زووم:
هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، دوو کەس بە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەی باڵەخانەکەی سۆران دەستگیرکراون.
هەڵگورد شێخ نەجیب ئەمڕۆ شەممە لە کۆنگریەکی رۆژنامەوانیدا راشیگەیاند، یەکێک لەو کەسانەی دەستگیرکراون خاوەنی باڵەخانەکەیە، ئەوی دیکەشیان، خاوەنی مۆبیلاتێکە، کە لەناو باڵەخانەکەدا دووکانی هەبووە.
لەبارەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەهۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا باسی لەوە کرد، هێشتا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و دوای گەیشتنە ئەنجامیش هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە چی بووە، بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنین.
باسی لەوەش کرد لیژنەیەکی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆ لە بەیانی ئەمرۆوە لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ ئەوەی بگەین بە ئەنجامێک و هۆکاری ئاگرەکە بزانین چی بووە .
شەوی رابردوو لەناو باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری سۆران ئاگر کەوتەوەو بە گوێرەی دواین ئاماریش بەهۆی ئەو ئاگرەی شەوی رابردووەوە، 14 کەس گیانی لەدەستداوەو حەوت کەسی دیکەش برینداربوون.
لەو بارەوە دکتۆر کامەران مەلا محمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران بە زوومی رایگەیاند، سەرجەم تەرمەکان رادەستی خانەوادەکانیان کراونەتەوە، ئەوانەی ماون لە نەخۆشخانەی ئاشتی تەنها بریندارەکانن و دۆخی تەندروستییان جێگیرە.
لەلایەکی تر رەوەند هاودیانی گوتەبێژی بەرگری شارستانی، بە زوومی راگەیاند، تا ئیستا ڕوون نییە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە چی بووە، بەڵام لەسەر راسپاردەی سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ لیژنەیەک لە ئاستی باڵا پێک هاتووە تا بەدواداچوون بۆ رووداوەکە بکرێت.
باسی لەوەشکرد جگە لەو 21 کەسەی، کە لەناو باڵەخانەکەدابوون و بوونەتە قوربانی، هەشت کارمەندی بەرگری شارستانی دۆخی تەندروستیان تێکچووە و برینداربوون، ئەوەش بەهۆی کەوتن و جامی پەنجەرکان قاچ و سەریان شکاوە.