ئەمڕۆ، پرۆسەى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى میسر دەستپێدەکات، پرۆسەى دەنگدان سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و بڕیارە رۆژى 18ـى ئەم مانگە ئەنجامەکەى رابگەیەندرێت، پێشبینی دەکرێت عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکى ئێستاى میسر، بۆ خولی سێیەم سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
حازم بەدەویی سەرۆکی دەزگای نیستمانیی هەڵبژاردنەکانی میسر رایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ هەڵبژاردنەکە کردووە.
لە وڵاتانی دەرەوەی میسریش پرۆسەی دانگدان ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو، لە یەکەم رۆژی ئەم مانگەوە دەستیپێکرد، کە لە 121 دەوڵەتدا 137 ناوەندی دەنگدان بۆ میسرییەکان دانرابوون.
عەبدولفەتاح سیسی، لە ساڵى 2014ـەوە دەسەڵاتى گرتووەتە دەست، لە هەڵبژاردنى ئەوکاتدا 97%ـى دەنگەکانى بەدەستهێنا، لە خولى دواتردا و دواى چوار ساڵ، نزیکەى هەمان دەنگى بەدەستهێنایەوە، ئەو ساڵى 2019 دەستوورى میسر هەموارکرایەوە و رێگە دەدات بە سیسی بۆ خولی سێیەم خۆی کاندید بکاتەوە و ماوەى سەرۆکایەتیی لە چوار ساڵەوە بۆ شەش ساڵ درێژکرایەوە.
سێ کاندیدى دیکە بۆ سەرۆکایەتى میسر هەن:
فەرید زەهران، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کۆمەڵایەتیی میسرییە، ئاراستەیەکی چەپخوازی میانڕەوانەی هەیە، ساڵی 1957 لەدایکبووە، کۆلیژی کشتوکاڵی خوێندوە، چەند کتێبێکی سیاسیشی نووسیوە. دروشمی زەهران بۆ هەڵبژاردن بریتییە لە باشترکردنی ژیانی خەڵکی هەژار و دەرهێنانیان لە قەیرانی ئابوری.
عەبدولسەنەد یەمامە، تەمەن 71 ساڵ، کەسێکی لیبراڵە، سەرۆکی حزبی وەفدەیە، پرۆفیسۆری یاسایە، سەرۆکی بەشی یاسای نێودەوڵەتیی تایبەتە لە کۆلیژی ماف لە زانکۆی منوفییە. ساڵێکە بووە بە سەرۆکی حزبە دێرینەکەی وڵاتی میسر، کە حزبی وەفدە.
دروشمی یەمامە بۆ هەڵبژاردن بریتییە لە ریفۆرمی ئابوری، هەموارکردنەوەی دەستور، گۆڕینی ماوەی سەرۆکایەتی لە شەش ساڵەوە بۆ چوار ساڵ.
حازم عومەر، تەمەن 59 ساڵ، سەرۆکی حزبی گەلی کۆمارییە، کەسێکی خاوەن کارە، سەرۆکی کۆمپانیایەکی گەشتیارییە، پێش خۆهەڵبژاردنەکەی بۆ ئەم پۆستە، ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی وڵاتەکە بووە. بۆ بەرنامەی هەڵبژاردنەکەی کار لەسەر کراونەوەی ئابوری و پشتگیری کردنی پیشەسازیی ناوخۆیی دەکات.
لە کۆی 104 ملیۆن کەس، کە ژمارەی هاوڵاتییانی میسرە، بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵ 67 ملیۆن کەس تەمەنیان لە سەروی 18 ساڵەوەیە و دەتوانن دەنگ بدەن. بڕیارە رۆژی 13 ی دیسەمبەر جیاکردنەوەی دەنگدانەکانیش تەواو ببێت، رۆژی پاشتر دادەنرێت بۆ سەیرکردنی هەر پلار و ناڕەزاییەک، کە هەبێت. دواجار لە رۆژی 18ـى ئەم مانگە ئەنجامەکان رادەگەیەندرێن.
ئەگەر کێشەیەکى یاسایی درووست ببێت، پێویستە دادگا تا رۆژی 30ـى ئەم مانگە یەکلایی بکاتەوە.
ئەگەر پێویست بکات هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە، ئەوا رۆژی 19ـى ئەم مانگە هەڵمەتى بانگەشە دەستپێدەکاتەوە و رۆژانی 5 بۆ 7ـى مانگی کانوونی دووەم دەنگدانی دەرەوە دەستپێدەکاتەوە. لەناوخۆی میسریش ڕۆژانی 8 بۆ 10ـی هەمان مانگ هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێتەوە، ئەوجارەیان دەبێت تاوەکو 16ـی کانوونی دووەم هەموو ئەنجامەکان رانگەیەندرێن.
ئێستا خولی سەرۆکایەتی لەو وڵاتە ماوەکەی شەش ساڵە، بەڵام لەنێو حزبەکان و هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەدا قسەوباسی زۆر لەوبارەیەوە دەکرێت، چونکە تاوەکو ساڵی 2019 ماوەکەی چوار ساڵ بووە و هەموار کراوەتەوە.
دامەزراوەی هەڵبژاردن ڕێکاری یاسایی توندی گرتۆتە بەر، کارێکی کردوە کە یاسا و دادگاکان خاوەنی هەموو بڕیارێک بن لە پرۆسەکەدا، ناوەندە یاساییەکانیش دەیانەوێت شەفافیەت و خاوێنیی هەڵبژاردنەکان مسۆگەر بکەن.