زووم:
جەنگی حەماس و ئیسرائیل زیاتر لە دوو مانگە بەردەوامە، قوربانیانی ئەم جەنگەش تادێت بەرزدەبێتەوە، زیانە ئابوورییەکانیشی لە زیانە گیانییەکانی کەمتر نییەو بە سەدان ملیار دۆلار دەخەمڵینرێت، بەتایبەتی بۆ ئیسرائیل.
بە گوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی (زە مارکر)ی ئیسرائیلی، خەمڵاندنە سەرەتاییەکانی وەزارەتی دارایی ئیسرائیل بۆ تێچووی سەربازانی یەدەگی ئیسرائیل لەماوەی کەمتر لە دوو مانگ (5.5) ملیار دۆلار بووە، کە ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی کردووەتە سەر ئابووریی وڵات، بە شێوەیەک بازاڕی لاوازکردووە و ئاستی بێکارشی بەرزترکردووەتەوە.
خەمڵاندنە سەرەتاییەکانی وەزارەتی دارایی ئیسرائیل بۆ تێچووی سەربازانی یەدەگی ئیسرائیل لەماوەی کەمتر لە دوو مانگ (5.5) ملیار دۆلار بووە
هەر بە گوێرەی راپۆرتی رۆژنامەکە، تێچووی هێزە سەربازە یەدەگەکان کاریگەری و لێکەوتەی لەسەر بوجەی گشتی وڵاتەکە دروستکردووە و کورتهێنانی لەمانگی رابردوو بۆ (3.4%) بەرزکردووەتەوە، لەکاتێکدا لە مانگی تشرینی یەکەمدا ئەو کورتهێنانە (2.6%) بووە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، تێچووی یەک هەفتەی ئەو هێزانە (540) ملیۆن دۆلار بووە، کە ئەوەش بە گۆژمەی 135 ملیۆن دۆلار کورتهێنانی بۆ بودجەی گشتی دروستکردووە.
لە حەوتی ئۆکتۆبەری رابردووەوە، سوپای ئیسرائیل دەستی بە هێرش و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر غەزە کردووە، ئەوەش لە کاردانەوەی هێرشی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر باشووری وڵاتەکەی، کە لەهەمان رۆژ ئەنجامدرابوو.
لەلایەکی ترو بە گوێرەی راپۆرتی نووسینگەی ژمێریاری گشتیی ئیسرائیل، کورتهێنان گەیشتووەتە (62) ملیار شیگلی ئیسرائیلی، کە دەکاتە (17) ملیار دۆلاری ئەمریکی و بەراورد بە مانگی شترینی یەکەمی، (34) ملیار شیگل کورتهێنان زیادیکردووە، کە دەکاتە زیاتر لە (10) ملیار دۆلار.
کورتهێنان گەیشتووەتە (62) ملیار شیگلی ئیسرائیلی، کە دەکاتە (17) ملیار دۆلاری ئەمریکی
هاوکات وەزارەتی دارایی تێچووی راستەوخۆی بۆ (100) هەزار سەربازی یەدەگ، لە خۆراک و پێداویستی و شایستە داراییەکانیان ڕۆژانە بە (19) ملیۆن دۆلار خەمڵاندووە، کە تێچووی ئەم هێزانە وەزارەتی دارایی وڵاتەکەی نیگەرانکردووەو پێشبینی دەکرێت ئەگەر جەنگ تا شەش مانگی دیکە بەم جۆرە بەردەوامبێت، کورتهێنان لە بوجەی ئیسرائیلدا بۆ زیاتر لە (10٪) بەرزدبێتەوە.