هەڵوەشاندنەوەى سەردانە چاوەڕوانکراوەکەى ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆمارى ئێران بۆ تورکیا ئاماژەى قەیرانێکى ساردى نێوان هەردوو وڵاتى لێدەخوێندرێتەوە، لەکاتێکدا ئەوان نزیکەى 20 ساڵە کار بۆ بەرەوپێشبردنى پەیوەندییە بازرگانییەکانیان دەکەن.
بڕیاربوو رۆژى 28ـى مانگى رابردوو رەئیسى سەردانى ئەنقەرە بکات، بەڵام لایەنى ئێرانى سەردانەکەى هەڵوەشاندنەوە، بەبێ ئاشکراکردنى هۆکارەکەى.
بەدرێژایی هەفتەى رابردوو، بابەتەکە پرسێکى گەرمى ناوەندە میدیایی و سیاسییەکانى هەردوو وڵات بووە و بەردەوامە، میدیاکانى هەردوو وڵات هەندێک هۆکار باس دەکەن کە بوونەتە رێگر لەبەردەم سەردانەکەى رەئیسى و تەوقەیەکى گەرمى لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا. لەم نێوەندەدا شەڕى ئیسرائیل و حەماس وەک سەرەکیترین هۆکار باس دەکرێت.
سەربارى هەڵوەشاندنەوەى سەردانەکە لەم کاتەدا، بەڵام ناوەندە سیاسییەکان چاوەڕوانى ئەوەن لە داهاتوودا رەئیسى پێ بنێتە خاکى تورکیا، ئەوەش لەپێناو بەرژەوەندییە بازرگانییەکانیان، چونکە ئەم دوو وڵاتە لەبوارى ئاڵوگۆڕى بازرگانیدا پێویستییان بەیەکدى هەیە و پەیوەندییە ئابورییەکانیان ساڵانێکە بەرەوپێش دەچێت.
ئێران و تورکیا دوو دەوڵەتى زلهێزن لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا و رۆڵى کاریگەرییان هەیە، لەم ساڵانەى دواییدا سەرەڕاى ململانێکانیان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا، توانیویانە پەیوەندییە سیاسى و بازرگانییەکانیان بەرەوپێش ببەن، بە تایبەت کاتێک باسەکە دێتەسەر بوارى وزە و ئاڵوگۆرى بازرگانی، پرسە سیاسییەکانیان وەلا دەنێنن.
هەردوو دەوڵەت کۆمیتەی کارى بازرگانیی ئێران – تورکیایان لە ساڵى 2001دا دامەزراندووە بۆ ئەوەى گەشە بە قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى بدەن.
هاوردەى گازى سروشتى لە ئێرانەوە بۆ تورکیا، یەک لەو سێکتەرانەیە کە هەردوو وڵات لە پەیوەندییە ئابوورییەکانیاندا پەرەى پێدەدەن. بەگوێرەى ئامارێکى فەرمى تورکیا، لە ساڵى 2022 قەبارەى ئابووریى تورکیا و ئێران %15 هەڵکشاوە و نزیکەى حەوت ملیار دۆلار بووە. لەهەمان ساڵدا تورکیا نۆ ملیار مەتر سێجا گازى سروشتى لە ئێران هاوردەکردووە، لەکاتێکدا تورکیا پێویستى بە رێژەیەکى زیاترى گازى سروشتى هەیە دەیەوێت پێداویستییەکانى گازى سروشتى لە ئێران وەربگرێت.
لە ساڵى 2002دا و لەکاتى هاتنە سەر دەسەڵاتى ئەردۆغان، قەبارەى بازرگانى نێوان تورکیا و ئێران 1.2 ملیار دۆلار بووە و لە ساڵى 2022 گەیشتووەتە حەوت ملیار دۆلار.
ئەردۆغان دواینجار هاوینى 2022 سەردانى ئێرانى کرد و لەگەڵ رەئیسى کۆبووەوە، ئەوکات ئەردۆغان دووپاتی کردەوە وڵاتەکەى بە گرنگییەوە لە پەیوەندییە ئابوورییەکانى لەگەڵ ئێران دەڕوانێت و گوتى، ئامانجمانە قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات بگەیەنینە 30 ملیار دۆلار.
شیکەرە سیاسییەکانى هەردوو وڵات چاوەڕوانن لە داهاتوویەکى نزیکدا رەئیسى سەردانەکەى بۆ ئەنقەرە ئەنجام بدات، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان پرسی وزە و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانیان دەبێت.