ئەمرۆ ژمارەیەک چەکدار لە ناوچەی “تاجیات” لە باکوری بەغداد، پیاوێکی ئاینیان بەر دەسترێژی گولەدا و کوشتیان.
پیاوە ئایینیەکە ناوی “فازڵ مەرسوم”ە دامەزرێنەر و سکرتێری گشتی حیزبی “داعی”یە کە لە ساڵی 2008وە دامەزراوە.
چەکدارەکان کە دوو کەسی نەناسراو بوون بە سواری ماتۆڕ رووبەرووی فازڵ مەرسوم بوونەتەوە کە لە ناو ئوتوموبێلەکەیدا بووە و دوای کوشتنی، چەکدارەکان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵهاتوون، پۆلیس راستەوخۆ گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە و لاشە کوژراوەکەیان گواستووەتەوە بۆ پزیشکی دادوەری.
وەعاش مەرسومی لە ساڵی 1967 لە گوندێکی قەزای خاڵس لە پارێزگای سەڵاحەدین لەدایکبووە، لە ساڵی 1990 وە دەستیکردووە بە بانگخوازی، بەر لەوەش مامۆستای زمانی عەرەبی بووە.
فازڵ مەرسوم بە “ئیمامی رەبانی”ناسراوە و خاوەن جەماوەرێکی زۆرە لە پارێزگای دیالە.
حیزبەکەی مەرسوم بەشداری لە پێنج خولی پەرلەمانی کردووە لەگەڵ دوو خولی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بەڵام بە ناو و لیستی جیاواز.
لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئەمساڵ کە بڕیارە لە 18ی کانونی یەکەم بەرێوەبچێت بە لیستی “وەتەنیون” بەشدارە لە پارێزگای دیالە.
فازڵ مەرسوم هەڵگری پرۆژەیەکی فیکری چاکسازی بووە کە تایەفەگەری رەتکردووەتەوە و گوتویەتی دەبێت چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت کە ئەمەش گرووپە چەکدارەکانی توڕەکردووە.
لە ساڵی 2009 و 2011 بە تۆمەتی سەرکردایەتیکردنی بزووتنەوەیەکی نەناسراو لە دیالە دەستگیرکراوە.
تا ئێستا حیزبەکەی فازڵ مەرسوم بە فەرمی هیچ لێدوان و بەیاننامەیەکیان لەسەر کوژرانی سکرتێرەکەیان بڵاونەکردووەتەوە.
لە رووداوەکەی ئەمرۆدا دوو کەسی دیکە هاوەڵی فازڵ مەرسوم بوون لە ناو ئوتومبێلەکەی کە یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و ئەوی دیکەیان کە شۆفێرەکەیە بە سەختی بریندارە.