نرخی پیاز لە میسر بە شێوەیەکی بێپێشینە بەرزبووەتەوە، نرخی یەک کیلۆ گەیشتووەتە 40 جونەی کە دەکاتە یەک دۆلاری ئەمریکی، لەکاتێکدا لە سەرەتای وەرزی چنینەوەی لە مانگی ئازاردا تەنها 10 جونەی بوو.
سەرەتای قەیرانە لە کۆتایی مانگی ئەیلول دەستیپێکرد کاتێک نرخەکەی بۆ یەکەمجار لە مێژووی میسردا گەیشتە 25 جونەی، ئەوەش حکومەتی ناچارکرد هەناردەکردنی پیازی بۆ دەرەوە بۆ ماوەی سێ مانگ قەدەغەکرد، چونکە پیاز یەکێکە لە خواردنە سەرەکییەکانی وڵاتی نیل.
بەگوێرەى ڕاپۆرتێکى سایتى سکاى نیوزى عەرەبى، قۆرغکارى و گۆڕانى کەشوهەوا دوو هۆکاری سەرەکی گرانبوونی نرخی پیازن لە میسر.
راپۆرتەکە ئاشکراشیکردووە خەڵکی میسر بەدوای جێگرەوەکانی پیازدا دەگەڕێن، بۆ نمونە بەکارهێنانی پیازى سەوز بۆ چێشتلێنان.
عەبدولمەجید مەبروک ئەبودەهەب، سەرۆکی بەشی توێژینەوەی پیاز لە وەزارەتی کشتوکاڵی میسر بە سکای نیوز عەرەبی ڕایگەیاندووە، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی پیاز دەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەی ئەو ڕووبەرە زەوییەیە کە پیازى تێدا دەچێنرێت، ئەوەش چونکە ساڵی رابردوو جووتیارێکی زۆر پیازیان چاند و نرخەکەی زۆر دابەزی، بۆیە ئەمساڵ هەندێکیان وازیان لێ هێناوە.
دەشڵێت، هۆکارێکى دیکەى بەرزبوونەوەی نرخى پیاز گۆڕانى کەشوهەوا، هەروەها رکابەریی هەندێک وڵات بۆ هەناردەرکردنی پیاز، ئەوە جگە قۆرخکاریی بازرگانەکان بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین قازانج.
ناوبراو جەختیکردەوە کە “ئەو رێکارانەی حکومەت ئەنجامی داون دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی نرخەکەی، هەروەها زیادبوونی رووبەری چاندن بە پیاز لە وەرزی نوێی چاندندا، ئەوانە هەموو دەبنەهۆی گەرانەوەی نرخەکەی پێشووی.
رووبەری چێنراو بە پیاز لە میسر لە وەرزی چاندنی 2022 بۆ 2023 گەیشتە نزیکەی 219 هەزار دۆنم و 3.3 ملیۆن تۆن بەرهەمی هەبوو.
میسر لەناو 10 گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێن و هەناردەکاری پیاز ریزبەندی چوارەمی گرتووە و رەوانەی زیاتر لە 50 وڵاتی جیهانی دەکات.