زووم:
ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سووپای ئیسرائیل بۆ سەر باشووری غەزە بەردەوامە، بەرپرسێکی باڵای بەرگری ئەو وڵاتەش، ئەو وادەی ئاشکراکرد، پێشبینی دەکرێت بۆ کۆتایی هاتنی ئەو ئۆپەراسیۆنە، کە قۆناغی سێیەمی هێرشەکانی ئیسرائیلە بۆ سەر غەزە.
پیێگەی ئەکسیۆنی ئەمریکی لە زاری بەرپرسەکەوە بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی سووپای ئیسرائیل پێشبینیدەکەن، لە ماوەی سێ بۆ چوار هەفتەدا کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە باشووری غەزە بەگشتی و شاری خان یونس بە تایبەتی بهێنرێت.
ئەو بەرپرسە ئاشکراشیکردووە، بەرپرسانی ئیسرائیل پێیانوایە ئەو سێ بۆ چوار هەفتەیە، قۆناغی زۆر چڕ و پڕی شەڕەکە بێت و رۆژ بە رۆژ هێرشەکانیش زیاتر بکرێن، بۆ ئەوەی لەماوەی دیاریکراودا کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکە بهێنرێت.
پێشبینی ئەو بەرپرسەی سوپای ئیسرائیل لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمریکا و یۆئاڤ گالانتی هاوتا ئیسرائیلییەکەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامداوەو پەیوەندییەکەش بۆ گفتوگۆکردن بووە لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر باشووری غەزە.
ئەو بەرپرسەی ئیسرائیل، باسی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەشی کردووەو جەختیکردووەتەوە، لایەنی ئەمریکی کێشەیان لەگەڵ ئەو وادەیە و پێیانوایە دەبێت بەزووترین کات کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکەی سەر خان یونس و باشووری غەزەش بهێنرێت.
پێشتریش جۆن فاینەر جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی لە کۆڕبەندی ئاسایشی ئاسپێن لە واشنتۆن ڕایگەیاندبوو، ئەمریکا وادەی کۆنکرێتی بۆ ئیسرائیل دانەناوە.
واینەر روونیکردبووەوە، بابەتی هێرشی سەر باشووری غەزە پەیوەندی بە سوپای ئیسرائیلەوە هەیە، بەڵام ئێمە کاریگەریمان هەیە، بۆیە دەمانەوێت بەزوویی کۆتایی پێبهێنرێت.
پێگەی ئەکسیۆس لە راپۆرتەکەیدا ئەوەشی ئاشکراکردووە، ئەمریکا رازی دەبێت ئەگەر ئیسرائیل تا کۆتایی مانگی کانوونی یەکەم کۆتایی بە قۆناغی چڕی بەرزی ئۆپەراسیۆنەکە بهێنێت، لەکاتێکدا ئیسرائیل ئاواتەخوازە لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا کۆتایی پێبهێنێت.