جیاکردنەوەی دەنگەکاى هەڵبژاردنى نیوە خولى ئەمریکا بەردەوامە، ئەنجامە بەراییەکان گۆڕانکاری باڵانسی هێز لە ئەنجومەنی پیران دەرناخەن، بەڵام ئەنجامەکان بەدەستهێنانەوەی ژمارەیەکی زیاتری کورسیەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لە لایەن کۆماریەکان دەردەخەن، هاوکات لە ویلایەتەکانیش کۆمارییەکان لەپێشەوەن.
نیوە خول، بە هەڵبژاردنێکى گرنگ دادەنرێت لە مێژووی مۆدێرنی ئەمریکادا، بەهۆی ئەگەری رەنگدانەوە و کاریگەری لە ئاستە جیاوازەکاندا.
ئەنجامی کۆتایی ئەم هەڵبژاردنە پێناچێت تاوەکو چەند رۆژێکی دیکە دەربکەوێت،
بەڵام دوو ساڵی داهاتووی بایدن دیاری دەکەن، هەروەها ئەوە دیاری دەکەن، کە ئایا کۆنگرێس هەر بە دەست دیموکراتەکان دەمێنێتەوە؟
کۆماری و دیموکراتەکان، کێبڕکێ لەسەر 435 کورسی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەن، کە زیاتر لە 30 کورسیان بەردەوام لە نێوان ئەو دوولایەنە خول دەخوات.
هەروەها کێبڕکێکە لەسەر 35 کورسی ئەنجومەنی پیرانە، لە کۆی 100 کورسی، کە دیموکراتەکان دەیانەوێت پارێزگاری لە 50 سیناتۆرەکەی خۆیان بکەن، لەگەڵ دەنگی جێگری سەرۆک “کامالا هاریس”
سەبارەت بە ویلایەتەکانیش، کێبرکێکە لەسەر حاکمێتی 36 ویلایەتە، لە کۆی 50 ویلایەتەکە.
ئەنجامەکانی ئەنجومەنی پیران
لەگەڵ راگەیاندنی هەڵبژاردن و دەرچوونی بەشیک لە سیناتۆرەکانی سەر بە دیموکراتەکان و کۆماریەکان، چاوەکان لەسەر ویلایەتە یەکلاکەرەوەکانە (پەنسلڤانیا، جۆرجیا، ئەریزۆنا، نیڤادا ویسکۆنسن)، ئەگەر کۆمارییەکان دەنگی سێ لەو ویلایەتانە بەدەستبهێنن، زۆرینەی ئەنجومەنی پیران بەدەستدەهێنن.
ئەنجامەکانی ئەنجومەنی نوێنەران
بەگوێرەى ئەنجامە بەراییەکان، کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران لە پێشترن، بەگوێرەى راپۆرتی دەزگای “ئێدیسۆن ریسێرچ” کۆمارییەکان زیاتر لە چوار کورسیان بەدەستهێناوە لەو کورسیانەی پێشتر بەدەست دیموکراتەکانەوە بووە.
ئەنجامەکانی حاکمی ویلایەتەکان
ئەنجامە سەرەتاییەکان بەم جۆرەیە
لە ویلایەتەکانی “ئەرکنساس، نیوهامشایر، وایومینگ، ئیوا، فێرمۆنت و کارۆلینای باشور” کاندیدەکانی کۆمارییەکان سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.
لە ویلایەتەکانی “فلۆریدا، ماساتچۆستس و رۆد ئەیلاند” کاندیدەکانی دیموکراتەکان سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.
ترەمپ و بایدن هەردووکیان دەڵێن سەرکەوتین
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکای سەر بە کۆمارییەکان رایگەیاند “دەزگا میدیاییە ساختەکان بە هیوای بینینی شکستمان بوون، بەڵام ئەوە روینەدا”.
رۆنا ماکدانیەڵ، سەرۆکی لیژنەی نیشتیمانیش لە پارتی کۆمارییەکان گوتی “گەشبینین سەبارەت بە ئەنجامەکان و پێمانوایە براوەی زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرێس دەبین”.
لە کۆشکی سپیش، بایدن پەیوەندی کردووە بە سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران، پیرۆزبایی سەرکەوتنی دیموکراتەکانی لێکردووە.
هەڵبژاردنەکان لە ئەمریکاش بێ گرفت نەبوون
لەکاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی رۆژی سێشەممە، %20ی ئامێرەکانی دەنگدان لە ویلایەتی ئەریزۆنا لەکارکەوتوون، تیمەکانی هەڵبژاردن بەپەلە گەیستوونەتە ئەو بنکانە تاوەکو دڵنیایی بە دەنگدەران بدەن لە نەبوونی ساختەکاری.
سەرۆکی ئەنجوومەنی چاودێرانیش گوتی “ئامێرە لەکارکەوتووەکان کاریگەریان لەسەر پاکی هەڵبژاردنەکان نابێت”.
جۆ بایدن لە ساڵی 2020 لە ویلایەتی ئەریزۆنا، بە جیاوازیەکی کەم سەرکەوتنی بەدەستهێنا و پروپاگەندەی ئەوە کرا، کە ساختەکاری کردووە.
ترەمپ گومانی خستە سەر هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە و سەبارەت بە لەکارکەوتنی ئامێرەکان دەڵێت “دووبارە دەستمانپێکردەوە، خەڵک ئەمە قبوڵ ناکات”.
بەگوێرەى راپرسیەکی CNN “%80ی دەنگدەران پێیانوایە هەڵبژاردنەکان پاک و شەفاف بوون”.
بەگوێرەى راپرسیەکی دەزگای CBS “%46ی دەنگدەران پێیانوایە سیاسەتەکانی بایدن زیان بە ئەمریکا دەگەیەنێت”.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە ویلایەتی فلۆریدا گوتی، کە هەفتەی داهاتوو راگەیەندراوێکی گرنگی دەبێت و رۆژی 15ی نۆڤەمبەر بۆ خەڵک سەرنج راکێش دەبێت.
گومانەکەن بۆ ئەوە دەچن، کە دووبارە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا کاندید بکاتەوە.