زووم:
ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان دەیان ساڵەی شەڕ و ململانێیانە لەسەر مافی خاکی پیرۆز، ململانێیەک ساڵانێکی زۆرە بووەتە یەکێک لە دژوارترین ململانێکانی جیهان. ئەگەرچی ئەمریکا پشتیوانێکی بەهێزی ئیسرائیلە، بەڵام هەر لە کۆنەوە هەوڵی داوە چارەسەری دیبلۆماسییانە بە جۆرێک پەرە پێبدات ببێتە مایەی ئاشتەوایی نێوان ئەو دوو لایەنەی کێبڕکێیانە لەسەر مافەکانیان.
چەندین ئیدارەی ئەمریکی نەخشەڕێگایان بۆ پرۆسەی ئاشتی پێشنیار کردووە بە جۆرێک ئەنجامەکەی دەوڵەتێکی ئیسرائیلی و یەکێکی فەلەستینی بێت. ڕەخنەگرانی سیاسی دەڵێن دۆناڵد ترەمپ ئاسۆکانی چارەسەریی دوو دەوڵەتی بە هۆکاری سیاسەتگەلێکی مشتومڕهەڵگر لەبارەی لایەنەکانی ململانێ و شەڕ سنووردار کردبوو. بەڵام ئیدارەی جۆ بایدن پشتیوانیی ئەمریکای بۆ چارەسەری دوو-دەوڵەت دووپات کردووەتەوە. سەرەڕای ئەمانە، توندوتیژی لەنێوان هەردوولادا گەیشتووەتە ئاستێک لە دوایین راپەڕینی فەلەستینییەکانەوە کە لە ٢٠٠٥ کۆتایی هات، تا ئێستا نەبینراوە.
شەڕی ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان لەسەر چییە؟
شەڕی ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان ڕەگوڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی سەدەیەک ناکۆکی لەسەر مافی خاکی پیرۆز، ناوچەیەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گرنگییەکی یەکجار زۆری ئایینی و مێژووییەوە بۆ کریستیانەکان، جووەکان و موسڵمانەکان.
لە دوای بڵاوبوونەوەی کتێبی “دەوڵەتی جووەکان”ی “تیۆدۆر هێرزڵ” ژمارەی ئەو جووانەی باریانکرد بۆ فەلەستینی عوسمانییەکان-ناوچەیەکی زۆرینە عەرەبنشین- زیادی کرد. کتێبەکە پشتیوانی لە بیرۆکەی بەهەشتێک بۆ جووەکانی لەسەر زێد دێرینی خۆیان دەکرد تا لە بیری دژەجوو (دژە سامییەت) لە ئەورووپا رزگاریان ببێت. کۆچکردن لە دوای هۆڵۆکۆستی جەنگی جیهانیی دووەم زیاتر تاوی سەند، کە تێیدا نازییەکانی ئەڵمانیا شەش ملیۆن جوویان کوشت.
لە ١٩٤٧، دوای ساڵانێک لە توندوتیژیی نێوان عەرەبەکان و جووەکان، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی دا بە دامەزراندنی دوو دەوڵەت لەسەر خاکی فەلەستین، یەکێک بۆ جووەکان و یەکێکی دیکەیش بۆ عەرەب. دوای ماوەیەکی کەم، جووەکان دەوڵەتی سەربەخۆی ئیسرائیلیان راگەیاند. ئەمەیش هانی هەزاران جووی دیکەی دا بەرەو ئیسرائیل کۆچ بکەن و شەڕ لەلایەن دەوڵەتانی عەرەبی دراوسێوە دەستیپێکرد.
عەرەبە فەلەستینییەکان دەڵێن جووەکان، بە هاوکاریی هێزە رۆژئاواییەکان، لەنێویاندا ئەمریکا و شانشینی یەکگرتوو، بەزۆر و بەنایاسایی خاکی باووپیرانیان لێ داگیرکردوون.
عەرەبە فەلەستینییەکان دەڵێن جووەکان، بە هاوکاریی هێزە رۆژئاواییەکان، لەنێویاندا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و شانشینی یەکگرتوو، بەزۆر و بەنایاسایی خاکی باووپیرانیان لێ داگیرکردوون. ئەوان دامەزراندنی ئیسرائیل و شکستی سوپا عەرەبییەکان هاوپەیمانەکان لە جەنگی ساڵی ١٩٤٨ بە نەکبە یان “کارەسات و بەڵا” ناو دەبەن، کە بەگوێرەی خەمڵاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە حەوتسەد هەزار فەلەستینی لە رەگ هەڵکەندران.
لە دەیەکانی دواتردا، ناکۆکیی ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان بەبەردەوامی کڵپەی ململانێ و شەڕی خۆش کردووە، لەنێویاندا جەنگی فرەدەوڵەتی و ڕاپەڕینە چەکدارییەکان (ئینتیفازەکان). خاڵێکی وەرچەرخانی مەزن جەنگی شەش-ڕۆژە بوو، کە بە داگیرکردنی رۆژهەڵاتی ئورشەلیم (قودس) و کەناری رۆژئاوا و غەزە لەلایەن ئیسرائیلەوە گەیشتە لوتکە. لەم پاشهاتی ئەم قۆناغەدا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی ٢٤٢ی پەسەند کرد، تێیدا داوا لە ئیسرائیل کرا لەو خاکانە بکشێتەوە کە داگیری کردبوون، ئەویش لەپێناو ئاسایش و دانپێدانانی سنوورەکان لە بەرامبەر ئاشتیدا. بڕیارنامەکە بێ وردەکاری بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خاڵێکی وەرچەخان بوو، بووە بنەما دیبلۆماسییەتی داهاتوو بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ و شەڕی عەرەب-ئیسرائیلی.
ئەمڕۆ، ناوچەکە نیشتمانی زیاتر لە دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار فەلەستینییە لە کەرتی غەزە و سێ ملیۆن و ٢٠٠ هەزاری دیکە لە کەناری رۆژئاوا. هەرچەندە زۆرینەی ئەو نۆ ملیۆن و ٧٠٠ هەزارەی دانیشتووی ئیسرائیل جوون، بەڵام دەوروبەری دوو ملیۆنیان عەرەبن. هەوڵە دیبلۆماسییە نێودەوڵەتییەکان بۆ نێوبژیوانیی رێککەوتنی سیاسی پێشکەوتنێکی سنوورداریان لێکەوتووەتەوە. زۆرینەی هەوڵە دیبلۆماسییەکانی ئەمدواییانە بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا جەختیان کردووەتە سەر چارەسەرکردنی چەندین کێشەی کاکڵی و بنەڕەتی:
سنوورەکان. بیرۆکەی دوو دەوڵەتی جودا، یەکێکی ئیسرائیلی و ئەوی دیکەیان فەلەستینی، کە بەگشتی وەک چارەسەریی دوو-دەوڵەتی ئاماژەی بۆ دەکرێت، ماوەی چەندین دەیەیە پشتیوانیی گرنگی نێودەوڵەتی هەیە. بەگوێرەی بیرۆکەکە دەوڵەتێک بۆ فەلەستینییەکان دادەمەزرێندرێت کە بەشی زۆری کەناری رۆژئاوا- لەگەڵ ئاڵووێری خاک بۆ قەرەبووکردنەوەی هەندێک لەو ئیسرائیلییانەی لەوێ جێگیربوون- و غەزە لەخۆ دەگرێت، کە ئیسرائیل تاکلایەنە لە ساڵی ٢٠٠٥ لێی کشایەوە. زۆرینەی دیبلۆماسیی نێودەوڵەتی کە پشتیوانیی چارەسەری دوو-دەوڵەت دەکەن لەگەڵ گەڕانەوەی ئیسرائیلدان بۆ سنوورەکانی پێش ساڵی ١٩٦٧، بەڵام هیچ هاودەنگی و پێکهاتنێک لە ئارادا نییە لەبارەی ئەوەی چۆن ئەمە بکرێت بەجۆرێک حیساب بۆ فەلەستینییەکانی نێو ئەو سنوورانە و جووە ئیسرائیلییەکانی ئەودیو ئەو سنوورانە بکرێت.
ئورشەلیم (قودس). ئەو شارە کێشەلەسەرەی سنووری ئیسرائیل و کەناری رۆژئاوا لەخۆ دەگرێت. ئیسرائیل تەواوی شارەکەی لکاندووە بە خۆیەوە و کردوویەتی بە پایتەختی؛ فەلەستینییەکانیش داوا دەکەن قودسی رۆژهەڵات ببێتە پایتەختی دەوڵەتەکەیان. چارەسەری دوو-دەوڵەت دەخوازێت قودسی رۆژهەڵات ببێتە پایتەختی فەلەستینییەکان.
پەنابەران. جەنگەکانی ١٩٤٨ و ١٩٦٧ ئاوارەبوونی یەک ملیۆن پەنابەری فەلەستینی لێکەوتەوە. ڕزگاربووانی جەنگ و نەوەکانیان کە زۆربەیان لە ئوردن، لوبنان و سووریا دەژین، داوای مافی گەڕانەوە بۆ ئیسرائیل دەکەن، لەکاتێکدا بڕیارنامەی کۆمەڵی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی ١٩٤٨ پشتیوانی لەو داوایە دەکات. گوتوبێژ بەردەوامە لەسەر ئەوەی پێویستە نەوەی رزگاربووان وەک پەنابەر ئەژمار بکرێن لەکاتێکدا ئەو مافەیان هەیە. ئیسرائیل مافی گەڕانەوە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر بوونی خۆی وەک دەوڵەتێکی جوو تەماشا دەکات، هەروەها باوەڕی وایە پێویستە پەنابەران بچنە سەر ئەو دەوڵەتە فەلەستینییەی کە وەک چارەسەری دوو-دەوڵەت دروست دەکرێت.
ئاسایش. ئیسرائیل هەندێک لە گرووپە چەکدارە فەلەستینییەکان وەک هەڕەشەگەلی وجوودی دەبینێت، بەتایبەتی حەماس، ئەو رێکخراوە ئیسلامییەی فەرمانڕەوایی غەزە دەکات و پەیمانی داوە ئیسرائیل وێران بکات. تەقینەوە خۆکوژی و هێرشە مووشەکییەکان زۆربەی جار هاووڵاتیی ئیسرائیلی دەکەنە ئامانج. ئیسرائیل دەیەوێت ئەم گرووپانە چەک بکرێن و دەوڵەتی فەلەستین ناسەربازی بێت، بەڵام ڕازییە بەوەی فەلەستینییەکان پێویستە هێزێکی پۆلیسیی پتەو و توانایان هەبێت. فەلەستینییەکان بە دوای ئەوەوەن داگیرکارییە سەربازییەکانی ئیسرائیل کۆتایی پێبهێنن و جڵەوی تەواوەتیی ئاسایشی خۆیانیان دەوێت، لەگەڵ ئەوەیشدا رازین بە سنوورداریی چەکەکانیان. ئیسرائیل دەیەوێت توانای ئەوەی هەبێت لەناو خاکی فەلەستینییەکاندا دژی هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی وڵاتەکەی بوەستێتەوە.
دانپیادانانی دوولایەنە. هەردوولا بە دوای ئەوەوەن دان بە بوونی یەکتردا وەک دەوڵەت بنێن، هەروەها کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش دانیان پێدا بنێت. زۆربەی ئیسرائیلییە جووەکان دەیانەوێت ببینن ئیسرائیل وەک دەوڵەتی جوو دانی پێدا بنرێت، لەکاتێکدا فەلەستینییەکان دەیانەوێت ئیسرائیل دان بە بە ئاوارەبوونی زۆرەملێیان لەژێر سایەی “نەکبە”دا بنێت.
کۆتایی شەڕ و ململانێ. هەردوولا بە دوای رێککەوتنی ئاشتییەوەن بە جۆرێک کۆتایی بە ململانێیان بهێنێت و رێز لە مافی هەر لایەنێکیان بگیرێت، هەروەها ببێتە مایەی ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەب، هەر وەک لە دەستپێشخەریی ئاشتیی عەرەبیی کۆمکاری عەرەبیدا هاتووە.
بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەم کێشمەکێشەدا چیین؟
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەمێژساڵە گرنگییەکی ناوەندی و سەرەکی بۆ ئەمریکا هەیە، چونکە ئیدارە یەکلەدواییەکەکان بە دوای کۆمەڵێک ئامانجی بەرفراوانی پەیوەندیدارن لەنێویاندا دەستبەرکردنی سەرچاوە گرنگەکانی وزە، رێگریکردن لە کاریگەرییەکانی سۆڤیەت و ئێرانییەکان، دڵنیابوونەوە لە مانەوە و ئاسایشی ئیسرائیل و هاوپەیمانە عەرەبەکان، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، پەرەپێدانی دیموکراسی و کەمکردنەوەی لێشاوی پەنابەران. هەروەها، ئەمریکا هەوڵی گەیشتن بە چارەسەری ململانێی ئیسرائیلی و فەلەستینییەکانی داوە، کە بزووێنەرێکی گەورەی جموجووڵی هەرێمایەتی بووە، چاوێکی لەسەر بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە ستراتیجییانە بووە و لەگەڵ ئەوەیشدا هاوسەنگیی پشتیوانیکردنی بۆ ئیسرائیل و سەقامگیرییەکی فراوانتری هەرێمایەتی ڕاگرتووە. لە هەمان کاتدا، کێشمەکێش و ململانێ بووەتە مایەی نیگەرانیی بنچینەیی کۆمەڵی جووی ئەمریکی و کریستیانە ئینجیلییەکان، هەردووکیان پاڵپشتیکاری بەهێزی ئیسرائیلن.
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەمێژساڵە گرنگییەکی ناوەندی و سەرەکی بۆ ئەمریکا هەیە، چونکە ئیدارە یەکلەدواییەکەکان بە دوای کۆمەڵێک ئامانجی بەرفراوانی پەیوەندیدارن لەنێویاندا دەستبەرکردنی سەرچاوە گرنگەکانی وزە
بەڵام بەرژەوەندیی ئەمریکا لە چارەسەرکردنی ململانێ لەم ساڵانەی دواییدا کەم بووەتەوە. دوای دەستپێکردنی راپەڕینەکانی ساڵی ٢٠١١ کە بەگشتی بە بەهاری عەرەبی ناسراون، جەنگ لە سووریا و یەمەن، تەقەلای ئێران بۆ سەردەستی لە ناوچەکە، هەروەها گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک ئەلقائیدە و ئەوانەی خۆیانیان بە دەوڵەتی ئیسلامی ناو دەبرد بوونە مایەی هەڕەشەی راستەوخۆ لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. جگە لەوەیش، پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی چیتر وا دیار نییە بەند بێت بە دۆزی ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان، ئەمەیش وایکردووە ململانێکان کەمتر لە لەپێشینەی کارەکان بن.
ئەمریکا چۆن لەو ململانێیەدا بەشدار بووە؟
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر لە نیو سەدەیە یاریزانێکی سەرەکیی ململانێی نێوان ئیسرائیلی و فەلەستینییەکانە. لە پاش ماوەیەکی کەم لە جەنگی جیهانیی دووەم بەشداری کرد، چووە پاڵ داوای شانشینی یەکگرتوو لە ساڵی ١٩٤٦ کە پێشنیازی کرد سەد هەزار ڕزگاربووی هۆڵۆکۆست ببرێنە فەلەستین و لەوێ نیشتەجێ بکرێن، کە نە دەوڵەتێکی جوو بێت نە عەرەب. ئەمریکا دواتر لە ساڵی ١٩٤٨ بووە یەکەم وڵات کە دانی بە ئیسرائیلدا نا وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری.
دوای جەنگی شەش ڕۆژەی ساڵی ١٩٦٧، ئەمریکا هاوشانی بەریتانیا، فەرەنسا، ڕووسیا و نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵیدا نێوەندگیریی ململانێیەکی بەرفراوانتری ئیسرائیلی-عەرەبی بکات. بەڵام ئەوە جەنگی ساڵی ١٩٧٣ بوو تێیدا ئیسرائیل دەستپێشخەریی ململانێی کرد بۆ بەرگریلەخۆکردن لە دژی هێرشی هێزەکانی سووریا و میسڕ کە ئەمریکای ناچار کرد پێشەنگیی دیبلۆماسییەتی داهاتوو بکات. هەرچەندە لە ڕووی سەربازییەوە ئیسرائیل شەڕەکەی بردەوە، بەڵام هێزەکانی وڵاتانی عەرەبی گورزێکی گەورەی دەروونییان لەو وڵاتە دا.
کۆمکاری عەرەبی لە ساڵی ١٩٧٤ “ڕێکخراوی ڕزگاریخوازیی فەلەستین”ی وەک “تاکە نوێنەری ڕەوای گەلی فەلەستین” ناساند
جەنگەکە خاڵێکی گەورەی وەرچەرخان بوو بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، بە جۆرێک هانی وڵاتانی عەرەبی بەرهەمهێنەری نەوتی دا کە کۆسپ و گەمارۆی زیانبەخش بەسەر ئەمریکادا بسەپێنن، هەروەها ئەمریکای پشتیوانی ئیسرائیل و یەکێتیی سۆڤیەتی چەکدارکەری میسڕ و سووریای پەلکێشی نزیک لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئەتۆمی کرد، کە ماوەیەک بوو گرژیی نێوانیان ڕەویبووەوە. جەنگەکە بووە بەخششێک بۆ دۆزی فەڵەستینییەکان، بەوپێیەی کۆمکاری عەرەبی لە ساڵی ١٩٧٤ “ڕێکخراوی ڕزگاریخوازیی فەلەستین”ی وەک “تاکە نوێنەری ڕەوای گەلی فەلەستین” ناساند.
کاتهێڵی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل-فەلەستین
١٩٤٧: بڕیارینامەی ژمارە ١٨١ی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات فەلەستین دابەش ببێت بۆ دوو دەوڵەتی جوو و عەرەب و شاری قودس وەک قەوارەیەکی جیاواز دەستنیشان بکرێت.
١٩٤٨: ئیسرائیل بڕیارنامەی ژمارە ١٨١ی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی قبووڵ کرد و سەربەخۆیی خۆی راگەیاند. بەرەنگاری سوپای وڵاتانی عەرەبی دراوسێی دەبێتەوە کە دژی بوونی ئەون. بڕیارنامەی ١٩٤ی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیە کگرتووەکان ماف بە گەڕانەوەی فەلەستینییەکان دەدات.
١٩٦٧: لە وەڵامی ئامادەکاریی سەربازیی وڵاتانی عەرەب، ئیسرائیل هێرشی پێشوەختەی دەستپێکرد و بەرزاییەکانی جۆلان، قودسی رۆژهەڵات، کەناری رۆژئاوا، کەرتی غەزە و نیمچەدوورگەی سینای گرت. بڕیارنامەی ژمارە ٢٤٢ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دیدگای “خاک لە بەرانبەر ئاشتی” دەچەسپێنێت کە دەبێتە بناغەی دانوستانەکانی داهاتووی عەرەب-ئیسرائیل.
١٩٧٣: لە ماوەی سێیەم جەنگی عەرەب-ئیسرائیل، ئەمریکا پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات دژبە هاوپەیمانیی وڵاتانی عەرەب کە هەوڵی بەدەستهێنانەوەی خاکە لەدەستچووەکان دەدەن، ئاگربەست ڕێکدەخات و پرۆسەی ئاشتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات.
١٩٧٨-١٩٧٩: سەرۆکی ئەمریکا جیمی کارتەر میوانداری لە سەرۆکی میسڕ ئەنوەر سادات و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل مێناخێم بێگین لە کامپ دەیڤد دەکات، لەوێ چوارچێوەیەک بۆ ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژرێت کە خۆبەڕێوەبەری فەلەستینییەکانیش لەخۆ دەگرێت. لە دوای چەندین دانوستان، میسڕ و ئیسرائیل پەیماننامەیەکی ئاشتی واژۆ دەکەن.
١٩٨٧-١٩٩٣: یەکەم راپەڕین “ئینتیفازە” توندوتیژیی بەرفراوانی لێدەکەوێتەوە و ئاکامەکەی مەرگی چەند سەد ئیسرائیلیەک و نزیکەی دوو هەزار فەلەستینی دەبێت.
١٩٨٨: یاسر عەرەفات سەرۆکی رێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستینی بڕیارنامەی ژمارە ٢٤٢ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان قبووڵ دەکات وەک بناغەیەک بۆ دانوستانی فەلەستین- ئیسرائیل.
١٩٩١: کۆنفرانسی مەدرید، کە ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت بەهاوبەشی میواندارییان دەکرد، بۆ یەکەم جار دەرگای دانوستانی نێوان ئیسرائیلییەکان و فەلەستینییەکانی کردەوە.
١٩٩٣: دانوستانە نهێنییەکانی ئیسرائیل-فەلەستین کە لە نەرویج ئەنجام دران، ئەنجامەکەی ڕێککەوتنی ئۆسلۆ بوو، تێیدا داوای کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی سەربازانی ئیسرائیل لە کەناری رۆژئاوا و غەزە و بوونی حکوومەتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستینی دەکات. رێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستینی دان بە مافی هەبوونی ئیسرائیلدا دەنێت و ئیسرائیلیش دان بە رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستینی وەک نوێنەری گەلی فەلەستین دەنێت.
١٩٩٤: ئیسرائیل و ئوردن پەیامننامەیەکی ئاشتی بە نێوەندگیریی ئەمریکا واژۆ دەکەن.
١٩٩٥: ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆی دووەم حکوومەتی خۆبەڕێوەبەریی فەلەستین لە غەزە و ٤٠ لە سەدی کەناری رۆژئاوا دادەمەزرێنێت.
٢٠٠٠: سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئیهود باراک و عەرەفات بەشداری لە لوتکەی کەمپ دەیڤد دەکەن کە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا بیڵ کڵینتنەوە رێکخرابوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر سنوورەکان، رێککەوتن، پەنابەران و قودس. بەڵام گفتوگۆکان بەبێ رێککەوتن کۆتاییان هات. کڵینتن سنوورداری و رەوشی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستینی بۆ ژیانێکی ئاشتییانە لەگەڵ ئیسرائیل رادەگەیەنێت.
٢٠٠٢: دەستپێشخەریی ئاشتیی عەرەبی کە بە “دەستپێشخەری سعوودیە”ش ناسراوە، پێشنیازی ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ جیهانی عەرەبی دەکات لە دوای چارەسەرکردنی ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین. لە دوای هێرشە “تیرۆرستییەکان”ی ناو خاکی ئیسرائیل، سوپای ئەو وڵاتە جارێکی دیکە کۆنترۆڵی ناوچەی ژێر فەرمانڕەوایی فەلەستین لە کەناری رۆژئاوا دەکات و دواتر سنوورێکی ئاسایشی لە کۆمەڵەگە جوونشینەکان لە قودسی رۆژهەڵات دادەمەزرێنێت.
٢٠٠٣: سەرۆکی ئەمریکا جۆرج دەبلیو بوش نەخشەڕێگەیەکی راگەیاند بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئیسرائیل و فەلەستین، بەجۆرێک ببێتە هۆی درووستبوونی دەوڵەتێک بۆ فەڵەستین.
٢٠٠٠-٢٠٠٥: لە دوای هەرەسی پرۆسەی ئاشتیی ساڵی ٢٠٠٠، نەمانی متمانە لەنێوان هەردوولادا پریشکی ئاگری راپەڕینی دووەمی خۆشکرد، کە تێیدا هەزار ئیسرائیلی و زیاتر لە سێ هەزار فەلەستینی کوژران.
٢٠٠٥: ئیسرائیل لە غەزە دەکشێتەوە، بە کۆمەڵگە جوونشینەکانیشەوە. سەرۆک بوش نامەیەک بۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاریێڵ شارۆن دەنێرێت و دان بە واقیعی کۆمەڵگەی جوونشین لە کەناری رۆژئاوادا دەنێت.
٢٠٠٨-٢٠٠٩: دوای هێرشی مووشەکیی حەماس بۆسەر سیڤیلی ئیسرائیلی لە غەزە، ئیسرائیل کەوتە شەڕ لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین لە کەرتەکەدا. شەڕ و ململانێی چەندین هەفتەیی کوژرانی زیاتر لە هەزار فەلەستینی و سیانزە ئیسرائیلی لێکەوتەوە.
٢٠١٣-٢٠١٤: ئیدارەی باراک ئۆباما دانوستانەکانی ئیسرائیل و فەلەستینی دەستپێکردەوە، بەڵام گفتوگۆکان بەهۆی رێککنەکەوتن لەسەر کۆمەڵگە جوونشینەکان و ئازادکردنی زیندانییانی فەلەستینی و هەندێک پرسی دیکە شکستیان هێنا.
٢٠١٧: سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ رایدەگەیەنێت باڵوێزخانەی وڵاتەکەی دەگوازێتەوە بۆ ئورشەلیم (قودس) و وەک پایتەختی وڵاتی ئیسرائیل دەیناسێنێت.
٢٠١٨: ئەمریکا هاوکارییەکانی بۆ فەلەستینییەکان و ئاژانسی کار و بەهاناوەچوونی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین (ئونروا) دەبڕێت، هەروەها نووسینگەی ڕێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین لە واشنتن دی سی دادەخات و باڵوێزخانەی خۆی لە ئورشەلیم دەکاتەوە.
٢٠١٩: ئیدارەی ترەمپ دان بە سەروەریی ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی جۆلاندا دەنێت و ناتەبایی خۆی لەگەڵ بۆچوونێکی دەیانساڵەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی دەردەبڕێت کە دەڵێت کۆمەڵگەی جوونشینی ئیسرائیل لە کەناری رۆژئاوا لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی ناتەبایە.
٢٠٢٠: سەرۆک ترەمپ دیدگای خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین رادەگەیەنێت. بەگوێرەی دیدگاکە ئیسرائیل ٣٠ لە سەدی خاکی کەناری رۆژئاوا بخاتە ژێر رکێفی خۆی و دەوڵەتێکی بچووکتری فەلەستینی دابمەزرێت. دواتر دانوستانکارانی ئیدارەکەی مامەڵە لەگەڵ چەندین دەوڵەتی عەرەبی دەکەن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل.
٢٠٢١: دەرکردنی فەلەستینییەکان لە قودسی رۆژهەڵات و پێکدادانەکان لە مزگەوتی ئەقسا بووە هۆی هەڵایسانی شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و حەماس کە کوژرانی زیاتر لە دووسەد هاووڵاتی لە غەزە و لانیکەم دە ئیسرائیلی لێکەوتەوە. ئیدارەی جۆ بایدن یارمەتیی نێوەندگیرییەک بۆ شەڕڕاگرتن و هەوڵی چاککردنەوەی هاوکارییەکانی ئەمریکا و پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان لەگەڵ فەلەستینییەکان دەدات.
٢٠٢٢: ئیسرائیل لە وەڵامی چەندین هێرشی فەلەستینییەکان دژبە ئیسرائیلییە جووەکان، ئۆپەراسیۆنی “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر” لە کەناری رۆژئاوا دەستپێدەکات. ئۆپەراسیۆنەکە و سەرهەڵدانەوەی هاوکاتی چەکدارانی فەلەستین بەشدارن لە هاتنەکایەی کوشندەترین ساڵ بۆ هەردوولا لە دوای راپەڕینی دووەمەوە.
لە مانگەکانی دوای شەڕ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هێنری کیسنجەر وەک نێوەندگری سەرەکیی نێوان وڵاتانی عەرەب و ئیسرائیل خزمەتی کرد. دیبلۆماسییەتی مەکۆیی کیسنجەر لەنێوان پایتەختەکانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵانی ١٩٧٤ و ١٩٧٥دا هاوکار بوو بۆ تەشەنەنەسەندی جەنگ و رزگارکردنی شەڕکەران.
لە ساڵی ١٩٧٨، سەرۆکی ئەمریکا جیمی کارتەر گفتوگۆی کەمپ دەیڤدی بۆ ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و میسڕ رێکخست، تێیدا دوو چوارچێوەی لێ بەرهەم هات کە بوون بە بنچینەیەک بۆ دیبلۆماسیەتی داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. چوارچێوەی یەکەم داوای گفتوگۆی لەنێوان میسڕ، ئیسرائیل، ئوردن و فەلەستینییەکان کرد دەربارەی حوکمی خۆبەڕێوەبەریی فەلەستینی لە غەزە و کەناری رۆژئاوا. چوارچێوەی دووەم داوای پەیماننامەی ئاشتی لەنێوان میسڕ و ئیسرائیل کرد، کە هەردوو حکوومەت لە ساڵی ١٩٧٩ لە کۆشکی سپی واژۆیان کرد. ئەگەرچی ئوردنیش لایەنێک بوو لە جەنگی ساڵی ١٩٧٣، بەڵام بەشداریی گفتوگۆکانی نەکرد لە ترسی سەرکۆنەکردنی لەلایەن وڵاتانی دیکەی عەرەبییەوە. پەیماننامەیەکی جیاوازی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و ئوردن لە ساڵی ١٩٩٤ واژۆ کرا.
هەرچەندە ئەمریکا لە دانوستانی ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆ بۆ ئاشتی لە ساڵی ١٩٩٣ دوورخرایەوە، کە بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە سەرکردەکانی فەلەستین دانیان بە هەبوونی مافی ئیسرائیلدا نا و ئیسرائیلیش دانی بە ئۆتۆنۆمیی فەلەستینی لە غەزە و کەرتی ڕۆژئاوادا نا، بەڵام هەردوو لایەنی ناکۆک کۆتا رێککەوتنیان لە کۆشکی سپی واژۆ کرد. ئەمریکا و ئیدارەی بیڵ کڵینتن لە ساڵی ١٩٩٨دا ڕۆڵێکی گەورەتریان گێڕا، کاتێک بناغەی دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستینی دانا و پشتگیری کرد، ئەمەش پارامیتەرەکانی کڵینتنی لێکەوتەوە بۆ دانانی چارەسەریی دوو-دەوڵەت. لەوکاتەوە، ئیدارە یەکلەدواییەکەکانی ئەمریکا نەخشەکانی خۆیان بۆ چارەسەریی دوو-دەوڵەت پێشنیاز کردووە: نەخشەڕێگەی جۆرج دەبلیو بووش بۆ ئاشتی، شەش بنەماکەی وەزیری دەرەوە جۆن کێری و ئاشتیی ترەمپ بۆ خۆشگوزەرانی.
ئەمریکا و ئیدارەی بیڵ کڵینتن لە ساڵی ١٩٩٨دا ڕۆڵێکی گەورەتریان گێڕا، کاتێک بناغەی دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستینی دانا و پشتگیری کرد
لە کاتێکدا ئەمریکا هەوڵی داوە نێوەندگیریی رێککەوتنێک لەنێوان لایەنەکان بکات، ئیسرایشلی لە رەخنە نێودەوڵەتییەکان پاراستووە، کە هەندێک دەڵێن ئەمە رێگر بووە لە هەوڵی دیبلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و ململانێ. لە ساڵی ١٩٧٠وە ئەمریکا وەک ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەسەڵاتی ڤیتۆی خۆی بەکارهێناوە بۆ کۆسپخستنە بەردەم ئەو بڕیارنامانەی دەیان جار ڕەخنەیان لە ئیسرائیل گرتووە، لەبەرئەوەی ئەمریکا وایدەبینێت نەتەوە یەکگرتووەکان سەکۆیەکی لایەنگرانەیە لە دژی ئیسرائیل. لە ساڵی ١٩٨٠وە ئەمریکا تەنها یەک جار رێگەی بە ئەنجوومەنی ئاسایش داوە سەرکۆنەی ئیسرائیل بکات، ئەویش لە بابەتی بنیاتنانی کۆمەڵگەی جوونشین بوو لە کۆتایی ٢٠١٦، کاتێک ئیدارەی کۆتاییهاتووی ئۆباما لە دەنگدان لەسەر ئەو مەسەلەیە خۆی بوارد.
ئیدارەی ترەمپ لە مەسەلە جیاوازەکاندا بەرەی ئیسرائیلی هەڵبژارد، ئەو سیاسەتەی ئەمریکای تێکشکاند کە ماوەی دەیان ساڵ ئامانج لێی نێوندگیریی بێلایەن بوو لە دانوستانەکاندا. لە ئابی ٢٠٢٠دا، ئیدارەکە نێوەندگیریی ڕێککەوتنێکی لەنێوان ئیسرائیل و ئیمارات کرد کە بە “رێککەوتننامەی ئەبراهام” ناسراوە، تێیدا هەردوو وڵات بەڵێنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان دا. لەژێر سایەی رێککەوتنەکەدا، ئیسرائیل رازی بوو بە راوەستاندنی پلانەکانی تایبەت بە لکاندنی ٣٠ لە سەدای کەناری رۆژئاوا بە خاکی وڵاتەکەیەوە. دواتر بەحرەین و مەغریب و سوودان رێککەوتنی خۆیان بە نێوەندگیریی ئەمریکا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل راگەیاند. نەیارانی پرۆسەی ئاساییکردنەوەکە دەڵێن ئەم جووڵانە ناپاکی لە دۆزی فەلەستین دەکەن، لەکاتێکدا دەستپێشخەریی ئاشتیی عەرەبی لە ساڵی ٢٠٠٢ لەناو مەرجەکانی دیکەدا، مەرجی ئەوەی دانابوو ئەندامانی کۆمکاری عەرەبی تەنها کاتێک دەتوانن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە کە دەوڵەتی فەلەستینی درووست کرابێت.
ئیدارەی بایدن لەبری ئەوەی هەوڵی چارەسەریی ناکۆکیی گشتگیر بدات، زیاتر سەرنجی لەسەر بەرەپێشبردنی مافی یەکسان بوو بۆ ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان و هانی وڵاتانی دیکەی دا بە دوای پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیانەوە بن لەگەڵ ئیسرائیل. ئیدارەکە پاڵپشتیی خۆی بۆ چارەسەریی دوو-دەوڵەت درێژە پێداوە و ئەو هەنگاوانەی سەرکۆنە کردووە کە دەبنە مایەی هەڕەشە بۆ ئەم دەرئەنجامە، وەک بەفراوانکردنی بەرنامەبۆداڕێژراوی کۆمەڵگە جوونشینەکان لە کەناری رۆژئاوا و پەیامەکانی هەردوولا کە هانی توندوتیژییان داوە. ئیدارەکە لە پشت پەردەکانەوە کاری کردووە بۆ بڕیاردان لە ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماس کاتێک لە ساڵی ٢٠٢١ شەڕ و ململانێیەک لەنێوان هەردووکیاندا رووی دا.
ئیدارەی بایدن پەیوەندییەکی شپرزی لەگەڵ حکوومەتی ڕاستڕەوی ئیسرائیلدا هەبووە کە لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ هەڵبژێردرا. ئیدارەکە باسی لە نیگەرانییەکانی لەبارەی فراوانکردنی کۆمەڵگە جوونشینەکان و ئەگەری پاشەکشەی دیموکراسی بەهۆی پلانەکانی سەرۆکوەزیران بنیامین نەتەنیاهوو بۆ چاکسازیی گشتیی لە دەسەڵاتی دادوەریی ئیسرائیلدا کردووە. تەنانەت بەو بارودۆخەیشەوە، ئیدارەکە لە تەمووزی ٢٠٢٣دا پشتیوانیی ئەمریکای بۆ مافی بەرگریلەخۆکردنی ئیسرائیل دووپاتکردەوە، کاتێک ئیسرائیل گەورەترین زنجیرە ئۆپەراسیۆنی مشتومڕهەڵگری “بەرەنگاربوونەوەی تیررۆ”ی لە شارەکانی جینین و نابلووسی کەناری رۆژئاوا ئەنجام دا. بایدن رەخنەشی لە دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستین گرت کە دەسەڵاتێکی لەناو خەڵکدا ناخۆشەویست و ناکاریگەرە و نەیتوانیوە جڵەوی ئەو جۆرە گرووپانە بگرێتە دەست.
هەڵوێستی ئەمریکا لەبارەی سەربەخۆیی فەلەستین چییە؟
بایدن پشتیوانیی ئەمریکای بۆ چارەسەریی دوو-دەوڵەت دووپات کردووەتەوە، داوای دوو دەوڵەتی جودای کردووە بەجۆرێک سنوورەکانی هاوشێوەی ئەوە بن لە پێش جەنگی ساڵی ١٩٦٧دا هەبوون؛ ئەم ناوچەیە کەرتی غەزە و کەناری رۆژئاوا و بەشەکانی قودسی رۆژهەڵاتیش لەخۆ دەگرێت. سنووردانان یان پارامیتەرەکانی کڵینتن هێڵکاری بۆ دامەزرانی دەوڵەتێکی فەلەستینی و چارەسەری مەسەلەی پێگەیان کردبوو. جۆرج دەبلیو بووش بووە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا بەئاشکرا پێشنیازی دەوڵەتێکی بۆ فەلەستینییەکان کرد، ئەویش لە میانی نەخشەڕێگەی ئاشتی لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا، ڕووسیا و نەتەوە یەکگرتووەکان خرایەڕوو. ئیدارەی ئۆبامایش هەوڵیدا چارەسەریی دوو-دەوڵەت بەرەوپێش ببات، بەڵام گفتوگۆکان بەهۆی ڕێککنەکەوتن لەبارەی کۆمەڵگە جوونشینەکان، ئازادکردنی زیندانییە فەلەستینییەکان و مەسەلەکانی دیکە لە ساڵی ٢٠١٤دا شکستیان هێنا. لە ساڵی ٢٠١٦دا، وەزیری دەرەوە جۆن کێری، لەسەر بنەمای دوایین بارودۆخی گفتوگۆکان، هێڵی چەند بنەمایەکی بۆ چارەسەریی دوو-دەوڵەت کێشا.
بەگوێرەی نەخشەکەی ترەمپ، ناسراوە بە ئاشتی بۆ خۆشگوزەرانی، دەوڵەتێکی فەلەستینی دادەمەزرێندرێت بەڵام بە شێوەیەکی بنەڕەتی سەروەری بە ئیسرائیل دەبەخشێت دەسەڵاتی بەسەر ئورشەلیمی دابەشنەکراودا هەبێت، لەنێویشیاندا شاری دێرین و شوێنە پیرۆزەکان، هەروەها پایتەختی فەلەستینیش لە بەشێکی قودسی ڕۆهەڵاتیدا بێت. نەخشەکە مافی گەڕانەوەی بە پەنابەرانی فەلەستینی بۆسەر زێدی پێشووی خۆیان نەدا، بەڵام بەڵێنیدا بە بەهای نزیکەی ٥٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە دەوڵەتێکی گەشەسەندووی فەلەستینیدا بکات. ئەو نەخشە بیرۆکەیەی لە پلانی ترەمپدا هاتووە، پێشنیازی ئەوە دەکات خاکی فەلەستین لە کەناری رۆژئاوا تا ڕێژەی ٧٠ لە سەد بچووک دەبێتەوە و ئیسرائیلیش دۆڵی ئوردن و تەواوی کۆمەڵگە جوونشینەکانی ئەوێ بە خاکەکەیەوە بلکێنێت. ڕەخنەگران ئەو پلانەیان بە سەرکەوتنێک بۆ ئیسرائیل ناوبرد لەکاتێکدا هیچ پرسوڕا بە سەرکردە فەلەستینییەکان نەکرابوو. لە هەمانکاتدا دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستین ئەو نەخشەیەی ڕەتکردەوە.
ڕەخنەگران ئەو پلانەیان بە سەرکەوتنێک بۆ ئیسرائیل ناوبرد لەکاتێکدا هیچ پرسوڕا بە سەرکردە فەلەستینییەکان نەکرابوو
سەرەڕای پشتیوانیی ماوەدرێژی ئەمریکا بۆ چارەسەریی دوو-دەوڵەت، ئەمریکا بەشێوەیەکی گشتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی لە پێشنیازەکانی بەدەوڵەتبوونی فەلەستین نەکردووە، دەڵێت ئەم پرسە دەبێت تەنها بە دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل بڕیاری لەبارەوە بدرێت. دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستین لە ساڵی ٢٠١١وە بە دوای ئەندامبوونی فەلەستینە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمەش جووڵەیەکە پێویستی بە پەسەندکردن لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە هەیە، لەکاتێکدا ئەمریکا لەو ئەنجوومەنەدا ڤیتۆی هەیە. دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستین هێشتا نەیتوانیوە پشتیوانیی تەواوەتی بۆ دۆزەکەی بەدەست بهێنێت، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٢، ١٣٨ ئەندامی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگیان دا و دانیان بە فەلەستیندا نا وەک دەوڵەتێکی چاودێری نائەندام.
هەڵوێستی ئەمریکا لەبارەی ئورشەلیم (قودس) چییە؟
کاتێک کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٤٧ دەنگی دا بە دابەشکردنی فەلەستینی ژێر-دەسەڵاتی بەریتا بۆ دوو دەوڵەتی جیای عەرەب و جوو، شاری ئورشەلیم وەک “قەوارەیەکی سەربەخۆ” خستە لاوە و دانیاننا بە گرنگییە ئاینییەکەی بۆ کریستیان و جوو و موسڵمانەکان. بەڵام ئیسرائیلی تازە سەربەخۆبوو، کورسیی حوکمڕانیی خۆی لە بەشی ڕۆژئاوای شارەکە دامەزراند و دواتریش لە ساڵی ١٩٦٧ قودسی شەرقی گرت و لەژێر دەسەڵاتی ئوردن دەریهێنا. پاشان ئیسرائیل سنووری شارەوانییەکانی ئورشەلیمی فراوان کرد بۆ ئەوەی شارۆشکە بچووکە فەلەستینییەکانی دراوسێی بگرێتە خۆی و لکاندیشنی بە خاکی وڵاتەکەیەوە.
وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی ئۆسلۆی ساڵی ١٩٩٣-دوایین ڕێککەوتنی گرنگ لەسەر ناوچە ناکۆکیلەسەرەکان- ئیسرائیل و ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستینی جەختیان لەوە کردەوە کە مەسەلەی مافی خاوەندارێتیی ئورشەلیم (قودس) تەنها لە کۆتا دانوستانی نێوانیاندا یەکلا بکرێتەوە. ئەمڕۆ، ئیسرائیل تەواوی ئورشەلیم بە پایتەختی وڵاتەکەی دەزانێت، لەکاتێکدا ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستینی قودسی شەرقی بە پایتەختی دەوڵەتەکەی داهاتووی دەزانێت و هەبوونی ئیسرائیل لەسەر خاکەکەی بە داگیرکاری دەبینێت.
بۆ ماوەی دەیان ساڵ، ئەمریکا و زۆرینەی ئەو وڵاتانەی دیکەی پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە باڵوێزخانەکانیان لە تەل ئەڤیڤ هێشتەوە تاکوو ڕێگرن نەبن لە ڕێککەوتنی ئاشتی لە داهاتوودا. ئەگەرچی لە ساڵی ١٩٩٥ لە یاسای ئەمریکادا داوای ئەوە کرابوو باڵوێزخانەی ئەمریکا بگوازرێتەوە بۆ ئورشەلیم، بەڵام سەرۆکە یەکلەدواییەکەکان دژی داخوازییەکە وەستانەوە “بۆ پاراستنی بەرژوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا”. بەڵام، ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٧دا بڕیاری سەرۆکەکانی پێشخۆی شکاند. باڵوێزخانەی وڵاتەکەی گواستەوە بۆ ئورشەلیم و وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساندی. پشتیوانانی جێگۆڕکێکە بانگەشەی ئەوەیان کرد ئاسایشی نیشتمانی ڕێگر نییە لەو جووڵەیە و نوێنەرە دبلۆماسییەکانی ئەمریکا لە ئیسرائیل دەبێ لە ئورشەلیم بن. ئەم جووڵەیە بووە هۆی ئەوەی بەرپرسانی فەلەستین پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ بپچڕێنن. ئەگەرچی سەرۆک بایدن پەیوەندییەکان لەگەڵیان دامەزراندەوە، بەڵام گوتبووی باڵوێزخانەی ئەمریکا هەر لە ئورشەلیم دەمێنێتەوە.
لە ساڵی ٢٠٢١، بایدن نیازی خۆی بۆ سەرلەنوێ کردنەوەی نووسینگەی فەلەستین لە واشنتن و کونسوڵخانەی ئەمریکا لە قودسی شەرقی راگەیاند، لەکاتێکدا ترەمپ هەردووکیانی داخستبوو. بەگوێرەی یاسایەکی ساڵی ١٩٨٧ کە لەلایەن سەرۆکەکانی پێش ترەمپەوە دەرچوێندراوە، فەلەستینییەکان بۆیان نییە لە ئەمریکادا نووسینگە یان ئەرکیان هەبێت و ئیدارەی ترەمپیش یاسایەکی دەرچواند کە ڕێگە بە سەرۆکەکانی دوای خۆی نادات ئەو سنووردارکردنە بشکێنن. هەروەها کردنەوەی کونسوڵخانە لە قودسی شەرقی پێویستی بە ڕەزامەندیی حکوومەتی ئیسرائیل دەبێت، کە ڕێگە بە شتی لەو جۆرە نادات.
هەڵوێستی ئەمریکا لەبارەی کۆمەڵگە جوونشینەکانی ئیسرائیل چییە؟
کەمێک دوای جەنگی ساڵی ١٩٦٧، ئیسرائیل دەستیکرد بە بنیاتنانی چەند کۆمەڵگەیەکی جوونشین لە هەندێک لەو ناوچانەی گەمارۆی دابوون. درووستکردنی کۆمەڵگە جوونشینەکان لەژێر فەرمانڕەوایی حکوومەتەکانی پارتی کرێکاراندا دەستیپێکرد و بە دوای بەهێزکردنی خاڵەکانی بەرگرییەوە بوون لە بەشەکانی کەناری رۆژئاوا کە چەندین شەڕی بەخۆ بینیبوو لە ماوەی جەنگی عەرەبەکان و ئیسرائیلییەکان، بەڵام ئەوەندەی نەبرد هەندێک لە کۆمەڵگە جوونشینەکان خاکەکەیان بە مافی ئایینی و مێژوویی تەماشا دەکرد، هەندێکیشیان پاڵنەری ئابوورییان بۆ ژیان و گوزەرانیان لەوێ دیتبووەوە. لە ساڵی ٢٠٢٢، حەوتسەد هەزار ئیسرائیلی لە کۆمەڵگە جوونشینەکانی کەناری رۆژئاوا و ئورشەلیمی رۆژهەڵاتیدا دەژیان.
ئەمریکا ماوەی چەندین ساڵ سەرکۆنەی هەبوونی ئەم کۆمەڵگە جوونشینانەی کرد، وەک بەربەستێک لە بەردەم ئاشتی لێیانی دەڕوانی، بەڵام هەرگیز بە نایاسایی ناوی نەبردوون و رێگر بووە لەوەی ئیسرائیل بەهۆیانەوە رووبەڕووی گەمارۆی نێودەوڵەتی ببێتەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٧٨ رایگەیاند کۆمەڵگە جوونشینەکان لەسەر خاکە داگیرکراوەکان بە یاسای نێودەوڵەتی رێگەپێدراو نیین. لەگەڵ ئەوەیشدا، سەرۆک ڕۆناڵد ریگەن لە چاوپێکەوتنێکی ساڵی ١٩٨١دا رایگەیاندبوو ئەو کۆمەڵگانە “ژیرانە نیین” بەڵام “نایاساییش نیین”. جۆرج ئێچ دەبلیو بووش یەکەم سەرۆک بوو بڕی ئەو هاوکارییانەی ئیسرائیلی لە ئەمریکای وەردەگرت، بەستییەوە بە بنیاتنانی کۆمەڵگە جوونشینەکان. دواتر بیڵ کڵینتن بۆ “گەشەی سرووشتی” رێگەی دا بە بنیاتنانی کۆمەڵگە جوونشینەکان لە ئۆرشەلیمی رۆژهەڵات. لە ساڵی ٢٠٠٤، جۆرج دەبلیو بووش نامەیەکی بۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاریێڵ شارۆن نارد و تێیدا نووسیبووی داننان بە “واقیعە نوێیەکان” یان کۆمەڵگە جوونشینەکان وا دەکات ئیسرائیل لە هەر رێککەوتنێکی ئاشتیدا بگەڕێتەوە بۆ سنوورەکانی پێش ساڵی ١٩٦٧. زۆربەی ئیدارەکانی ئەمریکا باوەڕیان وابوو کە ئیسرائیل سێ گەورەترین بلۆکی کۆمەڵگەی جوونشینی خۆی بهێڵێتەوە لە بەرانبەر بەدەستەوەدانی خاکی دیکە بۆ فەلەستینییەکان لە هەر رێککەوتنێکی ئاشتیدا کە بکرێت، هەروەها وا بیریان دەکردەوە شتێکی ناواقیعییە ئیسرائیل زۆرێک لە هاووڵاتییەکانی ناچار بکات کۆمەڵگە جوونشینەکان بەجێ بهێڵن. لەکاتێکدا ئیدارەی ئۆباما رێوشوێنی گرتە بەر بۆ پاراستنی ئیسرائیل لەو بزووتنەوە سیاسییانەی هەوڵیان دەدا بازرگانیی بەرپابووی ئیسرائیل لە کەناری رۆژئاوا تووشی سزا بکەن. هەروەها سەرکۆنەی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد و خۆی لە دەنگدان لەبارەی نایاساییبوونی کۆمەڵگە جوونشینەکان بەدوور گرت.
کۆمەڵگە جوونشینەکان لەسەر خاکە داگیرکراوەکان بە یاسای نێودەوڵەتی رێگەپێدراو نیین
ئیدارەی ترەمپ لایەنگری کۆمەڵگە جوونشینەکان بوو. لە ساڵی ٢٠١٩دا، وەزیری دەرەوە مارک پۆمپەیۆ دژبوونی خۆی لە بەرامبەر بۆچوونی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای ساڵی ١٩٧٨ دەربڕی و گوتی کە کۆمەڵگە جوونشینە سڤیلەکانی کەناری رۆژئاوا “ناتەبا نیین لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی”، و بەربەستیش نیین لە بەردەم پرۆسەی ئاشتیدا. ئەم راگەیاندنە بووە هۆی ئەوەی زیاتر لە سەد ئەندامی کۆنگرێس نامەیەکی ناڕەزابوون واژۆ بکەن.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣، حکوومەتی ئیسرائیل هەنگاوی نا بەرەو دروستکردنی هەزاران کۆمەڵگەی نوێی جوونشین و شەرعیەتی بە چەند بنکەیەکی چاودێریی نایاسایی و نافەرمی دا. ئیدارەی بایدن بڕیارنامەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە سەرۆکایەتیی فەلەستین کە سەرکۆنەی فراوانکردنی کۆمەڵگە جوونشینەکان دەکرد، ڕاگرت و نێودەنگیریی ڕێککەوتنێکی کرد بە جۆرێک هەردوولا پابەند بن بە ڕاگرتنی هەر کارێکی تاکلایەنە.
ڕێژەی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل و فەلەستین
ئەمریکا لە مێژە هاوپەیمانی ئیسرائیلە و هاوکارێکی پێشڕەوی پرسەکانی تایبەت بە ئاسایشی ئەو وڵاتەیە، لەبەرئەوەی ئەمریکا پشتگیریی هەبوونی دەوڵەتێکی جوو دەکات. لە سەردەمی جەنگی سارددا، زۆرێک لە ستراتیژیستەکانی بەرگریی ئەمریکا ئیسرائیلیان وەک باشترین هاوبەشی شەڕ لە دژی کاریگەریی سۆڤیەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینی و دواتر سەلماندی هاوبەشێکی بەهێزی هەوڵەکانی ئەمریکایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
ئەمڕۆ ئیسرائیل نزیکترین هاوبەشی ستراتیژیی ئەمریکایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.هەردوو وڵات نیگەرانی ئامانج و بەرزەفڕیی پرسی ئەتۆمیی ئێران و پشتیوانییەکانیین بۆ گرووپە چەکدارە ئیسلامییەکان، بەتایبەت حزبوڵڵای لوبنان و حەماس. لە ئەنجامی ئەم بەرژەوەندییە هاوبەشانەدا، ئەمریکا بەڵێنی داوە یارمەتیی باڵادەستیی سەربازیی ئیسرائیل بدات لە بەرامبەر هەر کارێکی هاوبەشی نەیارانەی وڵاتانی ناوچەکە. بە یاسا، حکوومەتی ئەمریکا دەبێت دڵنیا بێت لەوەی فرۆشتنی چەک بە دەوڵەتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست “کاریگەریی زیانبەخشی بۆ چۆنایەتیی کۆنترۆڵی سەربازیی ئیسرائیل نییە و نابێتە هەڕەشە بۆسەر ئیسرائیل”.
ئەمریکا لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا دوای کشانەوەی ئیسرائیل لە ناوچە عەرەبییەکان کەوتە دابینکردنی هاوکاریی سەربازی بۆ ئیسرائیل. واشنتن پێشکەشکردنی ئەم یارمەتییە ئەمنییەی بە بەرپرسیارێتی زانی، چونکە ئیسرائیل ریسکی دەکرد بۆ ئاشتی. هەروەها ئەمریکا لە بەرامبەر بەڵێنەکانیان لە پرسی پرۆسەی ئاشتیدا، پاکێجی یارمەتیی گەورەی بە میسر و ئوردن بەخشی.
کاریگەریی زیانبەخشی بۆ چۆنایەتیی کۆنترۆڵی سەربازیی ئیسرائیل نییە و نابێتە هەڕەشە بۆسەر ئیسرائیل
لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەمەوە، ئەمریکا زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکە یارمەتیی دەرەکی پێشکەش بە ئیسرائیل کردووە. ئەمریکا لە ساڵی ١٩٧١ تا ٢٠٠٧ هاوکاریی ئابووریی بەرچاوی بە ئیسرائیل بەخشیوە، بەڵام بەهۆی گەشەی ئابووریی بەرچاوی ئیسرائیل، کە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە دەستیپێکرد، ئێستا زیاتر یارمەتیی سەربازی وەردەگرێت. زیاتر لە نیوەی تەواوی یارمەتییە سەربازییە دەرەکییەکان کە سەرۆک بایدن بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٢ داوای کردبوو، بۆ ئیسرائیل تەرخان کرابوو. بەگوێرەی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی ساڵی ٢٠١٦، ساڵانە ئەمریکا پابەندە بە دابینکردنی نزیکەی چوار ملیار دۆلار بۆ ئیسرائیل، لەنێویدا ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ بەرگریی مووشەکی. دوای ململانێی ئیسرائیل و حەماس لە ساڵی ٢٠٢١، یەک ملیار دۆلاری دیکەی وەک بودجەی بەرگریی مووشەکی دابین کرد.
ئەمریکا هاوکاری بۆ فەلەستینییەکانیش دابین دەکات، کە زۆربەیان بۆ پشتیوانیکردنن لە بەرنامەکانی حکوومەت و بەرنامە مرۆیییەکان. رەوتی هاوکارییەکان لە ساڵی ٢٠٠٧دا رێکخرایەوە، دوای ئەوەی حەماس بە توندوتیژی لە دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستین بە سەرۆکایەتیی بزووتنەوەی فەتحی رکابەر جیا بووەوە و دەستی بەسەر کەرتی غەزەدا گرت. ئەمریکا حەماس بە “رێکخراوێکی تیرۆریستی” دەزانێت و رێوشوێن بۆ قەدەغەکردنی هەر جۆرە هاوکارییکردنێکی دەگرێتە بەر.
ئەمریکا لەنێوان ساڵانی ١٩٥٠ بۆ ٢٠١٨ زیاتر لە شەش ملیار دۆلاری وەک هاوکاری بەخشیوە بە ئاژانسی کار و بەهاناوەچوونی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین (ئونروا). لەکاتێکدا لە سەردەمی ترەمپدا هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ فەلەستینییەکان بە رێژەیەکی زۆر کەمی کرد. ئیدارەی ترەمپ هاوکارییەکانی بۆ کەناری رۆژئاوا و غەزە کەمکردەوە و هەماهەنگیی کاری لەگەڵ ئونروا ڕاگرت. لە ساڵی ٢٠١٩دا، ترەمپ یاسایەکی دژەتیرۆریزمی واژۆ کرد و تێیدا رێگەی بە ئەمریکییەکان دەدا لە دژی وەرگرانی هاوکارییە دەرەکییەکانی ئەمریکا سکاڵا تۆمار بکەن، لەنێویشیاندا دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستین بەهۆی تێوەگلانی لە جەنگدا. لە ترسی داوای یاسایی، دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستین داوای لە واشنتن کرد هاوکارییەکانی ببڕێت. هەرچەند یاسای دژەتیرۆریزم تا ئێستایش کاریگەرە، بەڵام ئیدارەی بایدن هاوکارییەکانی بۆ کەناری رۆژئاوا و غەزە دەستپێکردەوە، هەروەها بەڵێنی داوە تا ساڵی ٢٠٢٤ لانیکەم ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ فەلەستینییەکان دابین بکات و لەسەر رەزامەندیدانی کۆگرێس ماوەتەوە.
ئاسۆکانی چارەسەری ململانێکان چیین؟
شارەزایان دەڵێن ئاسۆی چارەسەر یەک-دەوڵەتییە، هەندێکی دیکەی دەڵێن پێشتر بووەتە واقیع. زۆرێک لە چاودێران ئەو دەرئەنجامە بە مەترسیدار دەزانن بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئەگەرەی عەرەبەکان لانیکەم نیوەی دانیشتووان پێکدەهێنن، ئیسرائیل چیتر دەوڵەتێکی جوو نابێت. ئەگەر ئیسرائیل مافی یەکسانیی فەلەستینییەکان بۆ مانەوە وەک دەوڵەتی جوو بێبەش بکات، ئەوە داهاتووی خۆی وەک وڵاتێکی دیموکراسی تێکدەدات. سەرەڕای ئەم نیگەرانییانە، هەندێک گرنگیدان بە بیرۆکەی چارەسەری یەک-دەوڵەت هەیە: لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٣، راپرسییەکی هاوبەشی ئیسرائیلی و فەلەستینی دەریخست لەسەدا ٥٢ی هاووڵاتیانی عەرەبی ئیسرائیل پشتگیری لە دەوڵەتێکی هاوبەش دەکەن تێیدا مافی یەکسانی بۆ هاووڵاتیانی جوو و فەلەستینی هەبێت. نزیکەی یەک لەسەر سێی فەلەستینییەکان گوتوویانە پشتگیری لە پلانێکی لەو شێوەیە دەکەن.
ئاسۆی دانوستانەکانی ئیسرائیل و فەلەستین تاریکە. دابەشبوونەکانی نێوان هەردوولا بەهۆی رێککەوتنەکانی ئەبراهام، ململانێی ئیسرائیل و حەماس لە ساڵی ٢٠٢١، پەرەسەندنی توندوتیژییەکان کە لە ساڵی ٢٠٢٢ دەستیپێکرد و ئینتیفادەی دووەم کە لە ساڵی ٢٠٠٥ کۆتایی هات، هۆکاری تاریکیی ئاسۆکانی چارەسەرن. جگە لەوەش، ئەگەری زۆرە فەلەستینییەکان پاکێجێک لە ئیمتیازاتی تایبەت بە ماف لە ئیسرائیل وەربگرن کە لەبارتر بێت لەوانەی لە رابردوودا رەتیان کردۆتەوە و دابەشبوونی سیاسیی نێوان حەماس و دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستین وەک چقڵێک لە چاوی دانوستانەکانی داهاتوودا دەمێنێتەوە.
سەرچاوە: Council on Foreign Relations