەر لە وڵاتانی دەوروبەری تورکیاوە لە خاکی ئێرانەوە لە ناوچە شاخاوییەکانی وانەوە دەچنە ئەو وڵاتە.
هاوکات ئاژانسی ئەنادۆڵوى تورکى بڵاویکردەوە، دیوارەکە بەمەبەستی دروستکردنی پشتێنەى ئەمنییە لەسەر سنوور، کە درێژییەکەى 170 کیلۆمەترەو بەدەر لە دروستکردنی دیوارەکە، بەدرێژایی 346 کیلۆمەتر خەندەق لەسەر سنوور لێدراوە.
ئاژانسەکە بڵاویشیکردەوە، لە دیوارەکەوە بە درێژایی سنوور لە 210 خاڵی چاودێرییەوە کۆنتڕۆڵی سنوورى تورکیا و ئێران دەکرێت و سیستەمی رادار و کامێرای چاودێری و درۆنی چاودێرییش بۆ هەمان مەبەست تەرخانکراوە.