زووم، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، ئیسرائیل لە پلانیدایە تونێڵەکانی غەزە پڕ لە ئاو بکات، کە بزوتنەوەى حەماس بەشێوەی تۆڕی ئاڵۆز و بەرفراوان درووستکراون و بۆ ئەو مەبەستەش سود لە ئاوی دەریا ببینێت.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، سوپای ئیسرائیل مانگی رابردوو پێنج پەمپی ئاوی گەورەی لە باکوری کامپی ئەلشاتی لە غەزە بەستووە و ئامادەی کردوون بۆ کارپێکردنیان. هەریەکێک لەو پەمپانەش لەتوانایان دایە هەزاران مەتر سێجا ئاوی دەریا رەوانەی تونێڵەکان بکەن.
بەرپرسانی ئیسرائیل مانگی رابردوو ئەم پرسەیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا تاوتوێ کردووە و رایانگەیاندووە خەریکی هەڵسەنگاندنی ئەو بژاردەیەن، کە تا چەند کاریگەریی ژینگەیی لەسەر ناوچەکە دەبێت و تاچەند خزمەت بە خواستەکانی سوپای وڵاتەکە دەکات.
بەگوێرەى رۆژنامەکە بەشێک لە بەرپرسانی ئەمریکا نیگەرانن لە جێبەجێکردنی ئەو بژاردەیەوە و بەشێکی دیکەشیان پشتیوانیی دەکەن.
بەوپێیەی جێبەجێکردنی پرۆسەکە چەند هەفتەیەک دەخایەنێت، چەکدارانی حەماس دەتوانن بە ئاسانی تونێڵەکان چۆڵبکەن و بارمتەکانی ئیسرائیل لەگەڵ خۆیاندا ببەن، بەڵام هێشتا روون نییە ئیسرائیل چاوەڕێ دەکات تا بارمتەکان ئازاد دەکرێن یان نا.
یەکێک لەو نیگەرانییە گەورانەی لەبارەی ئەو پلانەوە باسی دەکرێت، ئەو کاریگەرییە ژینگەییانەیە کە رەنگە بەهۆی ئاوى دەریاکەوە کاریگەرى بۆ ئاوى ژێرزەوی دروست ببێت.
ناردنی ئاوی دەریا کە خوێیەکی زۆرتی تێدایە کاریگەریی لەسەر ئاوی ژێرزەویی دروستدەکات و دەبێتەهۆی ژەهراویبووونی. سەرەڕای ئەوەش، ناردنی ئەو هەموو ئاوە بۆ ژێرزەوی دەبێتە هۆی شلبوونەوە و ناجێگیریی سەرزەمینەکەی.
هاوکات سوێربوونی خاکی غەزە، کێشەیەکی گەورە بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان درووس تدەکات. جگە لەوەش، ئەو ماددانەی کە لەنێو تونێڵەکاندا جێهێڵراون لەگەڵ ئاوەکەدا تێکەڵ دەبن و هێندەی دیکە خاکی ئەو ناوچەیە پیس دەکەن.
بەرپرسانی پێشووی ئەمریکا بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، ئەو پلانە ناڕەزایەتی جیهانیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. بەڵام دانیان بەوەدا ناوە ئەم پلانە یەکێک لەو چەند رێگە کەمەی کە تونێڵەکانی غەزە بۆ هەمیشە لەکاردەخات.
لەساڵی 2015، میسر بەشێک لە تونێڵەکانی حەماسی پڕ لە ئاو کرد. ئەمەوە نیگەرانییەکی زۆری جوتیارەکانی ناوچەی رەفەحی لێکەوتەوە و زیانێکی زۆری بە کێڵگەکانیان گەیاند.