زووم:
رێکخراوی لێخۆشبونی نێودەوڵەتی، دوای لێکۆڵینەوە لە دوو هێرشی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتى غەزە، ئاشکرایکرد، ئیسرائیل “بۆمبی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە، کە دروستکراوی ئەمەریکایە”.
رێکخراوەکە لە بەیاننامەیەک رایگەیاند، ئەو دوو هێرشەی سوپای ئیسرائیل ئەنجامیداون، “تاوانی جەنگە، چونکە جیاکاری لەنێوان خەڵک و چەکداراندا نەکردووەو 43 کەسى کوشتووە، کە 33 یان ژن و منداڵ بوون”.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەی رێکخراوەکە، پاشماوەو پارچەی ئەو بۆمبانەی ئیسرائیل هێرشەکانى پێئەنجامدراوە، “دروستکراوی ئەمەریکان، کە جۆرە بۆمبێکن قەدەغەکراون و لە جۆری (JDAM) ن”.
هەردوو هیرشەکە بۆ سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون بوون
لێکۆڵینەوەکە، تەنها دوو هێرشی ئاسمانی سوپای ئیسرائیلی بەنموونە وەرگرتووە، یەکێکیان 10ی تشرینی یەکەم و ئەوی دیکەش، 22ی تشرینی یەکەم ئەنجامدراون، کە “هەردوو هیرشەکە بۆ سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون بووە”.
هەر بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، هێرشى یەکەمیان بە بۆمبێک ئەنجامدراوە لە ساڵی 2017 دروستکراوەو بڕی 2 تۆن مادەی تەقینەوەی هەڵگرتووە، بۆمبی دووەمیش ساڵی 2018 دروستکراوەو هەڵگری نیو تۆن تەقینەوە بووە.
رێکخراوەکە ئەوەشى راگەیاندووە، پاشماوە و پارچە دۆزراوەکانی ئەو دوو بۆمبە، ئەوە ئاشکرادەکەن، دروستکراوی کۆمپانیای (Boeing)ن هەڵگری کۆدی (70P862352)، کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی تەنها بۆ هێرشی راستەخۆ دروستکراوە.
هەر لەو بارەوە ئەنیاس کالامار ئەمینداری گشتی رێکخراوەکەش، دەڵێت: “بەکارهێنانی بۆمب و موشەکی قەدەغەکراوی ئەمەریکی، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، ئەوپەڕی پێشێلکردنی یاسایە”.
بەکارهێنانی بۆمب و موشەکی قەدەغەکراوی ئەمەریکی، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، ئەوپەڕی پێشێلکردنی یاسایە
ئەنیاس کالامار، دەشڵێت، “کوژرانی ئەو هەموو خەڵکە، زەنگێکی مەترسیدار بۆ ئیدارەی جۆ بایدن لێدەدات”.
لە 7ى ئۆکتۆبەرى رابردووەوە، سوپاى ئیسرائیل دەستى بە هێرش بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانى کەرتى غەزە کردووە، کە هێرشەکە کاردانەوەى هێرشێکى چەکدارانى بزووتنەوەى حەماس بوو بۆ سەر ناوچەکانى باشوورى ئەو وڵاتە، کە لەهەمان رۆژ ئەنجامدرابوو.