زووم:
بۆ رێزگرتن لە قوربانییەکانى رووداوى ئاگرکەوتنەوەکەى هۆڵى ئاهەنگەکەى حەمدانیە و قوربانییەکانى جەنگى فەڵەستین، پاتریارکى کلدانەکان لە عێراق بڕیاریدا، بەبۆنەى سەرى ساڵى زاینی و لەدایکبوونى عیسای مەسیحەوە ئاهەنگ نەگێڕن.
سەرکردەکانى کڵێساکانى عێراق بەیاننامەیەکیان بڵاوکردووەتەوە تیایدا هاتووە، لەدواى کۆبوونەوەیەک بڕیارماندا بە رەتکردنەوەى یادى لەدایکبوونى عیسای مەسیح و سەرى ساڵى نوێى زاینى، بۆ رێزلێنان لە قوربانیانى ئاهەنگى بوک گواستنەوەکەى حەمدانیە و ئەوانەشى لە جەنگى نێوان ئیسرائیل و حەماس بوونەتە قوربانى.
لە بەیاننامەى مەسیحییەکاندا ئەوەش هاتووە، مەسیحییەکان لە زێدى خۆیانن و کەمینە یاخود پێکهاتە و کاڵاى هاوردەکراو نین، رەگ و ریشەیان لە قوڵایى عێراقدایە و شوێنپێى خۆیان هەیە و هەبوونى خۆیان سەلماندووە، پێش و دواى دروستبوونى ئیسلام، رۆڵى بەرچاویان هەبووە لە مێژووى عێراقدا.
شەوی 26ـی ئەیلوولی2023 ئاگرێک لە هۆڵی ئاهەنگگێڕانی هەیسەمی قەزای حەمدانیە کەوتەوە، کە بەهۆیەوە سەدان کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسى تریش برینداربوون.