رۆژنامە ئیکۆنۆمیست ئاشکرایکرد، سەرباری چڕیی شەڕ و پێکدادانانەکان لە ئێستادا، بەڵام یەکلاییبووەتەوە کە ئەوە کۆتا هێرشی فراوانی ئیسرائیل دەبێت بۆسەر کەرتی غەزە.
رۆژنامەکە راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و لە زاری بەرپرسێکی ئەمنییەوە دەڵێت، نزیکەی دوو مانگە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای ئیسرائیل لە ترۆپکدایە و “قۆناغی دواتر خاوتر دەبێتەوە.”
راپۆرتەکە هۆکاری خاوبوونەوەکەی گەراندووەتەوە بۆ فشارە بەردەوامەکانی واشنتن بۆ سەر تەلئەبیب بەهۆى زۆری قوربانیانی خەڵکى مەدەنى و زیادبوونی فشارەکان لەسەر ئابووری ئیسرائیل.
هەر بەپێی رۆژنامەکە، پرسیاری سەرەکی لای گەورە جەنەڕاڵەکانی ئیسرائیل ئەوەیە ئاخۆ خاوبوونەوەی ئۆپراسیۆنەکان ئامانجی سەرەکی جەنگەکە لەناودەبات کە بریتییە لە لەناوبردنی توانای سەربازیی حەماسە یاخود نا.
راشیگەیاندووە، سوپای ئیسرائیل فیرقەیەکی تەواوی بۆ شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەزە و دەوروبەری ناردووە، هاوکات سێ فیرقەی دیکەی سەربازى و فەیلەقێکى زریپۆش لە باکووری کەرتی غەزە جێگیرکردووە و بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژى چەکدارانی بزوتنەوەى حەماس.
هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئیسرائیل هیچ ڕێگەیەکی دیکەی نییە جگە لە کەمکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی، ئەوەش بەهۆی پێداگریی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی هێرشەکان و تۆمەتبارکردنى بەکوشتنى هاوڵاتیانی مەدەنى لە کەرتەکە، زیاتر لەوەش، بانگکردن و پڕچەککردنی 360 هەزار سەربازی یەدەگ، خەریکە ئابوری ئیسرائیل هیلاک دەکات.
هاوکات كەناڵی سی بی ئێس لە زاری بەرپرسانی ئەمریكییەوە رایگەیاند، ئیسرائیل ئەمریكای ئاگاداركردووەتەوە كە بۆردومانی قورس و هێرشی زەمینیی فراوان لە غەزە لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا كۆتایی دێت
سەرچاوەکە دەشڵێت، كۆتاییهاتنی قۆناغی ئێستا لە دوو بۆ سێ هەفتەی كۆتایی بە مانای كۆتاییهاتنی شەڕ نایەت، بەڵکو دەبێتەهۆی كەمبوونەوەی چڕیی بۆردومانەكان و تیشكخستنەسەر بۆردومانی بەئامانج.