زووم:
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتیی گەلان (هەدەپە) دادگایی دەکرێت، کە داواى زیندانیکردنى 20 ساڵى دیکەى بۆ دەکرێت.
سبەی سێشەممە دانیشتنى دادگایی لەبارەى تۆمەتەکانى سەر سەڵاحەدین دەمیرتاش لە مێرسین بەڕێوەدەچێت، کە خۆى ئامادەى دانیشتنەکە دەبێت و بەرگرى لە خۆى دەکات و چاوەڕوان دەکرێت لە دانیشتنەکەدا دەستەی دادوەریی بڕیاری کۆتایی لەبارەى کەیسەکەى بدەن.
بە گوێرەى ئەو روونکردنەوەیەی لەلایەن گرووپی بەرگرییکردن لە دەمیرتاش بڵاوکراوەتەوە، بەپێی یاسای سزادانی تورکی ژمارە 301، لە سکاڵاکەدا داوای تا 20 ساڵ زیندانییکردنی دیکە بۆ سەڵاحەددین دەمیرتاش دەکرێت، کە لە 10 دۆسییە پێکهاتووە و پەیوەستە بەو گوتارانەی لە ساڵانی 2015 و 2016دا ناوبراو پێشکەشیکردووەو تۆمەتەکەىشى “سووکایەتییکردنە بە حکومەت و دەوڵەت بەشێوەیەکی ئاشکرا”.
یاسای ژمارە 301ى سزادانى تورکیا، سزای زیندانییکردن لە شەش مانگ تا دوو ساڵ بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنێت، کە بەشێوەیەکی ئاشکرا سووکایەتی بە دەوڵەت و حکومەت و دامەزراوە گشتییەکان لە تورکیا دەکەن.
دەمیرتاش، کە لە 4ی تشرینی دووەمی 2016ەوە دەستبەسەرە، سەرەڕای بوونی بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، ئازادنەکراوە، دوایین جار لە 14ی تشرینی یەکەمی 2021دا دوو ساڵ و شەش مانگ سزای زیندانى بەسەردا سەپێنرا.