زووم، فاینەنشیەڵ تایمز
رۆژنامەى فاینەنشیەڵ تایمزی بەریتانی بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل سەرقاڵى داڕشتنی پلانێکە بۆ ئەوەی چەند هەڵمەتێکی سەربازیی لە دژی بزوتنەوەى حەماس رابگەیەنێت، کە رەنگە ساڵێک یان زیاتر بخایەنێت، لە سەرەتاى ساڵى داهاتووەوە هێرشەکانى چڕ دەکاتەوە.
بەگوێرەى راپۆرتەکە هەڵمەتەکە بە چەند پلانێکی ستراتیژی کە ئەو سوپایەی ئیسرائیل ئەنجامی دەدات، کە ئێستا لە باکوری نێو غەزەدان و دواتریش هێرشەکان بۆ سەر باشوری غەزە چڕدەکاتەوە.
رۆژنامەکە لە زارى چەند سەرچاوەیەکییەوە دەڵێت، ئامانجی سەرەکی ئۆپراسیۆنە درێژخایەنەکەی ئیسرائیل “کوشتنی یەحیا سینوار، محەمەد دەیف و مەروان عیسایە، کە سێ سەرکردەى باڵاى بزوتنەوەکەن. سەرەڕای ئەوەش دەیانەوێت سەرکەوتنێکی سەربازیی یەکلاکەرەوە بەسەر 24 بەتالیۆنەکانی حەماسدا مسۆگەر بکەن و تونێڵەکان و تواناکانی دەسەڵاتداری حەماس لە غەزەدا لەناوببەن.
یەکێک لەو سەرچاوە ئیسرائیلییانەی بۆ رۆژنامەکە قسەى کردووە، دەڵێت، “ئەمە شەڕێکی زۆر دورودرێژ دەبێت، هێشتا ێمە نیوەی ئامانجەکانمان بەدینەهێناون”.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشداوە، ستراتیژییەتی ئیسرائیل بۆ غەزە پەیوەستە بە چەندین پرسی دیکەوە، لەوانەش؛ هێرشی زەمینی، فشارە نێودەوڵەتییەکان و دەرفەتەکانی ئازادکرنی بارمتەکانی لای حەماس.
دوێنی هەینیی کۆتایی بەو ئاگربەستە هات، کە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆماوەی یەک هەفتە بەردەوامبوو، لەگەڵ کۆتاییهاتنیدا ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر غەزە دەستپێکردەوە و تەنها دوێنێ لانیکەم 190 کەس لە غەزە کوژران، ئەم ئاوارە ئاژانسی هەواڵى فەڵەستین بڵاویکردووەتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، بەوپێیەی ئیسرائیل دەڵێت، ئامانجی هێرشەکانی لەناوبردنی حەماسە، شەڕی ئەمجارە دورودرێژ دەبێت و دەکەوێتە ساڵی تازەوە. دوای ئەوەش شەڕەکە دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە و دۆخەکە “سەقامگیر” دەبێت، لە کۆتایی ساڵى داهاتوودا چڕی هێزە سەربازییەکان کەمدەبێتەوە. بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن، تاوەکو ئێستاش نازانن ئەم دۆخە لە چ ناوچەیەکی غەزەدا روودەدات.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشداوە، شەڕ و ئۆپراسیۆنەکانی ئەمجارە هاوشێوەی ئەوانەی پێشوو نابێت بە “فیکە”ـی ناوبژیوانێک کۆتایی بێت.
بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل بە رۆژنامەکەی گوتووە، “زیانی زۆریان بە 10 بەتالیۆن لە کۆی 24 بەتالیۆنەکەی حەماس گەیاندووە، 50 فەماندەی پلە مامناوەند و بە خەمڵێنراوی پێنج هەزار چەکداری حەماسیان کوشتووە”.
بەگوێرەى رۆژنامەکە، هەرچەندە ئێستا سوپای ئیسرائیل هێرشەکانی لە باکوری غەزە چڕکردووەتەوە، جارجاریش هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر باشوری ناوچەکە و پێشبینیش دەکرێت بەمنزیکانە هێرشی زەمینی بۆسەر باشوری غەزە دەستپێبکات، چونکە بەپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، زۆرینەی سەرکردایەتی حەماس، سەربازەکانی، موشەک و جبەخانەکانی، تەنانەی زۆرینەی بارمتەکانیش کە لە هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەردا دەستگیریکردن، لە باشوری کەرتی غەزەدان.
بەرپرسانی ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا هۆشدارییان بە ئیسرائیل داوە، هێرشەکانی بۆ سەر باشور جیاوازبێت، بەشێوەیەک ئەولەویەتی پاراستنی هاوڵاتییانی مەدەنی بێت و رێگەش بە زیادکردنی هاوکارییەکان بۆ نێو غەزە بدات.
سەرچاوەیەک گوتوویەتى، واشنتن داوای لە ئیسرائیل کردووە جێپێی سوپای ئیسرائیل لە باشوردا بچوکتر بێت و قوربانی کەمتری لێبکەوێتەوە.
ئەو دەشڵێت، ئەمریکا داوای لە ئیسرائیل کردووە پلانێکی مرۆیی روونی هەبێت و ئامادەکاریی بۆ رۆیشتنی هاوڵاتییانی مەدەنی بکات، بۆ ئەوەی لە هێرشەکاندا زیانیان پێنەگات. لەبەرامبەر ئەوەشدا بەرپرسانی ئیسرائیل دانیان بەوەدا ناوە دەبێت رێوشوێنى هێرشەکانیان بگۆڕن و هەمان ئۆپرسیۆنی هاوشێوەی باکوری غەزە لە باشوری کەرتەکەدا ئەنجام نادەن.