زووم، ئاژانسەکان
بەگوێرەى ئامارى ئیسرائیل، لەماوەى 24 کاتژمێرى رابردوودا 450 ئامانجی لە غەزە بۆردومان کردووە. بەئامانجگرتنى زیاتر دەبێتە هۆى ئاوارەبوونى زیاترى خەڵکى غەزە، کە بەشێکیان روو لە شاری رەفەح دەکەن، کە ئێستا نزیکەى دوو هێندەى دانیشتووانەکەى، ئاوارەى تێدا دەژین، بەهۆیەوە نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریى کارەساتى مرۆیی لە شارەکە دەدات.
دانیشتوانى شارى رەفەح 280.000 کەسە، بەڵام ئێستا 470.000 کەس لە خەڵکی غەزە روویان تێکردووە و بەردەوامیش لە زیادبوندان.
نەتەوەیەکگرتوەکانیش پێشبینى دەکات ئەو ژمارەیە بەرز ببێتەوە بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن و 300 هەزار کەس.
ئێستا کرێی یەک مانگی خانوویەکى ئاسایی نیشتەجێبوون لە 100 دۆلارەوە بەرزبووەتەوە بۆ پێنج هەزار دۆلار و زۆرینەى خەڵک پەنا بۆ بەکارهێنانى چادر دەبەن.
باخچە، شوێنە چۆڵەکان، بەشێک لە شەقامە لاوەکییەکان پڕبوون لە خەڵکی ئاوارە و راکردوو لە جەنگى غەزە.
لە شارەکەدا نرخی شتومەک و خواردەمەنی 10 هێندە بەرزبووەتەوە، دەرمان و چارەسەر زۆر بەکەمی دەستدەکەوێت.
زۆرینەى منداڵان بە سکی برسییەوە لەژێر چادرەکاندا دەخەون، شیری وشک زۆر بە کەمی دەستدەکەوێت و ئەوەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەى نەخۆشى لەنێو منداڵانى ئاوارەدا.
بەهۆی هاتنى وەرزی سەرما و کەمی سوتەمەنییەوە خەڵک ناچاربوون بە بڕینى دارى سەر شەقام و شوێنە گشتیەکان و سوتاندنیان.
رێکخراوی بەرنامەى خۆراکی جیهانیى رایگەیاند، بەهۆی جەنگ و زیادکردنی هێرشەکانى ئیسرائیلەوە تیمەکانیان ناتوانن هاوکارییەکان بگەیەنن بە ئاوارەکان.
کارل سکاو “بریکارى بەڕێوەبەرى جێبەجێکاری بەرنامەى خۆراک” رایگەیاند، بەهۆی نەمانى یاسا و سیستم لەناوچەکەدا هیچ هاوکارییەک ئامانجی خۆی ناپێکێت.
ئەو دەڵێت، کارمەندەکانمان لەبەردەم مەترسی گەورەدان، هەرچەندە خۆراکی زۆرمان ئامادەیە، بەڵام ناتوانین پێیان بگەیەنین.
رۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵى ئەمریکى نوسیوەتى، ئاوارە فەلەستینیەکان لەبیری ئەوەدان رێگەى “بیابانى سینا و وڵاتى میسر” بگرنەبەر.
میسریش دوو بژاردەى لەبەردەمدایە یان ئەوەیە ئاوارەکان وەربگرێت و نیشتەجێیان بکات، یان ئەوەیە بەتوندى رێگرییان لێبکات.
سامح شوکری، وەزیری دەرەوەى میسر رایگەیاند، میسر بەتەواوەتى رەتیدەکاتەوە ئاوارەکانى غەزە لە سینادا نیشتەجێ بکات.
پاساوى وەزیری دەرەوەى میسر ئەوەیە، بەو کارە ئامانجی ئیسرائیل دێتەدی، کە چۆڵکردنى غەزە و یەکلاییکردنەوەیەتى بۆخۆی، ئەوەش رێگەپێدراو نییە.
رەفەح دەکەوێتە باشورى کەرتى غەزەوە، 107 کیلۆمەتر لە قودسەوە دوورە، شارێکی مێژووى بەناوبانگە و لەگەڵ میسر هاوسنوورە.