زووم:
خەڵاتی ساخارۆڤ، کە گرنگترین خەڵاتی مافی مرۆڤی ئەورووپایە لەلایەن پەرلەمانی ئەورووپاوە بەخشرایە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی “ژن، ژیان ئازادی”، بەڵام بنەماڵەکەی رێگریان لێکرابوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە گەشتی فەڕەنسا بکەن، بۆیە پارێزەرەکەیان خەڵاتەکەى وەرگرت.
ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەکە، ئەمڕۆ چوارشەممە لە بارەگای پەرلەمانی ئەورووپا بە ناوی بنەماڵەی ژیناوە خەڵاتەکەی وەرگرت و پەیامی دایکی ژینای ئەمینی خوێندەوە.
موژگان ئیفتخاری، دایکی ژینا لە پەیامەکەیدا، ئاماژەی بەوە کرد، کە خەمی ژینا بۆ ئەو ئەبەدییە و ناوی کچەکەی وەک سیمبولی ئازادی لەگەڵ ناوی ژان دارک (پاڵەوانی نەتەوەیی فەرەنسا) دەمێنێتەوە.
ئیفتخاری باسی لە قەدەغەکردنی چوونەدەرەوەی خۆی و بنەماڵەکەی کرد و رایگەیاند، کۆماری ئیسلامی دەرفەتی بەشداریکردن لەم بۆنەیە و وەرگرتنی خەڵاتی هێمای ئازادیی پێنەداون، کە “دژی هەموو پێوەرێکی یاسایی و ئینسانیە”.
دایکی ژینا کچەکەی بە سیمبولی “ژن، ژیان، ئازادی” دەزانێت و دەڵێت: ناوەکەی بوو بە هێمای رزگاری و خەونی ئازادی، کە لە کوردستانەوە بۆ هەموو جیهان بڵاوبوویەوە.
هەفتەی رابردوو بنەماڵەی ژینا ئەمینی لەسەر بانگهێشتی یەکێتیی ئەوروپا ویستیان بەرەو فەرەنسا بڕۆن، بەڵام لە فڕۆکەخانەی تاران پێیان گوترا، کە رێگەیان پێنادرێت بچنە دەرەوە و پاسپۆرتەکانیان دەستی بەسەردا گیرا.
لە بەرامبەر رووداوەکەدا، رۆژی دووشەممە 188 ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا داوایان لە کۆماری ئیسلامی ئێران کرد، کە رێگە بە بنەماڵەی ژینا ئەمینی بدات بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤ سەردانی ئەوروپا بکەن، بەڵام تاران داواکەی قبووڵ نەکرد.
ژینا ئەمینی کچێکی کورد بوو، ساڵی رابردوو لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراو دواتر گیانی لەدەستدا، ئەوکات وترا، کە “بەهۆی ئەوەی لەکاتی دەستگیرکردنیدا لێدراوە، بۆیە گیانی لەدەستداوە”، کە ئەوەش بووە هۆی خۆپێشاندانی سەرتاسەری لە ئێران و چەند مانگێک بەردەوامبوو.
مانگی رابردووش پەرلەمانی یەکێتی ئەورووپا بە فەرمی ڕایگەیاند، خەڵاتی ساخارۆڤ کە “بە بەنرخترین خەڵاتی مافی مرۆڤ لە ئەوروپا دادەنرێت”، دەبەخشێتە ژینا ئەمینی و “بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی” ، وەک پشتیوانییەک بۆ ژیناو ئەو بزووتنەوەیەی بەهۆی گیانلەدەستدانی لە ئێران سەریهەڵدا.