ئەمڕۆ نرخى نەوت بۆ نزمتیرن ئاستى لە ماوەى شەش مانگى رابردوودا دابەزى و نرخى یەک بەرمیل نەوتى خاوى برێنت بە 74 دۆلار مامەڵەى پێوەکرا، یەک بەرمیل نەوتى خاوى تەکساسیش بۆ 69 دۆلار دابەزى، هەرچەندە دواتر نزیکەی یەک دۆلار بەرزبوویەوە.
دابەزینەکە لەکاتێکدایە سعودیە و روسیا بەنیازبوون بە کەمکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت، نرخى نەوت لە بۆرسەى جیهانى بەرزبکەنەوە، بەڵام ئەمریکا بە بڵاوکردنەوەى داتاى کۆگاکانى نەوت و بەنزین ریسەکەى لێکردنەوە بە خورى.
دوێنێ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا لە سەردانێکی دەگمەندا گەیشتە کەنداو و لەگەڵ سەرۆکانی ئیمارات و سعودیە ئەو پرسەیان تاوتوێکرد.
پێنجشەممەى رابردوو کۆبوونەوەى ئۆپیک پڵەس لە ڤیەناى پایتەختى نەمسا بەڕێوەچوو، بەگوێرەى کۆنووسى کۆبوونەوەکە “بۆ راگرتنى هاوسەنگى نرخى نەوت لە بازاڕدا بڕیاردرا 2.2 ملیۆن بەرمیل نەوت لە کۆى گشتى ئاستى بەرهەمهێنانى رۆژانەى نەوت کەم بکرێتەوە.”
ئەمە دووەم جارە لەمساڵدا ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت لەلایەن ئۆپیک پڵەسەوە کەمدەکرێتەوە، پێشتر لە مانگى نیسانى ئەمساڵدا بڕیارى کەمرکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت درا و لە کۆبوونەوەى هەفتەى رابردووشدا ئەو کەمکردنەوەیەى پێشوو تا کۆتایى 2023 درێژکرایەوە و ئەو 2.2 ملیۆن بەرمیلەش کە تازە بڕیارى لێدراوە تا چارەکى یەکەمى 2024 بەردەوام دەبێت.
ئەم بڕیارەى ئۆپێک دەبوو نرخى نەوت بەرزبکاتەوە، بەڵام بەهۆى دوو هۆکارەوە نرخى نەوت رووى لە دابەزین کرد، یەکەمیان لەبەرئەوەى خواست لەسەر نەوت لەئێستادا کەمبووەتەوە و هۆکارى دووەمیش ئەمریکایە کە ئامادەکارى بۆ ئەو بڕیارەى ئۆپێکی کردبوو، بەلایەوە شتێکى چاوەڕوان کراو بوو، بە بڵاوکردنەوەى چەند داتایەک نرخى نەوتی دابەزاند.
بەگوێرەى داتاکانى ئەمریکا کە ئێوارەى دوێنێ بڵاوکرانەوە، نەوتى کۆگاکراوى ئەمریکا 4.632 ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە، ئەمەش سەلمێنەرى ئەوەیە کە ئاستى هەناردەکردنى نەوتى ئەمریکا لەدواى بڕیارەکەى ئۆپێکەوە زیادیکردووە بۆئەوەى خواستى بازاڕ پڕکاتەوە و رێگرى لە بەرزبوونەوەى نرخى نەوت بکات.
جگە لەوەش، بەنزینى کۆگاکراو لە ئەمریکا 5.421 ملیۆن بەرمیل زیادیکردووە کە ئەمەشیان بەهەمانشێوە خواست کەمدەکاتەوە و فشاری کردە سەر نرخى نەوت و بەرەو دابەزین و لە ئەنجامدا نرخى نەوت 4%ى بەهاکەى لەدەستدا.