زووم:
باڵوێزخانەی ئەڵمانیا و فەڕەنسا لە عێراق ناوی براوەکانی ساڵی ٢٠٢٣ی خەڵاتە ھاوبەشەکەیان بۆ “مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا” ئاشکراکرد، کە بۆ ئەمساڵ دەبەخشرێتە ژنە چالاکوانی کورد دکتۆر چۆمان هەردی.
لە ساڵی ٢٠١٦ەوە وڵاتانی فەڕەنسا و ئەڵمانیا ھەموو ساڵێک لە رۆژی جیهانیی مافی مرۆڤدا، خەڵاتی “فەڕەنسی ئەڵمانی بۆ مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا” دەبەخشنە دەستەبژێرێک لە کەسایەتی و دەزگە لە سەرتاسەری جیھاندا، کە لە وڵاتەکانی خۆیاندا “بوێرانە و لە بارودۆخێکی سەختدا خەباتیان بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و بەرگریکردن لە مافەکانی و سەروەری یاسا کردووە”.
ساڵانە ئەم خەڵاتە نێودەوڵەتییە دەبەخشرێتە ئەو کەس و دەزگایانەی، کە خەبات بۆ مافی ژنان، ئازادی رۆژنامەگەریی و پاراستنی مافی مرۆڤ لە بوارە جیاکاندا دەکەن، کە دکتۆر چۆمان هەردیش لەبەرامبەر کارەکانی ئەمساڵ بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە دەستنیشانکراوە.
چۆمان ھەردی نووسەر و پسپۆڕ لە بواری مافی ژنان لە زانکۆکانی ئۆکسفۆرد، لەندەن و کێنت بەکەلۆریۆس و ماجستێر و دکتۆرای بەدەستهێناوە، لێکۆڵینەوەی پۆست دکتۆراکەشی لەسەر ژنانی دەربازبووی ئەنفال بووە، لەساڵی ٢٠١٤وە گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان و سەنتەری جێندەر و گەشەپێدانی لە زانکۆی ئەمریکی عێراق، سلێمانی دامەزراندووە.
لەم زانکۆیە بە کۆشش و سەرپەرشتی دکتۆر چۆمان، بۆ یەکمینجار لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا خوێندنی جێندەر کرا بە مادەی لاوەکی (minor). سەنتەری جێندەر و گەشەپێدان، کۆرسی خوێندنی بواری جێندەری بۆ بەشەکانی میدیا، یاسا، کاری کۆمەڵایەتی و پەروەردە وەرگیڕایە سەر هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی، ئەم کۆرسانە دەتوانرێت لە زانکۆکانی هەرێم، عێراق و رۆژهەڵاتی ناوین سوودیان لێوەربگیردرێت.
دکتۆر چۆمان هەردی خاوەنی پێنج کتێبە بە زمانی ئینگلیزی، کە لە ساڵی ٢٠١٠وە چەند شیعرێکی لە قۆناغی ناوەندی وانەی ئەدەبی ئینگلیزی لە ئینگڵتەرا و وێڵز دەخوێندرێن، لە ساڵی ٢٠١٤ دا شیعری (سەربانی هاوین)ی وەک یەکێک لە جوانترین شیعرەکانی خۆشەویستی لە پەنجا ساڵی رابردووەدا لە وڵاتی بەریتانیا، هەڵبژێردرا، لە ساڵی ٢٠١٦دا دیوانی (تێڕامان لە ژنان) پاڵێورا بۆ باشترین کتێبی شیعر لە وڵاتی بەریتانیا.
دکتۆر چۆمان هەردی براوەی چەندین خەڵاتی ئەدەبیی و چالاکوانیی نێودەوڵەتیی و ناوخۆییە، کە بەناوبانگترینیان خەڵاتی وەرگێرانی دەزگای (PEN)ی ئینگلیزی و خەڵاتی یەکسانی، کە لەلایەن ٣٤ رێکخراوەوە لە هەرێمی کوردستان پێبەخشرا.
خەڵاتی “فەڕەنسی ئەڵمانی بۆ مافی مرۆڤ”، لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەخشرایە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی “ژن – ژیان – ئازادی” لە ئێران، لە ساڵی ٢٠٢١یشدا بەخشرا بە نێرگز موحەمەدی، کە دواتر خەڵاتی نۆبلی نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی پێبەخشرا.
لە ساڵوەختی دامەزراندنییەوە ئەمە دووەمین جارە ئەم خەڵاتە دەبەخشرێت بە کەسایەتییەک دانیشتووی عێراق بێت، کە پێشتر چالاکوانی ناسراوی ئێزیدی، دکتۆر نەغیم حەسەن لە ساڵی ٢٠٢٠ خەڵاتەکەی پێبەخشرابوو.
ئەم خەڵاتەکە بە دوو قۆناغدا تێدەپەڕێت، سەرەتا چالاکوان، یان رێکخراوێک لەسەر ئاستی هەر وڵاتێک دەپاڵێورێت، دواتر ئەم کەسە دەچێتە پێشبڕکێوە لەگەڵ پاڵێوراوانی سەرتاسەری وڵاتانی جیهاندا، لە کۆتاییدا دەستەبژێرێکی براوە بە نمایەندەگی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانی و فەرەنسی لەڕێگای باڵوێزخانە و قونسوڵگەرییەکانی ئەم دوو دەوڵەتەوە خەڵاتەکانیان پێدەبەخشرێت.
خەڵاتی ئەمساڵی “فەڕەنسی – ئەڵمانی بۆ مافی مرۆڤ” بە نمایەندەگی ئەنالێنا بێربۆک و کاترین کۆلۆنا، دەبەخشرێتە ١٢ کەسایەتی، کە ئەمساڵ وەک پاڵێوراوی عێڕاق، کە لە مەراسیمێکی تایبەتدا لە شاری ھەولێر خەڵاتەکە دەبەخشرێت بە دکتۆر چۆمان هەردی.