زووم:
ساڵانە زیاتر لە سێ هەزار پەرستار لە ئێران کۆچ دەکەن بۆ دەرەوەی وڵات، بەو هۆیەشەوە قەیرانى کەمیی پەرستار لەو وڵاتە دروست بووەو بەشێک لە نەخۆشەکانیش بەو هۆیەوە گیان لەدەستدەدەن.
بە گوتەى محەمەد شەریفی، ئەمینداری گشتی ریکخراوی پەرستارانی ئێران، زیاتر لە 90%ی پەرستاران لە کارەکانیان رازینین، ئەوانەشی رازین، کاری کلینیکی ناکەن و بە کارگێڕی نەخۆشخانەکانەوە سەرقاڵن.
هەر بە گوتەى شەریفی، نەبوونی مووچەی تەواو، فشار بۆ سەر پەرستاران و توندوتیژی بەرامبەریان، هۆکاری کۆچکردنیانە و لایەنی بەرپرسیش جێگای ئەو پەرستارانەیان بۆ پڕناکرێتەوە، کە کۆچ دەکەن.
قەیرانی کەمی پەرستاران لە ئێران، بە تایبەت لە دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا خراپتر بووە، کە پەرستاران چەندین جار لە شارە جۆربەجۆرەکان ناڕەزایی و خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە.
تێکڕای مووچەی پەرستارێکی تازە دامەزراو 9 ملیۆن تومەنە (نزیکەى 180 دۆلار)، کە تەنانەت کرێی خانوویشی پێنادرێت، لە کاتێکدا داهاتی پزیشکی پسپۆڕ تەنها لە کەرتی گشتیدا مانگانە زیاتر لە 140 ملیۆن تومەنە (نزیکەى 2700 دۆلار).
بەپێی ستانداردی جیهانی ئێران رێژەی پەرستاری لە نەخۆشخانەکان زۆر کەمە و پێویستە لانیکەم دوو ئەوەندەی ئێستا پەرستار دابمەزرێنین.
بەرپرسی ڕێکخراوی پەرستاران دەڵێت: گرنگترین فاکتەر بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە خەڵک سەرەتا پەرستار و پاشان بینا و کەرەستەیە، بەڵام لە ئێران نەخۆشخانەیەکی گەورە دەکەنەوە بەبێ ئەوەی پێشبینی هێزی پەرستاری پێویست بکەن.
ئەو بەرپرسە دەشڵێت: ئەو پەرستارانەی لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دامەزراون، بەهۆی کەمی مووچە و نادادپەروەریی و گەندەڵی لە کەرتی پزیشکیدا، ماوەیەکی زۆر لە کارەکانیان نامێننەوە.