زووم، ئاژانسەکان
حکومەتی بەریتانیا دەیەوێت پلانی ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی وڵاتەکەیەتی بۆ رواندا زیندوو بکاتەوە و سەرقاڵى کارکردنە بۆ ئامانجەکەى، ئەمەش لەڕێگەی دەرکردنی یاسایەکە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ ئەو بڕیارەی مانگی رابردوو دادگەی باڵاى وڵاتەکە دەریکرد و بووەهۆى رێگریی لە پلانى ناردنى کۆچبەران بۆ رواندا.
بەگوێرەى راپۆرتى ئاژانسەکان ئەو یاسایەی ئێستا حکومەتی بەریتانیا کاری لەسەر دەکات، بەشێوازێک داڕێژراوە، زمانەکەی “توندە” و چەند بەشێکی گرنگ لە یاساکانی مافی مرۆڤی ئەو وڵاتە دەخاتە ژێر خۆیەوە. هەر لەبەر ئەمەشە ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ماوەیەکە تەنانەت لەلایەن ئەندامانی پارتەکەی خۆشییەوە، رەخنەی زۆر توندی لێدەگیرێت.
بەگوێرەی ئەو رەشنووسەی هەفتەی رابردوو وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بڵاویکردەوە، رواندا وڵاتێکی سەلامەتە، دەکرێت کۆچبەرانی بەریتانیای بۆ رەوانە بکرێت. هاوکات تواناکانی حکومەتی ئەو وڵاتەش ئاسان دەکات بۆ ئەوەی بە خێرایی و بەبێ رێگەپێدانی لایەنی دیکە، کۆچبەران لە وڵاتەکەی دەربکات.
یاساکە بەشێوەیەکە هیچ دادگەیەک نەتوانێت بەرهەڵستیی ئەو بانگەشەیە بکات کە رواندا وڵاتێکی سەلامەتە، لەگەڵ ئەوەشدا، تەواوی ئەو یاسایانە پەکدەخات کە پەیوەندییان بە مافی مرۆڤی تایبەت بە پەناخوازانەوە هەیە.
یاسا تازەیەکە بەشێوەیەکە حکومەتی بەریتانیا کار لەسەر هۆکاری بڕیارەکەی دادگەی باڵای وڵاتەکە دەکات، کە مانگی رابردوو رێگریی لە سیاسەتی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا کرد.
ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانى وڵاتەکە، رووبەڕووی چەندین رەخنە بووەتەوە لە لایەن ئەندامانی پارتی چەپ و تەنانەت پارتەکەی خۆشی، پارتى پارێزگاران بەوەی کە شکستیهێناوە سیاسەتەکە جێبەجێ بکات.
رۆژی پێنجشەممە، سوناک رایگەیاند، ئەوەی پێویست بێت دەیکات بۆ زیندووکردنەوەی ئەو سیاسەتەی کە لە لێواری لەناوچووندایە. هەرچەندە پلانەکەی بەریتانیا بۆ ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا، لە ساڵی 2021ـەوە راگەیەندراوە، تائێستا حکومەتی ئەو وڵاتە شکستیهێناوە کۆچبەران بنێرێت بۆ رواندا، هۆکارەکەشی تەنها ئاڵەنگارییە یاساییەکانی ناوخۆی وڵاتەکەیە. ئەو پلانەی ئێستاش هەوڵێکە بۆ کۆتاییهێنان بە هەموو ئەو بەربەستانە لەڕێگەی هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ حکومەت بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکە.
ماوەی چەندین ساڵە پارتی پارێزگارانی بەریتانیا، کە پارتی سەرۆکوەزیرانە، بەدەست جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانییەوە لەبارەی راگرتنی شەپۆلی کۆجبەرانەوە، دەناڵێنێت. ئامانجی سەرەکیی پارتەکەش ئەو کۆچبەرانەیە کە بە بەلەمی بچووک لەڕێگەی سنووری ئاویی نێوان بەریتانیا و فەرەنسا دەگەنە ئەو وڵاتە.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵیی ئەسۆشیەیتد پرێس، تەنها ئەمساڵ زیاتر لە 29,000 کۆچبەر لەڕێگەی بەلەمی بچووکەوە گەیشتوونەتە وڵاتەکە و ساڵی رابردووش ژمارەکە 46,000 کۆچبەر بووە.
مانگی رابردوو، دادوەرانی دادگەی باڵای بەریتانیا سیاسەتی حکومەتی وڵاتەکەیان لەبارەی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا بلۆککرد و رایانگەیاند، مەترسیی جدیی هەیە کە پەناخوازان بەرێکوپێکی مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت و رەنگە کۆچبەران بەشێوەیەکی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ بنێردرنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.
لەگەڵ ئەوەشدا، یاسا تازەکەی سوناک، کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە لەسەر بێدەنگکردنی رەخنەگرانی سوناک لە پارتەکەی خۆشیدا. هەفتەی رابردوو رۆبێرت جێنریک، وەزیری کۆچی وڵاتەکە دەستی لەکارکێشایەوە بەهۆی ئەوەی یاسا تازەکە بەهێز نییە و کاریگەریی لەسەر قەیرانەکە نابێت.