زووم:
فۆسا تاتسوومی بە تەمەنترین ژنی ژاپۆن بوو، کە بە راگری بەتەمەنەکان دەناسرا، ئەمڕۆ سێ شەممە لە تەمەنی 116 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی ناوخۆیی ژاپۆن چەند دیمەنێکی لە دوایین ئاهەنگی یادی لەدایکبوونی (فۆسا تاتسوومی) پیشاندا و ئاماژەی بەوە کرد، ئەو ژنە لە دایکبووی ساڵی 1907، لە شارۆچکەی کاشیوارا لە نزیکی هەرێمی ئۆساکا نیشتەجێبووە، سێ کوڕی هەبووە و لەگەڵ مێردەکەیدا ژیاوە و هەمویان کاری جوتیارییان کردووە.
هیرۆفۆمی یوشیمورا لە رێگەی ماڵپەڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسەوە لەم بۆنەیەدا گوتی: من خۆم لە نزیکەوە فۆسام بینیوە، رەوشی باش بوو، مانگی ئەیلولی رابوردوو سەردانیمان کرد، بەبۆنەی درێژی تەمەنییەوە ئاهەنگمان لەگەڵدا گێڕا.
لەپاش میرنشینی مۆناکۆوە ژاپۆن لە درێژبوونی تەمەنی هاووڵاتییەکانیدا بە پلەی دووەم دێت، کە لە ئێستادا 47 هەزار کەسی بەتەمەن لە ژاپۆندا بوونیان هەیە.
ساڵی رابردوو هەر لە دورگەی ئۆساکا (کین تاناکا) کۆچی دوایی کرد، کە تەمەنی 119 ساڵ بوو، وەک بەتەمەنترین کەسی دنیا ناوی لە کتێبی گینسی تۆمارە جیهانییەکاندا هەبوو.
کتێبی گینس مردنەکەی تاناکای وەک کۆتاییهاتنی ژیانی بەتەمەنترین مرۆڤی هەموو مرۆڤایەتی ناوبرد، کە ئەو کۆچی دوایی کرد، ئێستا ژنێکی ئیسپانی بەتەمنترین مرۆڤی دنیایە، کە ناوی (ماریا برانیاس)ە مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو تەمەنی دەگات بە 117 ساڵ.