زووم:
هەڕەشە و گوڕەشەکانی ئەمریکا کۆڵی بە گروپە چەکدارییە عێراقییەکانی نزیک لە ئێران نەداوە و بەردەوامدەبن لە هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکان و بگرە هەڕەشەی چڕکردنەوەشی دەدەن.
کەتائیبی حزبوڵای عێراقی، کە گەورەترین و پڕچەکترین گروپی چەکداریی شیعی عێراقی نزیک لە ئێرانە، هەڕەشەی زیاترکردنی هێرشەکان دەکات و لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، “ئەوەی هەینی رابردوو هێزە بیانییەکان بینییان، تەنها سەرەتایەکە و هێرشی دیکەشی بەدوادا دێت.”
ئەبوعەلی عەسکەری، گوتەبێژی نافەرمی کەتائیبی حزبوڵا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نوسیویەتی، “تا دەرچوونی دواین سەربازیان لە خاکی عێراق، چالاکییەکانمان دژی داگیرکەرانی ئەمریکی بەردەوامدەبێت”.
زیاتر بزانە: ئێران و بریکارەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
تائێستا ئەو گروپە بە فەرمی بەرپرسیاری خۆی لە هێرشەکانی سەر باڵوێزخانەی ئەمریکای ناو بەغداد رانەگەیاندووە، بەڵام ئەبوعەلی عەسکەری ئەو باڵوێزخانەیەی وەک “ناوەندێکی پێشکەوتووی کردەی سەربازی و لانکەی سیخوریکردن” ناوبردووە
پێشتر هەریەکە لە لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرکۆنەی ئەو هێرشەیان کرد و وەک “کارێکی تیرۆریستی” ناویان برد.
ئۆستن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا بە سودانی گوتبوو، دەزانن هێرشەکان لەلایەن گروپی چەکداری حزبوڵا و نوجەباوە ئەنجامدەدرێت، “بۆیە ئەمریکاش خۆی دەزانێت چۆن وەڵامیان دەداتەوە.”
وەک کاردانەوەیەکیش، سودانی هێزەکانی پاراستنی ناوچەی سەوزی لابرد و هێزێکی دیکەی کردە بەرپرسیاری پاراستنی ناوچەکە، حزبوڵاش ئەم کارەی سودانی وەک “هاریکاریی هێزە داگیرکەرەکان” لە قەڵەمدا و گوتویەتی ئەوانیش بەشداری تاوانەکانی ئەمریکان.
یەحیا ڕەسوڵ، گوتەبێژی فەرمیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت “هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت سەرەداوی گرنگیان لەبارەی ئەنجامدەرانی پەلامارەکەوە بەدەستگەیشتووە، بۆیە دەستگیریان دەکەن و دەیاندەن بە دادگە.”
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی سی ئێن ئێن، بە هەفتەیەک پاش دەستپێکردنی شەڕ و پەلامارەکانی غەزە تا ئێستا لە عێراق و سووریادا، 80 جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا، لە ماوەی یەک هەفتەشدا و تەنها لە عێراقدا هەشت جار هێرش ئەنجامدراون، کە چڕترینیان بووە لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەزە.