زووم:
دەسەڵاتى سەربازى حوسییەکان لە یەمەن رێگرى لە چوونى هەر کەشیتییەک دەکەن، کە بیەوێت بە دەریاى سووردا بچێتە ئیسرائیل، ئەمریکاش لە هەوڵدایە هاوپەیمانییەک بۆ پاراستنى بازرگانى کەشتوانى دروستبکات.
گوتەبێژی سەربازیی حوسییەکان ئەمرۆ شەممە رایگەیاند، پاش رێگرى و هێرشمان بۆ سەر چەند کەشتییەکى ئیسرائیلى لە دەریاى سوور، بە هێزەکانمان ڕایدەگەیەنن لە مەولا ڕێگری لە تێپەڕبوونی هەر کەشتییەک بکەن، لە دەریاکەوە بەرەو ئیسرائیل بڕوات.
گوتەبێژى سەربازیی حوسییەکان راشیگەیاند، ئەو هەڵوێستەمان بەهۆى بەردەوامى هێرشەکانى سوپاى ئیسرائیلە بۆ سەر کەرتى غەزە، لەگەڵ بەردەوامى و گەمارۆکان بۆ سەر کەرتەکە، کە لەلایەن دەسەڵاتى تەلئەبیبەوە جێبەجێدەکرێت.
گوتەبێژى سەربازیی حوسییەکان هۆشداریدا بە کۆمپانیاکانى دەریاوانى، بەوەى بۆ سەلامەتى کەشتوانى دەریاوانییان، خۆیان بەدووربگرین لەهەر مامەڵەیەک لەگەڵ دەسەڵاتى ئیسرائیل و کۆمپانیاکانى ئەو وڵاتە.
هەروەها جەختیکردەوە، هێزەکانیان پابەندن بە بەردەوامی جوڵەی بازرگانی جیهانی لە ڕێگەی دەریای سوور و عەرەبییەوە بۆ هەموو کەشتییەکان و هەموو وڵاتان جگە لەو کەشتیانەی پەیوەستن بە ئیسرائیلەوە، یان کە کاڵا بۆ بەندەرەکانی ئیسرائیل دەگوازنەوە.
هەروەها رایگەیاند، هێزەکانمان لە ساتەوەختی ڕاگەیاندنی ئەم بەیاننامەیەوە ئەم بڕیارە جێبەجێدەکەن و هەر کەشتییەکى ئیسرائیلى بەدەریاى ئیسرائیلدا بڕوات رێگرى لێدەکەن.
هۆشدارییەکەی حوسییەکان لە کاتێکدایە، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ماوەیەکە هەوڵی دامەزراندنی هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی کەشتیوانی لە دەریای سوور دەدات.
لەو بارەوە بەرپرسێکی پنتاگۆن ڕوونیکردەوە، واشنتۆن لە هەوڵدایە لەگەڵ 40 وڵاتدا بۆ ئەوەی بچنە ناو هێزی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی کەشتیوانی لە دەریای سووردا، ئەوەش وەک هاوپەیمانییەکى گەورە لە ناوچەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هێزە نێودەوڵەتییەی، کە بۆ پاراستنی کەشتیوانی لە دەریای سووردا پێکدەهێنرێت، کاریان پاراستنى هاتووچۆى دەریاییە لە ڕووبەری ٣ ملیۆن میل ئاوی نێودەوڵەتی.