ئەنجوومەنى گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بە زۆرینەى دەنگ بڕیارنامەیەکى بۆ ئاگربەستى نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەى حەماس پەسەندکرد، بەڵام بڕیارنامەکە هێزى پابەندکردنى هیچ لایەنێکى نییە و ئیسرائیل دەتوانێت ئاگربەست رانەگەیەنێت.
لە کۆی 193 وڵاتى ئەندامى ئەنجوومەنەکە 153 وڵات بە بەڵێ دەنگیان بۆ ئاگربەستى غەزە دا، 10 وڵات دژی بوون و 23 وڵاتیش نە بە بەڵێ و نە بە نەخێر دەنگیان نەدا و بێلایەنییان هەڵبژارد.
کەناڵى سی ئێن ئێنى ئەمریکى نووسیویەتى، دەنگدانەکە وەک سەرزەنشتێک وابوو بۆ ئەمریکا کە پێشتر رێگریکردووە ئەنجوومەنى ئاسایش بڕیارنامەی ئاگربەست لە غەزە دەربکات کە دەسەڵاتى لە ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان زیاترە.
لەرووی سیاسییەوە بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنى گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان گرنگی و سەنگی تایبەت بەخۆیان هەیە، بەڵام پابەندکەر نین، واتا ئیسرائیل دەتوانێت پابەند نەبێت بە بڕیارنامەکەوە. بەڵام ئەو بڕیارانەی لە ئەنجوومەنی ئاسایشەوە دەردەچن پابەندکەرن و دەبێت ئەو وڵاتەی بڕیارەکەی بەسەردا دەسەپێنرێت، پێوەى پابەند بێت.
ئەمە دووەم بڕیارى دووەم بڕیارى ئەنجوومەنى گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانە بۆ ئاگربەستى غەزە، پێشتر لە رۆژى 26ـى ئۆکتۆبەرى 2023 ئەنجوونەکە بە 120 دەنگى بەڵێ بەرامبەر 14 دەنگى نەخێر و 45 دەنگى بێلایەن بڕیاری ئاگربەستى دەرکرد، بەڵام ئیسرائیل ئەوکات ئامادەنەبوو پایەندى بێت.
ریاز مەنسور، باڵیۆزی فەلەستین لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، “بڕیارنامەکە داوا لە ئیسرائیل ناکات ئاگربەست رابگەیەنێت، بەڵکو فەرمان دەکات، ئێمەش پشوو نادەین تاوەکو نەیبینین ئیسرائیل پێیەوە پابەند دەبێت.”
تائێستا ئەنجوومەنی ئاسایش شەش جار بۆ ئەم پرسە کۆبووەتەوە و لە سەرجەمیاندا ئەنجومەنەکە نەیتوانی بڕیارنامەی تایبەت بە ئاگربەستەکە پەسەند بکات، چونکە چەند وڵاتێکی جیاواز ڤیتۆیان بۆ بڕیارنامەکە بەکارهێنا و رەتیان کردەوە.
لە دوایین کۆبوونەوەدا لە ئەنجوومەنی ئاسایش، کە رۆژی هەینی رابردوو بەڕێوەچوو، ئەمریکا بۆ بڕیارنامەیەک ڤیتۆی بەکارهێنا، هەربۆیە هەوڵەکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست شکستیان هێنا، بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، لەوکاتەوە سەدان فەلەستینی لە غەزەدا کوژراون.
بەگوێرەى ئامارى وەزارەتى تەندروستیى فەلەستین، لە 7ـى ئۆکۆتۆبەرەوە کە شەڕەکە دەستیپکردووە لانیکەم 18,200 کەس لە غەزە کوژراون، کە 70%ـى کوژراوەکان منداڵ و ژنن.
ئیسرائیل بەردەوام رەتیدەکاتەوە ئاگربەست رابگەیەنێت و دەڵێت هەڵمەتە سەربازییەکەی ناوەستێنێت تاوەکو بزووتنەوەی حەماس لەنێو نەبات، ئەمەش لەکاتێکدایە هێشتا زیاتر لە 100 سەرباز و هاوڵاتی وڵاتەکەی لەژێردەستی حەماسدا وەک بارمتە ماونەتەوە.
بەگوێرەى ئامارەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان بەهۆى هێرشەکانى ئێسرائیل بۆ سەر غەزە 85%ـى دانیشتوانى شارەکە ئاواربوون، کە دوو ملیۆن و 200 هەزار کەسە.