زووم:
بەرپرسێکی پنتاگۆن بە کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاندووە، مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە یەمەنەوە بەرەو کەشتی کارنی و کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوورەوە هەڵدراون، هاوکات گروپی ئەنساروڵاش، کە سەر بە حوسییەکانى یەمەنن رایانگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر دوو کەشتى ئیسرائیلى.
ئەو بەرپرسەی پنتاگۆن راشیگەیاند، کەشتی کارنی وەڵامی پەیوەندییەکی ئاگادارکردنەوەى لە کەشتییەکی بازرگانی لە دەریای سوورەوە داوەتەوەو سەرکەوتوو بووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوان و موشەکانەى ئاڕاستەی کراوە.
هەروەها رایگەیاند، موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە خاکی یەمەنەوە هەڵدراون، کە لەژێر کۆنترۆڵى حوسییەکاندان.
ئەو بەرپرسە دووپاتیشی کردەوە، تەقاندنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر کەشتی کارنی و کەشتییە بازرگانییەکان هیچ زیانێکى گیانى و مادى نەبووە، چونکە پێشوەخت هێرشەکان بوچەڵکراونەتەوە.
لەلایەکى تر بەگوێرەی هەواڵێکى ئاژانسى ڕۆیتەرز، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کەشتییەکی کۆنتێنەری لە کەناراوەکانی بەندەری حودەیدەی یەمەن کردووەتە ئامانج، بەڵام هیچ زانیارییەکى لەبارەى هێرشەکە نەخستووەتەڕوو.
هاوکات ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی بڵاویکردەوە، کەشتییەکی بارهەڵگری بەریتانی، کە ئاڵای بەهاماسی هەڵکردبوو، لە کەنارەکانی ڕۆژئاوای یەمەن بەموشەک هێرش کراوەتە سەرى و موشەکەکەشى بەرکەوتووە.
بە هەمان شێوە ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ئەو کەشتییەی لە دەریای سووردا هێرشى کراوەتە سەر، زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، بەریتانییە و هیچ پەیوەندییەکی بە ئیسرائیلەوە نییە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کەشتییەکە لە دەریای سووردا بەکرێ دراوە بە کۆمپانیایەک، کە بەشێکی خاوەندارییەکەى کەسێکى ئیسرائیلییە.
لای خۆیەوە کۆمپانیای کەشتیوانی ئیسرائیلی “تسیم” ڕایگەیاند، دوای ئەوەی دوو کەشتی لە کەناراوەکانی یەمەن لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆردومان کران، ڕێڕەوی گەشتیاری کەشتیاریان گۆڕان، بەڵام زانیارى زیاتر لەبارەى ئاراستەکان نەخستووەتەڕوو.
لە لایەکی دیکەوە، فەریق یەحیا ساری، وتەبێژی سەربازی حوسییەکان ڕایگەیاند: هێزە چەکدارەکانی یەمەن ڕۆژی یەکشەممە ئۆپەراسیۆنی بەئامانجگرتنیان لەدژی دوو کەشتی ئیسرائیلی لە باب مەندەب ئەنجامدا.
ناوبراو لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزە دەریاییەکانمان بەردەوام دەبن لە بەئامانجگرتنی کەشتییە ئیسرائیلییەکان تا ئەو کاتەی دەستدرێژی بۆ سەر غەزە دەوەستێت، هەروەها بەردەوامدەبین لە ڕێگریکردن لە کەشتییە ئیسرائیلییەکان لە گەشتکردن .
لە 31ی تشرینی یەکەمدا گروپی حوسییەکان بۆ یەکەمجار ڕایانگەیاند، کە بە ژمارەیەکی زۆر مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئیسرائیلیان بۆردومانکردووە، دواتریش لە 19ی ئەم مانگەدا حوسییەکان دەستبەسەرداگرتنی کەشتی بارهەڵگری گالاکسی لیدەریان ڕاگەیاند، کە خاوەنەکەی بازرگانێکی ئیسرائیلی بوو لە دەریای سوور و بردیانە کەنارەکانی یەمەن.