سێرهی سەربازێکی ئۆکراینیە و لەسەر یەکێک لە تەختەکانی نەخۆشخانەیەک لە ناوەراستی ئەو وڵاتە پاڵکەوتووە، چەند پارچە تەقەمەنییەک لە قاچەکانیدا بەجێماوە کە پزیشکەکان ناتوانن دەریبهێنن، سەرباری ئێش و ئازارەکانی، ئەو دەڵێت دۆخی زۆر باشە!
“باوەڕ بە خۆم ناکەم ئێستا لەناو نەخۆشخانەدام نەک سەنگەر، بڕوام نەدەکرد رزگارمم بێت،” سێرهی تەمەنی 36 ساڵ وای بە کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی گوت.
سێرهی سەربازێکە لە لیوای 80ی پیادەی ئۆکراین، رێک دوای دەستپێکردنی جەنگ لە شوباتی 2022، هەرچەندە ماوەی دە ساڵ لە فینلەندا بوو، بەڵام زوو گەڕایەوە و پەیوەندی کرد بە سوپاوە، ئەو لەناو هاوڕێکانیدا “فین” بانگ دەکرا.
نزیکەی مانگێک لەمەوپێش و رێک لە 27ی تشرینی یەکەم، سێرهی و یەکەکەی راسپێردران بۆ ئەرکێک، ئەویش کۆنتڕۆڵکردنی چەند خەندەقێک بوو لە ناوچەی باخموت کە روسییەکانی لێبوو، بڕیاربوو ئەرکەکە لە ماوەی سێ رۆژدا کۆتایی بێت، بەڵام درێژبوویەوە بۆ دوو هەفتە دوای ئەوەی دوژمن چواردەوری دان، ئەوە کۆتا ئەرکی بەشێک لە سەربازەکانی ئەو یەکەکە بوو.
بۆ ماوەی چەند رۆژ لەسەریەک، یەکەکە لەژێر بۆردومانی بەردەوامی روسییەکاندا بوو، هاوەنێک دای لەو خەندەقەی سێرهی و دوو سەربازی دیکەی تێدابوو، بەهۆیەوە برینداربوون.
“هەموومان برینداربووین، هەردوو قاچی من برینداربوون، هەرزوو دەستم لێدان بۆئەوەی بزانم بە لاشەمەوە ماون یاخود نا،” سێرهی وای گوت.
قاچ و چەناگەی دوو سەربازەکەی دیکەش برینداربوون، یەکێکیان ئەوەندە شۆک بوو بوو داوایکرد خۆی بکوژێت، بۆیە چەکەکەیان لێوەگرت، کاتێکیش تیمی رزگارکردنی گەیشتن، سێرهی داوایکرد سەرەتا هاوڕێکانی رزگاربکەن و ئەو بهێڵنەوە بۆ هەلێکی تر.
بەڵام ئەو هەلە هەرگیز نەهات، هەرکاتێک هەوڵیان دەدا بچن سێرهی رزگاربکەن، روسەکانی بۆردومانی سەختی تیمەکەیان دەکرد و ناچاردەبوون بگەڕێنەوە، دواجار نەیانتوانی بگەن بە سێرهی.
لە ماوەی دوو هەفتەدا، چەند هەوڵێک درا بۆ رزگارکردنی سێرهی، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، تەنانەت چەند کەسێکیش لەو پێناوەدا گیانیان لەدەستدا.
ئەو گوتیشی، “ئێمە بە بەردەوامی لەژێر بۆردومان و تەقەی دوژمندا بووین، دیاربوو ئەوان بەدوای خاڵی لاوازی ئێمەدا دەگەڕان”.
ئێستا سێرهی لە خەندەقەکەیدا گیریخواردووە، فەرماندەکەی هەوڵی دا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەندێک کەلوپەلی پێویستی وەک ئاو، ئازارشکێن و چوکلێت و تەنانەت جگەرەشی پێ بگەیەنێت.
“ئاوەکە گەورەترین کێشەبوو، چونکە قورس بوو، فڕۆکە بێفڕۆکەوانە نەیدەتوانی بە باشی هەڵیبگرێت، زۆرجار بوتڵە ئاوەکان دەکەوتن و نەدەگەیشت، هەندێکجار دەشکان و ئاوەکەی دەڕژا، سوپاس بۆ هەموو دڵۆپێک ئاو کە لە بنی بوتڵەکاندا دەمایەوە،” سێرهی وای گێڕایەوە.
خۆڕادەستکردن
بۆ ماوەی سێ رۆژ، سێرهی لەناو چاڵەکەیدا مایەوە لەکاتێکدا چواردەوری بە دوژمن درابوو، هەموو کاتژمێرێک سەربازانی روسیا نزیکتر و نزیکتر دەبوونەوە، ئەو دەیتوانی گوێی لە دەنگیان بێ، تەنانەت ئاگاداری پلانەکانیشیان بێت!
کاتێک ئیتر دڵنیابوو لەوەی رزگاری نابێت، سێرهی لەڕێگەی بێتەلەکەی پشتییەوە پەیوەندی بە فەرماندەکەیەوە کرد و بە دەنگێکی نزم داوای کرد شوێنەکەی تۆپباران بکەن.
تۆپهاوێژەکانی ئۆکراین چەند جارێک تۆپبارانی شوێنەکەیان کرد، بەڵام سەربازانی روسی تادەهات نزیکدەبوونەوە لە خەندەقەکەی سێرهی.
ئەو دەڵێت، “چواردەورم هەمووی دوژمن بوو، هەرجارێک دووردەکەوتنەوە و نەیاندەتوانی گوێیان لێمبێت، بە بێتەلەکەی پشتم پەیوەندیم بە فەرماندەکەمەوە دەکرد و ئەوانیش تۆپبارانی شوێنەکەیان دەکردەوە.”
کاتێک سەربازانی روسی دەهاتنەسەرەوە بۆناو خەندەقەکەی سێرهی، ئیتر ئەو زانی کە ئەوە دوا ساتەکانیەتی، سەربازێکی روسی لە سێرهی پرسی لەکوێ بووە، ئەمیش بە روسی پێی گوتووە کە برینداربووە و پێویستی بە ئاوە، وادیارە سەربازە روسییەکە نەیزانیوە کە سێرهی ئۆکرانییە، بەبێ ئەوەی ئاویشی بداتێ رۆشتووە و بەجێیهێڵاوە.
سێرهی بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت، “ئێستاش باوەڕ ناکەم بۆچی ئەو سەربازە روسییە نەیزانی کە سەربازی ئۆکرانیم، من جلوبەرگی سەربازانی ئۆکرانیم لەبەربوو، راستە جلەکانم قوڕاوی بوو بوون، بەڵام خۆ پێڵاوەکانم دیاربوو کە ئۆکرانییە!”.
کاتێکیش هەموو هەوڵەکان بۆ رزگارکردنی شکستیانهێنا، فەرماندەکەی بە ناچاری داوایلێکرد بە سنگەخشێ خۆی دەربازبکات و بەردەوام نزا بکات، چونکە چارەسەری دیکە نییە.
“بۆیە ناچاربووم بە سنگەخشێ خۆم دەربازبکەم لەو خەندەقەی کە روسییەکانی تێدایە، بێتەلەکەم بەستبوو بە ئەژنۆی چەپمەوە و دەستمکرد بە رۆشتن بە سنگەخشێ، کەوتم بەسەر وایەرێک کە نارنجۆکێکی پێوە بەسترابوو، من گوێم لە فەرماندەکەم بوو، بەڵام نەمدەتوانی پەیوەندی پێوە بکەم، پاتری بێتەلەکەش لە تەواوبووندابوو، بۆیە ئەو زوو زوو هاواری دەکرد کە پێویستە بەردەوام بم لە سنگەخشێ، دواجار گەیشتمە خاڵی سەربازی ئۆکرانییەکان!،” سێرهی وای گوت.
ئێستا ماوەی دوو هەفتەیە سێرهی لەسەر تەختێکی نەرم و گەرمی نەخۆشخانەیەکە، بەردەوام ئەوەی لەبیرناچێت چۆن دڵۆپ دڵۆپ ئاوی باراناوی ناو خەندەقەکەی دەخواردەوە!