زووم:
پێشبینی دەکرێت هاوپەمانى چوارچێوەی هەماهەنگی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامبدات، ئەوەش بۆ تاوتوێکردنی ئەو ناوانەی پێشکەشکراون بۆ کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆکى پەرلەمانی عێراق.
بەگوێرەى سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەکان، کە قسەیان بۆ رۆژنامەى عەرەبی جەدید کردووە، دیارترین ناوەکان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بریتین لە سالم عیساوی، شەعلان كەریم، عەبدولکەریم عەبتان، فەلاح زەیدان، موزاحیم خەیات، زیاد جەنابی، یەحیا محەمەدى.
عائید هیلالی، ئەندامی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بۆ رۆژنامەکە رایگەیاندووە، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە چەند کاتژمێری داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجامدەدەن، بە ئامانجی گفتوگۆکردن لەسەر ئەو ناوانەی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان، لەلایەن هێزە عەرەبییە سوننەکانەوە پێشکەشیان کراوە.
ڕوانگەی جیاواز لە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە ناوى کاندیدکراوەکان هەیە
عائید هیلالی راشیگەیاند، ڕوانگەی جیاواز لە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە ناوى کاندیدکراوەکان هەیە، کۆبوونەوەی ئەمڕۆش بە مەبەستی لێکنزیککردنەوەی دیدگاکانە و هەوڵدانە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ پشتگیریکردنی یەک، یان دوو ناو.
ئەو ئەندامەى هاوپەیمانى چوارچێوەى هەماهەنگى جەختیکردەوە، هاوپەیمانییەکەیان تائێستا پشتگیرى خۆى، یان دژایەتى بۆ هیچ ناوێک دەرنەبڕیوە، بەڵام بۆچوونى لایەنە سوننییەکانیش بەهەند وەردەگیرێت بۆ یەکلاکردنەوەى ناوێک، یان دوو ناو، بۆ ئەوەى ببنە کاندید و لە پەرلەمان دەنگى لەسەر بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى پێیانوایە، بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان پێویستی بە کات زیاترە، بۆیە پێشبینی دوو ناو وەک کاندیدى کۆتایی بمێننەوەو لە دەنگدانى پەرلەمان یەکلابکرێنەوە.
هەروەها رایگەیاند، راستە ئەمڕۆ کۆبوونەوە دەکرێت و رەنگە ئەو دوو ناوە یەکلابکرێتەوە، بەڵام بابەتى کاتى هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێى پەرلەمان، دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، کە لە 18ی کانوونی دووەمدا ئەنجامدەدرێت.
14ى مانگى رابردوو دادگاى فیدڕاڵى، بەهۆى سکاڵایەکەوە، مافى ئەندامییەتى پەرلەمانى لە محەمەد حەلبووسى سەندەوە، بەهۆى ئەوەشەوە پۆستى سەرۆکى پەرلەمانى لەدەستدا، کە ئەو پۆستە لە سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق پشکى لایەنە سوننییەکانە.
لەو وادەیەوە تائێستا پۆستى سەرۆکى پەرلەمان بە بەتاڵى ماوەتەوە، تائێستاش لایەنە سوننییەکان لەسەر ناوێک رێکنەکەوتوون بۆ ئەوەى کاندیدى بکەن بۆ وەرگرتنى پۆستەکە، بەو هۆیەشەوە چەند ناوێکیان پێشکەشکردووە.
بڕیاری دوورخستنەوەی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق محەمەد حەلبوسی و کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە جێی سەرسوڕمان و چاوەڕواننەکراو بوو
لای خۆیەوە، پەرلەمانتار خالید مەفرەجی، کە هاوکات گوتەبێژى هاوپەیمانى سەروەرى سوننەکانە، بۆ رۆژنامەکە دەڵێت: بڕیاری دوورخستنەوەی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق محەمەد حەلبوسی و کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە جێی سەرسوڕمان و چاوەڕواننەکراو بوو، بۆیە تائێستا لایەنە سوننییەکان نەگەیشتوون بە دیاریکردنى ناوى کاندیدێک.
ئەو روونیکردەوە، بۆ ئەو مەبەستە هیچ ئامادەکارییەکى پێشوەختە نەبوو، لەدواى بڕیارەکەش، دەست بە گفتوگۆ و کۆبوونەوە کراوەو تائێستاش بەردەوامى هەیە، بەڵام دیاریکردنى پێویستی بە کاتە.