ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا بە چوار فڕۆکەی سەربازییەوە گەشتی دەگمەنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەستپێکرد، سەرەتا لە ئیمارات دابەزی و دواتر لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە کۆدەبێتەوە، کرۆکی سەردانەکەشی پرسە نەوتە!
کۆبوونەوەی پوتین لەگەڵ محەمەد بن سەلمان لەکاتێکدا نرخی نەوت بەرەو خوارەوە دەڕوات سەرباری هەوڵە بەردەوامەکانی ئۆپێک پڵەس بۆ زیاتر کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، ئۆپێک پڵەس رێکخراوەکە کە لە وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت (ئۆپێک) و هاوپەیمانەکانی پێک دێت و روسیا سەرپەرشتی دەکات.
فڕۆکەکەی پوتین کە لەلایەن چوار فڕۆکەی شەڕکەری سوخۆی 35ـەوە پاسەوانی دەکرا لە ئیمارات نیشتەوە و پێشوازییەکی تایبەتی لێکرا، ئەو لەلایەن محەمەد بن زیاد، سەرۆکی ئیمارات پێشوازی لێکرا و پوتینی بە “هاوڕێی ئازیز” ناوبرد.
محەمەد بن زیاد گوتی، “پەیوەندییەکانمان بە زۆری بەهۆی تۆوە، گەیشتووەتە ئاستێکی بێپێشینە، ئیمارات هاوبەشێکی سەرەکی روسیایە.”
پوتینیش گوتی، هەردوو وڵات لەناو رێکخراوی ئۆپێک پڵەسدا هەماهەنگییان کردووە کە 40%ی نەوتی جیهان بەرهەمدەهێنن، جەختیکردەوە کە تاوتوێی جەنگی حەماس-ئیسرائیل و ئۆکراینیش دەکەن.
لەدوای ئیمارات، بڕیارە پوتین سەردانی سعودیە بکات بۆ یەکەم بینینی رووبەڕووی لەگەڵ محەمەد بن سەلمان دوای تشرینی یەکەمی 2019، دواین سەردانی پوتین بۆ ناوچەکە لە تەموزی 2022دا بوو کاتێک سەردانی ئێرانی کرد و لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران یەکتریان بینی.
تاوەکو ئێستا دیار نییە کە ئاخۆ پوتین کە زۆر بە دەگمەن روسیای بەجێهێشتووە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراین دەیەوێت تاوتوێی بازاڕی نەوت بکات یاخود نا، بە تایبەت دوای ئەوەی ناکۆکییەکان چەند رۆژێکە کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەسی دواخستووە.
کریملن دەڵێت، سەرباری نەوت، باس لە جەنگی حەماس-ئیسرائیل، دۆخی سوریا و یەمەن، سەقامگیری کەنداو و جەنگی ئۆکراینیش تاوتوێ دەکرێت.
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، پوتین لە مۆسکۆ پێشوازی لە ئیبراهیم رەیسی، سەرۆککۆماری ئێران بکات.