بەردەوامیی جەنگ و قوربانییە مرۆییەکان لە غەزە، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانی ناچار بە هەنگاوێکی دەگمەن کرد کە یەکەمجارە وەکو سکرتێری رێکخراوەکە ئەو دەسەڵاتە بەکاردەهێنێت.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، نووسراوێکی بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش نارد و ماددەی 99ی پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتووەکانی تێدا بەکارهێناوە، ماددەیەک کە بە دەگمەن لەلایەن سکرتێرەکانی رێکخراوەکەوە پەنای بۆ دەبرێت، تەنها لەو کاتانەدا نەبێت، کە پێی وایە “ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی لە مەترسیدایە”.
ماڵپەڕی تایبەت بە رێکخراوەکە دەڵێت، لە نامەکەی گۆتێرێس بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش ئاماژە بەوە دراوە، بەهۆی دۆخی غەزەوە، “جیهان رووبەڕووی مەترسییەکی گەورەی داڕمانی سیستمی مرۆیی بووەتەوە و کارەساتەکە بەرەو ئەوەیە کە کاریگەری لەسەر فەڵەستینییەکان بە گشتی و ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە هەبێت”، بۆیە گۆتێرێس دەڵێت، “بێ چەند و چوون، پێویستە هەر 15 ئەندامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش دەسەڵاتەکانیان بەکاربهێنن بۆ رێگرتن لە کارەساتی مرۆیی گەورەتر”.
پێشبینی دەکرێت، دوای نامەکە، سبەینێ هەینی ئەنجوومەنی ئاسایش کۆببێتەوە و جەنگی غەزە تاوتوێ بکات، دوای ماوەیەکی کەمیش لە هەنگاوەکەی گۆتێرێس، روسیا و ئیمارات داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشیان کرد، تەنانەت ئیمارات پرۆژەبڕیارێکی پێشکەش بە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە کرد، پشتبەست بە نامەکەی گۆتیرێس، داوای “وەستاندنی دەستبەجێی شەڕ” دەکات.
جۆزێف بۆریێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا پشتگیریی لە هەنگاوەکەی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات بۆ کارکردن بە ماددەی 99ی پەیماننامەی رێکخراوەکە و داوا لە وڵاتە ئەوروپییەکان دەکات پشتگیریی هەنگاوەکە بکەن.
سەرەڕای ئەو پشتگیرییە روسی و ئەوروپییە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، پێدەچێت بەهۆی هەڵوێستی ئەمریکاوە، هەوڵەکەی گۆتیرێس بۆ راگرتنی شەڕی غەزە لە ئەنجوومەنی ئاسایش سەرنەگرێت، بەو پێیەی سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا هانی تەلئەبیب دەدات لە شەڕەکەدا قوربانیی مەدەنى فەڵەستینی کەم بکاتەوە، بەڵام زیاتر لە جارێک رایگەیاندووە کە ئیسرائیل مافی بەرگریکردن لە خۆی هەیە، تائێستاش داوای راگرتنی تەواوەتی شەڕی غەزەی نەکردووە.
بێگومان هەنگاوەکەی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بە دڵی ئیسرائیلیش نەبوو، هەرزوو جەلعاد ئیردان، نوێنەری هەمیشەیی تەلئەبیب لە رێکخراوەکە، هێرشی کردە سەر گۆتیرێس و نامەکەی بە “داڕمانێکی نوێی ئەخلاقی” وەسفکرد، ئەو، پێی وایە پەنابردن بۆ ماددەی 99 تەنها بۆ فشارخستنە سەر ئیسرائیلە.
دواتر حکومەتی عێراقیش پشتگیریی خۆی بۆ داواکەی کۆتێرێس دەربڕی، بەوپێیەی بەغداد پێی وایە، “دۆخی غەزە مەترسییەکی راستەقینەیە لەسەر ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتی، تراژیدیا مرۆییەکانیش پێویستی بە دەستوەردانێکی نێودەوڵەتیی دەمودەست هەیە، بۆ کۆتاییپێهێنانی”
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لە 15 ئەندام پێکهاتووە، دەرکردنی هەر بڕیارێکیش لە ئەنجوومەنەکە، پێویستی بۆ 9 دەنگە، بێ ئەوەی هیچ یەکێک لە وڵاتانی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنەکە، کە بریتین لە ئەمریکا، روسیا، چین، بەریتانیا و فەرەنسا، ڤیتۆی بڕیارەکە بکەن.