تاڵیبان بەرەو گەیشتن بە ئامانجەکەى هەنگاو دەنێت، ئیدى ئەفغانستان ناوى لە ریزبەندى یەکەمى بەرهەمێنەرانى ماددەى هۆشبەردا نییە، نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، میانمار چووەتە ریزبەندى یەکەم.
بەگوێرەی راپۆرتێکی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئێستا میانمار گەورەترین وڵاتى جیهانە بۆ بەرهەمهێنانی رووەکی ئەفیۆن کە پێکهاتەی سەرەکیی ماددەی هۆشبەرە لە جۆری هێرۆیین.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، تەنها لەمساڵدا میانمار بەرهەمهێنانی ئەفیۆنی بەرێژەی 36% زیادکردووە و بەرهەمی ئەمساڵی گەیاندووەتە 1,080 تۆن.
هۆکارە سەرەکییەکانی پشت ئەم گۆڕانکارییە، پەیوەندیی بە ناسەقامگیری ناوخۆی وڵاتی میانمار و کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی ئەو روەکەوە لە ئەفغانستان بەرێژەی 95% هەیە.
بزووتنەوەى تاڵیبان 15ـى ئابی 2021 دەسەڵاتى لە ئەفغانستان گرتەوەدەست، پاش ئەوەى ئەمریکا لە وڵاتەکە کشایەوە. ساڵى رابردوو تاڵیبان بڕیاری قەدەغەکردنی ماددەی هۆشبەریدا. بەهۆیەوە ئەفغانستان لەمساڵدا 330 تۆن رووەکى ئەفیۆنى بەرهەمهێناوە.
زیاتر بخوێنەوە: لەدوای هاتنی تاڵیبان بەرهەمهێنانی تلیاک لە ئەفغانستان 95% کەمیکردووە
بەگوێرەی راپۆرتێکی نوسینگەی تاوان و ماددەی هۆشبەری نەتەوەیەکگرتووەکان UNODC، شەڕوپێکدادان و ناسەقامگیریی لە میانمار لەوکاتەی کە دەسەڵاتی سەربازیی لە ساڵی 2021ـەوە حوکمی گرتووەتەدەست، کاریگەرییەکی خراپی لەسەر ئابووریی ئەو وڵاتە دروستکردووە.
ئاماژەی بەوەداوە، کەمیی دەرفەتی ئابووریی یاسایی، کەمیی دەستڕاگەیشتن بە بازاڕەکان و ژێرخانی دەوڵەت، تێکچوونی کەشی ئابووریی و دابەزینی بەهای دراو لە وڵاتەکەدا هۆکاری سەرەکین بۆ بەرهەمهێنانی ئەفیون و بابەتی دیکەی نایاسایی.
بەگوێرەى راپۆرتەکە ئەم هۆکارانە لە کۆتایی ساڵی رابردوو وایکردووە کاریگەریی زۆری لەسەر جوتیارانی ئەو وڵاتە هەبێت بۆ ئەوەی بڕیاری بەرهەمهێنانى رووەکەکە بدەن.
نرخی یەک کیلۆ ئەفیون لە کاتی چنینیدا بۆ 317 دۆلار بەرزبووەتەوە و بە وشکیش نرخەکەی 356 دۆلارە. بەرزی نرخەکەی وایکردووە وڵاتەکە لەمساڵدا زیاتر لە 470 کیلۆمەتر چوارگۆشە بە رووەکی ئەفیون دابچێنرێت، ئەمەش 18%ـی زیاترە بەراورد بە ساڵی رابردوو.
میانمار دراوسێیی هەردوو وڵاتی تایلەند و لاوۆسە و ئەم سێ وڵاتە بە سێگۆشەی زێڕین ناسراون لە بەرهەمهێنانی ئەفیۆن و هێرۆییندا. بە تەنها میانمار و ئەفغانستان زۆبەی بەرهەمی ئەو هێرۆییەنەی لە جیهاندا مامەڵەی پێوە دەکرێت، بەرهەمدەهێنن.