زووم
سوپای ئیسرائیل ئەمرۆ شەممە رایگەیاند، پێنج لە سەربازەکانیان لە شەڕەکانی کەرتی غەزە کوژراون، کە ٤ سەربازیان لە باشووری کەرتی غەزە کوژراون.
سوپای ئیسرائیل راشیگەیاند، بە کوژانی ئەو پێنج سەربازە، ژمارەی کوژراوانی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەزە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانەوە بۆ ١٠٢ سەرباز و لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە ٤٢٣ سەرباز بەرزبووەتەوە.
هەروەها سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ١٢ سەرباز لە کەرتی غەزە بە سەختی برینداربوون، لەسەر سنووری لوبنانیش دوو سەربازی دیکە بە سەختی بریندار بوون.
پێشتریش پێگەی یەدیعوت ئەحرۆنۆت ئاشکرایکردبوو، لە سەرەتای شەڕی کەرتی غەزە تا ئێستا، نزیکەی پێنج هەزار سەربازی سوپای ئیسرائیل برینداربوون.
پێگەکە ئاشکراشیکردبوو، بەلایەنی کەمەوە رۆژانە 60 سەرباز برینداردەبن، کە دوای برینداربوونیان رەوانەی نەخۆشخانەو ناوەندەکانی پزیشکی دەکرێن بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.
ماڵپەڕەکە لە زاری لیمۆر لوریای بەرپرسی بەشی چاکسازی لە وەزارەتی ئاسایشی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، نەخۆشخانەکانی ئیسرائیل پەلەدەکەن لە چارەسەر و دەرکردنی بریندارەکان، ئەوەش بەهۆی زۆری ژمارەیان، کە دەیانەوێت بە بەردەوامی شوێنی ترهەبێت بۆ وەرگرتنی بریندارەکان.
ئاماژەی بەوەشکردبوو، زۆربەی بریندارەکان بەدەست برینێکی سەختەوە دەناڵێنن، ئەمەش بەهۆی سەختی شەڕەکان لە کەرتی غەزە.