ئەنتۆنی بلینكن، وهزیری دهرهوهی ئهمریكا پەیوەندی بە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کرد و رایگەیاند، دەزانن میلیشیاکان بە پشتیوانی ئێران هێرشەکانیان بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا ئەنجام دەدەن.
ماتیۆ میلهر، گوتهبێژی وهزارهتی دهرهوهی ئهمریكا لە راگەیەنراوێکدا گوتی، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا، بلینکن ستایشی “سەرکۆنەکردنی بەهێزی” هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکای لەلایەن سودانییەوە کردووە.
هەروەها ستایشی هەڵوێستی سودانی کردووە بەوەی ئەو هێرشانە بە “کردەوەی تیرۆرستی” ناساندووە و چەند رێکار و هەنگاوێکی گرنگی ناوە بۆ بەسزاگەیاندنی بکەرانی.
بلینکن راشیگەیاند، “میلیشیاکان بە پشتیوانی ئێران هێرشەکانیان ئەنجام دەدەن کە زیان بە سەروەری و سەربەخۆیی عێراق دەگەیەنێت”.
ئەوە چوارەم پەیوەندی تەلەفۆنیی بەرپرسانی باڵای ئەمریکایە بۆ سودانی لەم مانگەدا کە سەرجەمیان هۆشدارییان داوە لەوەی عێراق تووشی دەرئەنجامێکی سەخت دەبێت ئەگەر هێرشەکانی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا رانەگرێت.
زیاتر بخوێنەوە: بەرپرسانی ئەمریکی هۆشداری توند دەدەنە عێراق بەڵام هێشتا هێرشەکانیش نەوەستاون
زیاتر بخوێنەوە: هەڕەشەکانی ئەمریکا هێرشی گروپە عێراقییەکانی نەوەستاند و بەڵێنی زیادکردنی دەدەن
هاوکات نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا گوتی، سودانی و بلینکن تاوتوێی چەند پرسێکی دووقۆڵی و دواین گۆڕانکارییە هەرێمایەتییەکانیان کردووە.
گوتیشی، سودانی جەختی لە پاراستنی نێردە دیبلۆماسییەکان و راوێژکارەکانی و هەروەها توانایی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردووەتەوە بۆ لێپێچینەوە لە هێرشکارانی سەر نێردە دیبلۆماسییەکان بەبێ هیچ دەستێوەردانێکی دەرەکی.
دووشەممەی رابردوو، ئاژانسی ئاسۆشییەتد پرێس لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ئاشکرایکرد، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لە سەرەتای ئەم مانگە داوای لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە رێکاری زیادە بگرێتەبەر بۆ رێگری لە هێرشکردنەسەر هێزەکانی ئەمریکا.
ئاژانسەکە هەروەها لە زاری بەرپرسێکی عێراقییەوە بڵاویکردووەتەوە، ویلیام بێرنز، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا کاتێک سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە هۆشداری بە سودانی داوە، کە عێراق تووشی “ئەنجامێکی کارەساتبار” دەبێتەوە ئەگەر حکومەت هەوڵی راگرتنی هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکا نەدات.