ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەزۆرینەی دەنگ بڕیاری دا لێکۆڵینەوە لە جۆ بایدنی سەرۆکی وڵات بکرێت بە تۆمەتی ئەوەی کاتێک جێگری سەرۆک بووە لە ماوەی سەرۆکایەتی ئۆبامادا، پۆستەکەی بەکارهێناوە بۆ کاری بازرگانی و سەروەت و سامانی پێ کۆکردووەتەوە.
دەنگدانەکە شەوی رابردوو بە کاتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، 221 دەنگی کۆمارییەکانی بەدەستهێنا کە زۆرینەی ئەنجومەنەکەن، 212 ئەندامی دیموکراتەکانیش لەدژی دەنگیان دا.
هەرچەندە تا ئێستا کۆمارییەکان بەڵگەیەکی پشتڕاستکراویان بۆ ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵ بایدن نەخستووەتەڕوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی کۆمارییەکان بە 222 ئەندام زۆرینەی ئەنجومەنەکەن لەبەرامبەر 213 ئەندامی دیموکراتەکان، دەنگدانەکەیان لە بەرژەوەندیی خۆیان یەکلاییکردەوە.
بەگوێرەی تۆمەتەکان، جۆ بایدن پێگەی باڵای خۆی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی یارمەتی هەنتەری کوڕی بدات کە سەروەت و سامان لەڕێگەی بازرگانیی بیانییەوە کۆبکاتەوە، ئەم دەنگدانەش چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە کوڕەکەی بایدن رەتیکردەوە هیچ گوتەیەکی لێوەربگیرێت.
دوابەدوای دەرچوونی، بایدن لە راگەیەنراوێکی درێژدا هەنگاوەکەی بە “فێڵێکی سیاسی بێبنەما” ناویبرد.
ئەو گوتی، “ئەوان لەجیاتی باشکردنی ژیانی ئەمریکییەکان، کاری لەپێشینەیان هێرشکردنەسەر منە بە درۆ و تۆمەتی بێبنەما.”
هەروەها کۆشکی سپی لە راگەیەنراوێکدا بڕیارەکەی رەتکردەوە و تۆمەتەکانی بە “بێبەڵگە و پاڵنەریی سیاسی” وەسفکرد.
لێکۆڵینەوەکە لەکاتێکدایە بایدن دووبارە خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە کاندید دەکاتەوە، ئەوەش دووەم جارە لە مێژووی ئەمریکادا لێکۆڵینەوە لە سەرۆکێکی ئەمریکا بکرێت، دوای ئەوە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشوو دووجار لێکۆڵینەوەی لێکراوە و لە ئێستادا خۆی بۆ چوار دانیشتنی دادگای تاوان ئامادە دەکات.
ئەم هەوڵەی کۆمارییەکان لەدژی بایدن لە پۆستەکەی دوریناخاتەوە، چونکە هەرچەندە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگبدات لەسەر لێکۆڵینەوە لە سەرۆکی وڵات، دەبێت ئەنجومەنی پیران لەبارەی تاوانباربوونییەوە بەکۆی دوو لەسەر سێی دەنگی سیناتۆرەکان دەنگبدات، ئەمەش شتێکی نزیکە لە ئەستەم چونکە دیموکراتەکان بە 51 کورسی بەرامبەر 49 کورسی کۆمارییەکان زۆرینەی ئەنجومەنەکە پێکدەهێنن، جیاواز لە ئەنجومەنی نوێنەران.
بەڵام کۆمارییەکان دەتوانن لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا ئەم تۆمەتە بەکاربهێنن دژی بایدن.