زووم:
کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئاپیکۆر)، کە نوێنەرایەتی سەرجەم کۆمپانیاکانی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم دەکات، نیگەرانى خۆى سەبارەت بە بەشداریپێنەکردنى لە کۆبوونەوەکانى نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق و کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکاندا راگەیاندووە.
ئەم نیگەرانییەی ئەپیکۆر لەکاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە نۆ مانگە هەناردەی نەوتی هەرێم راگیراوە و لەوکاتەوە چەندین کۆبوونەوەی باڵا لەنێوان بەرپرسانی تورکیا، عێراق و هەرێمى کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بەڕێوەچوون، بەڵام تا ئێستا بەرچاو ڕوونییەک نییە، کە کەی هەناردەی نەوت دەستپێدەکاتەوە.
لەو بارەیەوە ئەپیکۆر لە بەیاننامەیەک رایگەیاند، هەموو ئەندامانی کۆمەڵەکە بڕوای تەواویان هەیە، کە ئەو گرێبەستانەی لە ئێستادا هەیانە بەشێوەیەکی یاسایی پابەندکەرن و دەتوانرێت بێ کێشە جێبەجێبکرێن.
هەروەها جەختیکردووەتەوە، دەتوانرێت چارەسەری کۆنکرێتی بگیرێتەبەر بۆ ئەو کێشانەى لەبارەى گرێبەستەکان هەیەو دەستبەجێ هەموو لایەنەکانی پەیوەست بە پرسەکەوە رازیبکرێت و سەرجەم ئەو مافانەی کۆمپانیا نەوتییەکان بپارێزێت، کە لە گرێبەستەکاندا هاتوون، بەمەش دەتوانرێت هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە.
لە راگەیەندەراوەکەشدا هاتووە، کۆمەڵەی ئەپیکۆر ئامادەیە لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا کۆببێتەوە بۆ چارەسەری دۆخەکە بەشێوەیەک سود بە هەموو لایەنەکانی عێراق بگەیەنێت.
وتەبێژی کۆمەڵەکە بەناوی مایڵز کاگینز، لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، پابەندبوونی گرێبەستەکان و بەرچاو روونی لەبارەی دانەوەی قەرزەکانیان و ئەو پارانەی لەداهاتوودا دەکەوێتە ئەستۆی حکومەت گرنگییەکی زۆرى هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی تەواوی نەوت لە کێڵگەکانیاندا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەندامانی ئەپیکۆر ئامادەن لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمدا کۆببنەوە، هۆشداریش دەدات لە بەردەوامی دواخستنی هەناردەی نەوت کاریگەری لەسەر ژیانی ئابووری هەموو عێراقییەکان دروستدەکات.