بڕیارە بەهارى ئەمساڵ کە دێتەوە, خەڵاتێکى ئەدەبى بە بەختیار عەلى نوسەرى کورد ببەخشرێت.
پێش چەند ڕۆژێک لاپەڕەى ڕەسمیی بەختیار عەلى لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی فەیسبوک بڵاویکردەوە کە بڕیارە خەڵاتى “هێڵدا دۆمین” ببەخشرێت بە نوسەر. ئەم خەڵاتە، بەناوى ژنە شاعیرى ئەڵمانییەوەیە کە لە ساڵى ١٩٩٢ـەوەوە دەدرێت بەو نوسەرانەى وا بە زمانى ئەڵمانى دەنوسن. دیارە بەختیار عەلى، نوسەرى کورد بەهۆى وەرگێڕانى ڕۆمانەکانیەوە بۆ زمانى ئەڵمانى ئەم خەڵاتەى پێ دەدرێت. نوسەر لە پەڕەى خۆى دەنوسێت: «خەڵاتی هێڵدا دۆمین یەکێکە لەو خەڵاتانەی چەقی قورسایی لەسەر بابەتی تاراوگە و ئاوارەبوونە، واتە پتر بۆ ئەو نوسەرانەیە ئەزموونی تاراوگەیان هەیە یاخود بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندییان بەو ئەزموونەوە هەیە». بەڵام هاوشان بەم هۆکارە گشتییە، هۆکارێکى تایبەتیش هەیە کە لیژنەکە نوسەرێک بۆ خەڵاتەکە هەڵدەبژێرن. لەم ڕووەوە، هۆکارى تایبەتى بەخشینى خەڵاتەکە بە نوسەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە «لە جیهانێکی پڕ قەیران و جەنگدا، ئەدەبی بەختیار عەلی دەلالەتێکی مرۆڤدۆستیمان دەنێتە بەردەست. هەم کارەکانی و هەم ژیاننامەی خۆی گەلێک بە کاریگەرییەکانی جەنگ لە کوردستانی عێراق ڕەنگڕێژن». سەبارەت بەوەشى ئەم ژنە شاعیرە کێیە وا خەڵاتەکەى بەناوەوە دەبەخشرێت هاتووە: « هیلدا دۆمین لە ساڵی 1909 لە کۆلن لەدایکبووە، یەکێکە لە بەرجەستەترین شاعیرانی سەدەی بیست لە زمانی ئەڵمانیدا، لەدوای مردنی خەڵاتەکە کرا بە ناوی ئەوەوە. لە سەردەمی جەنگدا ماوەیەکی درێژ لە تاراوگە ژیاوە، تاراوگەبوون شوێنێکی گرنگی لە ژیان و ئەدەبیاتیدا هەیە. بەوەدا خۆی ئەزموونی تاراوگەبوونی هەبووە، هەروەها نیشتەجێی شاری هایدلبێرگیش بووە، ڕۆڵێکی گرنگی بینیوە چەقی قورسایی ئەم خەڵاتە بکەوێتە سەر بابەتی تاراوگە و مەنفا. هێلدا دۆمین ژمارەیەکی زۆر خەڵاتی وەرگرتووە».
گەرچى بەهارى ساڵى داهاتوو، مەراسیمى بەخشینى خەڵاتەکە بەڕێوەدەچێت، بەڵام هەواڵەکە کۆمەڵێک کاردانەوەى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فەزاى ڕۆشنبیرییدا بەدواى خۆیدا هێنا. کۆمەڵێک تەمومژ لەسەر خەڵاتەکە و قەبارەى خەڵاتەکە درووستکرا، تا ئەوەى نوسەر لە پەڕەى خۆى لە فەیسبوک کۆمەڵێک زانیارى و ڕوونکردنەوەى لەبارەى خەڵاتەکەوە بڵاوکردەوە. بەشێک لە خوێنەران پێیانوایە بەختیار عەلى لە بوارى ئەدەبیاتدا خۆى سەلماندووە و پێویستى بە خەڵات نیە و “لە خەڵات گەورەترە”. بۆیە قەبارەکەى هەرچى بێت، گرنگ نیە. بەشێکى تر لە ڕەخنەگران پێیانوایە خەڵاتەکە لەو ئاستەدا نیە کە هەندێک میدیاى ڕەسمى و ناڕەسمى بڵاویانکردەوە.
بۆیە لە پەراوێزى ئەم خەڵاتەدا، دیسان دوو بۆچوونى تر لە فەزاى ڕۆشنبیرییدا بەرچاودەکەوێت:
یەکەم، لاوازى و هەژاریی فەزاى ڕەخنەی ئەدەبى لە کوردستان وایکردووە کە ڕاى خەڵک زۆر جێگیر و ڕوون نەبێت لەسەر دیاردە ئەدەبى و هونەرى و هزرییەکان. بانگەشەیەکى پێچەوانە، دەتوانێت ڕاى کۆمەڵێک خەڵک بگۆڕێت. لەبنەڕەتیشدا، ئەم کەشە وایکردووە قەبارەى نوسەرەکان و دەقەکانیان دیسان زۆر ڕوون نەبێت، تا ئەوەى لە کەلتورەکانى دەرەوەى وڵات خەڵات دەکرێن.
دووەم، ئەم خەڵاتە، سەرەتایەکە بۆ ئەوەى نوسەرانى کورد لە داهاتوودا هەوڵى داهێنان و بەرزەفڕى بدەن و بیر لە وەرگێڕانى بەرهەمە ئەدەبییەکانیان بکرێتەوە. واتە ئەم دەرفەتە، دەروازەیەکە بۆ قەڵەمى تر.
شیاوى بیرخستنەوەیە کە کەلتورى ئەڵمانى، کەلتورێکە گرنگییەکى تایبەت بە فەلسەفە و ئەدەبیات دەدات و لەو ڕووەوە خۆیشى مێژوویەکى دەوڵەمەندى هەیە. ئەڵمانیا خاوەنى ئەدیبەکانى وەک گۆتە و هاینریش هاینە و نۆڤالیس و گۆنتەرگراس و زۆرێکى ترە، لە فەلسەفەشدا خاوەنى کانت و هیگڵ و نیچە و مارکس و زۆرێکى ترە. نەریتى خەڵاتکردنى نوسەران، نەریتێکى دیارە لە کەلتورى ئەڵمانییدا.