شەوی رابردوو هێرشێکی چەکداری کرایەسەر بنکەیەکی پۆلیس لە شاری راسک لە پارێزگای سیستان-بەلووچستانی باشووری ئێران و بەهۆیەوە لانیکەم 12 پۆلیس کوژران، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوی پارێزگا و هەواڵی میدیاکانی ئێران.
عەلی ڕەزا مەرحەمەتی، جێگری پارێزگاری سیستان-بەلووچستان بە ئاژانسی ئیرنای ئێرانی گوت، “بەهۆی هێرشەکەوە 12 پۆلیس کوژراون و حەوتی دیکەش برینداربوون.”
هێرشەکە بە یەکێک لە خوێناویترین هێرشەکانی ئەو پارێزگایە دادەنرێت، رێکخراوی بەلووچی “جهیشولعهدل” کە لە ساڵی 2012 لەلایەن ئەندامانی پێشووی گروپێکی چەکداریی سونەکانی پارێزگاکە پێکهاتووە، بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرتووە.
ئەو ڕێکخراوە پێشتر و لە تشرینی یەکەمی 2018دا بەرپرسیارێتی رفاندنی 12 پۆلیس و سەربازی ئێرانی لە هەمان پارێزگا لە ئەستۆ گرتبوو.
لە مانگی تەموزی رابردووشدا، دوو پۆلیس لە کاتی هێرشێکدا کوژران کە ئەو رێکخراوە کردییە سەر بنکەیەکی پۆلیس لە شاری زاهیدانی کە گەورەترین شاری پارێزگاکەیە.
جەیشولعەدل لە ویلایەتی سیستان-بەلووچستان چالاکی هەیە و بانگەشەی ئەوە دەکات بەرگریی لە مافی سونەکانی بەلوچ دەکات و لە وڵاتەکەدا بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی ناسراوە، هەروەها پارێزگاکە هاوسنورە لەگەڵ پاکستان و ئەفغانستان.