سبەى کۆتا رۆژی لوتکەی کەشوهەوای COP28ـە، کە ماوەی 10 رۆژە لە دوبەی بەردەوامە، سوڵتان ئەلجابر، سەرۆکی لوتکەکە، داوادەکات بۆ یەکەمجار بەڵێننامەیەک لەنێوان وڵاتانی ئەندامدا واژۆ بکرێت بۆ پابەندبوونیان بە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی نەوت و گاز، کە مەترسییەکی “گەورە”ـی لەسەر گەرمبوونی جیهان دروستکردووە.
لە لوتکەکەدا ناکۆکییەکی زۆر لەنێوان وڵاتانی ئەندام هەیە، لەسەر کەمکردنەوە و دواتریش بەرە بەرە کۆتاییهێنان بە بەکارهێنانی بەرهەمە وزەییەکانی ژێرزەوی کە نەوت، خەڵوزی بەردین و گازی سروشتیی دەگرێتەوە. بەرەیەک لەگەڵ ئەم هەنگاوە دایە و بەرەیەکی دیکەش لە دژیەتی، ئەو بەرەیەی کە دژیەتی سعودیە رابەرایەتی دەکات و ئەو وڵاتانەش کە نەوت بەرهەمدەهێنن دژی ئەوەن بەکارهێنانی کەمبکرێتەوە.
بەشێکی دیکەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان پەیوەندییان بە پلانی زیادکردنی بودجەوە هەیە لەلایەن وڵاتە پێشکەوتووەکان بۆ وڵاتە هەژارەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، کە هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمایە.
ساڵی رابردوو لە لوتکەی کەشوهەوای COP27دا لە میسر، وڵاتانی بەشدار شکستیان هێنا بگەنە رێککەوتنێک لەوبارەیەوە. بەڵام لوتکەی ئەمساڵیش کێشەی تێدایە و تەنانەت رەشنوسی رێککەوننامەکە کە دوێنی گفتوگۆی لەبارەوەکرا، بەهۆی ناکۆکییەکانەوە، چوار کاتژمێر درەنگتر لەوادەی خۆی ئامادەکرا.
پرسیاری گەورە لەم نێوەندەدا ئەوەیە ئایا وڵاتانی هەناردەکاریی نەوت، کە بەرژەوەندییان لە بەکارهێنانی نەوتدا هەیە، دەتوانن خاڵێکی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا بدۆزنەوە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی بەرهەمە وزەییەکانی ژێرزەوی؟
چالاکانی ژینگە، نیگەرانن لەوەی ئیمارات، کە یەکێکە گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت، میوانداریی لوتکەی کەشوهەوای کردووە. بە گومانیشن لە هەڵبژاردنی ئەلجابر وەکو سەرۆکی لوتکەکە، چونکە خۆی سەرۆکی کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانیی ئەبوزەبییە.
سعودیە کە ئەندامی یەکەمە لە رێکخراوی ئۆپێکدا دژی ئەم پێشنیازەیە. وەزیری وزەی سعودیە، شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان، رایگەیاند شانشینی سعودیە لەگەڵ ئەو رێککەوتنەدا رەزامەند نابێت کە کۆتایی بە بەکارهێنانی وزەی ژێرزەوی بهێنێت لە جیهاندا. هەرچەندە دەبێت رێککەوتننامەکە رەزامەندیی هەموو لایەکی لەسەربێت، سعودیە لە نامەیەکدا داوای لە ئەندامانی ئۆپێک کردووە کە هەر رێککەوتنێک وزەی ژێرزەوی بەئامانج بگرێت، رەتی بکەنەوە.
رێژەی دەردانی گازی کاربۆنیی، کە لە ئەنجامی سوتاندنی بەرهەمە نەوتییەکانەوە پەیدا دەبێت، لەمساڵدا 1.1%ـی لەساڵی رابردوو زیاتر دەبێت و دەگاتە 36.8 ملیار تۆن.
گفتوگۆکان لەبارەی رێککەوتنی دانانی سنورێک بۆ بەکارهێنانی نەوت نزیکی دەیەیەک دوای ئەوە دێت کە 200 وڵاتی جیهان لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا رێککەوتن لەسەر ئەوەی پلەکانی گەرمای جیهان لەخوار 2 پلەی سلیزیدا و بەدیاریکراویش لە 1.5 پلەدا بهێڵنەوە، ئامانجی ئەمەش کەمکردنەوەی ئەو گۆڕانکارییانەی کەشوهەوایە کە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە مەترسییان لەسەر مرۆڤایەتی دروستکردووە.