زووم:
دەسەڵاتى بەریتانیا رایگەیاند، بە هاوکاری لەگەڵ ئەمریکادا سزای ئابورییان سەپاندووە بەسەر بزووتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی و چەند کەسایەتییەکی ئێرانیدا، کە ئێستا شەڕی دژی ئیسرائیل دەکەن.
ئاژانسى “ئەى ئێف پى” بڵاویکردەوە، بەرپرسانی لەندەن میکانیزمێکی نوێیان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی بتوانن دەستیان بگات بە ناوەندەکانی بڕیاردانی ناو تاران و سزایان بدەن، چونکە “ئەوانە چالاکیی دوژمنکارانەیان لەناو بریتانیا و دەرەوەشیدا هەیە”.
بە گوێرەى ئاژانسەکە، ئێستا ئەو میکانیزمانە خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆیە وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا رایگەیاندووە، ئەو سزایانە لقی فەلەستینی فەیلەقی قودس، یەکەی دەستەبژێری سەر بە پاسەوانی شۆڕشی ئێران و حەوت کەس، کە سەر بە ئەو رێکخراوانەن و کاردەکەن بۆ ئەوەی ئاسایشی ئیسرائیل بشێوێنن دەگرێتەوە.
هەر بە گوێرەى ئاژانسەکە، لەناو کەسایەتییەکاندا ناوی ئیسماعیل قائانی سەرکردەی فەیلەقی قودس دێت، کە “ڕێکخراوەکەیان ساڵی 2019 لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە ناو لیستی تیرۆرەوە”، بەڵام ئێران رایگەیاندووە، کاری ئەو فەیلەقە لە دەرەوەی وڵات دەچێتە خانەی هاریکاریی نێودەوڵەتییەوە بۆ چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی و رێگەگرتن لە دەستتێوەردانی وڵاتانی رۆژئاوا لەم ناوچەیە.
ئەم سزاییانەی بەریتانیا چەند کەسێکیش دەگرێتەوە، کە بە نوێنەرایەتیی حەماس و بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی، لە تاران کاردەکەن.