بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانى ئێران سزاى لەسێدارەدانیان بەسەر بکوژى “عەباس عەلی سولەیمانی” جێبەجێکرد کە یەکێک بوو لە نوێنەرەکانى خامنەیی.
عەباس عەلی سولەیمانی کەسایەتییەکى دیارى ئاینى ئێران بووە و بۆ ماوەی 17 ساڵ نوێنەری عەلى خامنەیی رێبەرى باڵاى شۆڕشى ئیسلامى بووە لە پارێزگای بەلوچستان و گوتاربێژى جومعەی شاری زاهیدان بووە.
سولەیمانی حەوت مانگ لەمەوبەر و لە رۆژى 6ی ئایار بۆ کاروباری بانکی چووبووە یەکێک لە بانکەکانی بابۆلسەر لە باکووری ئێران، بەڵام لەلایەن پاسەوانێکی بانکەوە تەقەی لێکراو بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
پاش ناردنی دۆسیەکە بۆ دادگا، دادوەر سزای لەسێدارەدانى بۆ بکوژەکە دەرکرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆش سزاکە بەسەریدا جێبەجێکرا.
پێشتر کەناڵى دۆیچەڤێللەى ئەڵمانى لەزارى هاوڕێییەکى بکوژەکەوە بڵاویکردەوە کە ناوبراو گوتویەتى بەهۆی هەژاری و رق و کینە لە مەلاکانەوە نوێنەرەکەى خامنەیی کوشتووە، کاتێک ئەو پارەی کڕینی ئێوارەخوانێکى بۆ خێزانەکەی نەبووە، بەڵام سولەیمانی 400 ملیار تمەن واتە هەشت ملیۆن دۆلارى لەو بانکەدا هەبووە.