ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتیی گلەیی دەکات لەوەی ئەو بەڵێنانەی کە لە لوتکەی کەشوهەوای کۆپ 28 (COP28)دا دراون بۆ دانانی سنورێک بۆ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای جیهان لە ئاستی پێویستدا نین، هەر لە سێ هێندەکردنی بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوە تا سنوردارکردنی دەردانی گازی میسان.
پلەکانی گەرمای جیهان لەمساڵدا ئاستی پێوانەیییان تۆمارکرد و ئەمساڵ بە گەرمترین ساڵ لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تۆمارکرا. ئەمەش لەکاتێکدایە کە ماوەی چەند ساڵێکە سەرکردەکانی جیهان لە هەوڵدان بۆ سنوردارکردنی پلەکانی گەرما بەشێوەیەک کە لە 1.5 پلەی سلیزی تێنەپەڕێت. مەبەست لەم پلەیە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمییە بەراورد بە پلەکانی گەرمای سەردەمی پێش شۆڕشی پیشەسازی فەرەنسا کە لە ساڵانی 1880ـەوە پلەکانی گەرمای تێدا تۆمارکراوە.
تا ئێستا 130 وڵات کە بەشدارییان لە لوتکەی کەشوهەوادا کردووە کە 30ی تشرینی یەکەم تاوەکو 12ی کانونی یەکەمی خایاند و لە دوبەی ئیمارات بەڕێوەچوو، بەڵێنیان داوە بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوە سێ هێندە بکەن و رێژەی کارایی وزە بۆ دوو هێندە زیادبکەن. لەگەڵ ئەوەشدا 50 کۆمپانیای نەوت و گاز رەزامەندییان نیشانداوە دەردانی گازی میسان کەمبکەنەوە و سوتانی غازی سروشتی تا ساڵی 2030 کۆتایی پێ بهێنن.
بەگوێرەی ئاژانسەکە، ئەگەر هەموو وڵاتەکان پابەندبن بە بەڵێنەکانیان، ئەوا تا ساڵی 2030 دەردانی گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بە بڕی چوار ملیار مەتر سێجا کەمدەبێتەوە. ئەمەش دەکاتە سێیەکی ئەو بۆشاییەی کە دەبێت تا شەش ساڵی دیکە دابخرێت بۆ ئەوەی پلەکانی گەرما لە 1.5 پلە تێپەڕنەکات، ئەمەش لە ساڵی 2015ەوە رێککەوتنی لەسەر کراوە.
هەرچەندە تا ئێستا لوتکەکە کۆتایی نەهاتووە و ئەنجامی تەواو بەدەست نەگەیشتوون، ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی دەڵێت ئەو ڕێژەیە لە ئاستی پێوسیتدا نییە بەڵام بەردەوام چاودێریی بەرەوپێشچوونەکان دەکەن و هەڵسەنگاندنی تازە بۆ دەرەنجامەکانی لوتکەکە ئەنجامدەدەن کە بڕیارە 12ی ئەم مانگە کۆتایی بێت.
هەر لەم بارەیەوە ئاژانسەکە رایگەیاندووە کە دەبێت جیهان لەمەودوا بەکارهێنانی بەرهەمە نەوتییەکان کەمبکاتەوە و وڵاتانی جیهان کۆتایی بهێنن بە پێدانی رەزامەندیی نوێ بۆ ئەو وێستگە کارەباییانەی بە خەڵوزی بەردین کاردەکەن.