بانکی ناوەندیی عێراق و گروپی بانکەکانی ئەبوزەبی ئەوەلی ئیماراتی رێککەتن لەمەودوا پارەدارکردنى بازرگانى و ئاڵوگۆڕى دارایى لەنێوان هەردوو وڵات بە دراوى درهەمى ئیماراتى بێت لەجیاتى دۆلار.
بانکى ناوەندیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، رێککەوتنەکە لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە دەکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە و قۆناغى یەکەم لەگەڵ پێنج بانکى عێراقى دەبیت و دواتر ژمارەى بانکەکان زیاددەکرێت.
ئەم رێککەوتنە لەکاتێکدایە ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان عێراق و ئیمارات لە ئاستێکى بەرزدایە و ساڵانە دەگاتە 27 ملیار دۆلار.
پێشتریش بانکى ناوەندیى عێراق و بانکى ناوەندیى تورکیا ریککەتن کە ئاڵوگۆڕى بازرگانى و گوستنەوەى دارایى لەنێوان هەردوو وڵاتدا بە لیرەى تورکى بێت و ئێستا رێککەوتنەکە چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.