زووم:
ئەو ژنەی بە “خراپترین دایکی ئوسترالی” ناسرابوو، دوای بەسەربردنی 20 ساڵ لە زیندان بە تاوانی کوشتنی چوار منداڵەکەی، ئەمڕۆ پێنجشەممە دادگە بێتاوانی سەلماند و سەرجەم تۆمەتەکانی لەسەر هەڵگیران.
کاتلین فلۆبیگی تەمەن 56 ساڵ، لە ساڵی 2003 بە تۆمەتی کوشتنی چوار کۆرپەی خۆی لە نێوان ساڵانی 1989 بۆ 1999 بە 40 ساڵ زیندانی حوکمدرا، بەڵام دواتر حوکمەکەی بۆ 30 ساڵ بۆ کەمکرایەوە.
داواکاری گشتیی ئەو وڵاتە تۆمەتی ئەوەی ئاراستەی کاتلین کردبوو، لەرێگەی داپۆشینی دەمووچاوی کۆرپەکانی خنکاندووە، کە تەمەنیان لەنێوان 19 رۆژ بۆ 18 مانگدا بووە.
بەڵام دوای بەسەربردنی 20 ساڵ لە زیندان، دادگەی باڵای نیو ساوس وێلزی ئوستراڵی بڕیاریدا ئەو بەڵگەنامانەی لە بنەڕەتدا کاتلینی پێ حوکمدراوە، پشت پێبەستوو نین، کاتلین لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا ئازادکرا، بەڵام تا ئەمڕۆ بڕیاری بێتاوانی تەواوەتی لەلایەن دادگەوە بۆ دەرنەچووبوو.
دۆسیەی کاتلین لە دادگەی ئەو وڵاتەدا مێژوویەکی درێژخایەنی هەیە و لە سەرەتای ئەمساڵدا لێکۆڵینەوەیەکی نوێ ئەوەی ئاشکراکرد، کە گومانێکی زۆر هەیە لەوەی ئەو ژنە تاوانباربێت، چونکە بەگوێرەی دۆزینەوە زانستییەکان دەکرێت منداڵەکان بە مردنێکی ئاسایی بەهۆی گۆڕانێکی زۆر دەگمەن لە جیناتەکانیان لەناکاو گیانیان لەدەستدابێت.
لەبارەی بڕیارەکەی دادگەوە، کاتلین رایگەیاند، خۆشحاڵە بێتاوانی سەلمێنراوە، بەڵام بەڵگەی بێتاوانیی بۆ چەندین دەیە پشتگوێخراوە، دەشڵێت: داواکارانی گشتیی بەشێک لە گوتەکانی منیان لە لێدوانەکاندا دەرهێناوە و لە دژی خۆم بەکاریان هێناوەتەوە، “هیوادارم کەس ئەوە نەچێژێت کە من چەشتم.”
ئاماژەی بەوەشکرد، “سیستەمەکە پێی باش بوو من سەرزەنشت بکات لەبری ئەوەی قبوڵی بکات کە ئاسایی منداڵ لەناکاو و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو و ئازاربەخش گیانلەدەست بدات.”
لە ئێستادا کەیسی کاتلین بە یەکێک لە خراپترین بڕیارەکانی دادگەی ئوسترالیا باسی لێوەدەکرێت، رەخنەیەکی زۆیش لە سیستەمی یاسایی ئەو وڵاتە دەگیرێت بەوەی وڵامدانەوەی بۆ پێشکەوتنە زانستییەکان زۆر خاوە.
تیمە یاساییەکەی کاتلین رایانگەیاند، دوای قەرەبوو دەکەنەوە بۆ ئەو ژنەی، کە بۆ 20 ساڵ بەبێ تاوانی زیندانیکرا، بەڵام باسیان لەوە نەکردووە کە داوای چەندێک پارە دەکەن بۆی.